رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەڵێت، هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون و بەزووترین کات کارمەندانی سەر سندووق پاداشتە داراییەکانیان وەردەگرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 08ـی کانوونی یەکەمی 2024، نەبەرد عومەر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "هەموو ئامادەکارییەکان تەواو بوون، تەنیا ماوە پارەکان لە بانکی عێراقەوە بگوازرێتەوە بۆ بانکەکانی هەرێمی کوردستان."
بەرپرسی دەستەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق گوتی، "بەزووترین کات لە هەفتەی داهاتوو کاتی دابەشکردنی شایستە داراییەکانیان رادەگەیێنین."
زیاتر لە 41 هەزار کارمەند بۆ بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەنگدان تۆمارکران، کە فەرمانبەر و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگەکان بوون.
بە گوتەی نەبەرد عومەر، "بۆ هەر کارمەندێکی ئاسایی ناوەند و بنکەکان کە فەرمانبەر بێت، 150 هەزار دینارە؛ ئەو کارمەندانەش کە فەرمانبەر نین 250 هەزار دیناریان پێدەدرێت."
دەنگدانی تایبەت رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم و دەنگدانی گشتیش رۆژی 20ـی هەمان مانگ بەڕێوەچوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ