رووداو-هەولێر
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین دەڵێت، بەهۆی کێشەیەکی کۆمەڵایەتییەوە، باوکێک کچەکەی بە دەستڕێژی گولـلە کوشتووە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2024، دەروو قادر، گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە ئێوارەی ئەمڕۆ یەکشەممە لە گوندی کفرەدۆڵیی قەزای حاجیاوە بووە و باوکێک کچێکی خۆی کوشتووە.
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتی، "بەپێی گوتەی شاهێدحاڵەکان، دوای گەڕانەوەی تاوانلێکراو بۆ ماڵی باوکی و دروستبوونی دەمەقاڵێ لەگەڵ باوکی، لە ئەنجامدا باوکی بە دەستڕێژی گولـلە کوشتوویەتی."
ئەو کەسەی کچەکەی خۆی کوشتووە ناوی (ف، أ، ح)، لە دایکبووی ساڵی 1967ـە و دانیشتووی قەزای حاجیاوایە.
بە گوتەی دەروو قادر، "نزیک کاژێر 03:30ی ئێوارەی ئەمڕۆ تەرمی ئەو ئافرەتە گەیێندرایە نەخۆشخانەی گشتیی رانیە کە شوێنەواری فیشەک بە جەستەیەوە دیاربوو، دوای پشکنینی توێکاری لە پزیشکی دادوەریی رانیە، تەرمەکەی رادەستی کەسوکاری کرایەوە."
گوتەبێژی پۆلیسی راپەڕین گوتیشی، "تۆمەتبار لەلایەن هێزەکانمان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک و بنکەی پۆلیسی حاجیاوا بە هاوکاریی ئاسایشی حاجیاوا دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ رووداوەکە کراوەتە، دەست بەسەر چەکی بەکارهاتووشدا گیراوە."
ئەو ژنەی کوژراوە ناوی (ش،ف، أ)ـە، لەدایکبووی 1998ـە، ژیانی هاوژینی پێکهێناوە و ژنی ماڵەوە بوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ