زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کرانە سەر هەولێر

09-12-2023
بژار زوبێر @BBashqaly
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کە هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە نزیکی جێگیرکراون، شەوی هەینی رووبەڕووی زنجیرەیەک هێرشی درۆنی بووەوە.
 
مستەفا گۆران، پەیامنێری رووداو، بەرەبەیانی رۆژی شەممە، لە زاری سەرچاوەیەکی تایبەتەوە گوتی، درەنگانی شەوی هەینی، چوار درۆن بە دووریی کەمتر لە 500 مەتر لە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون لە گەڕەکی سێبیران کەوتنە خوارەوە و درۆنێکیش لە لایەن سیستمی بەرگریی هاوپەیمانانەوە خرایە خوارەوە.
 
مستەفا گۆران گوتی، "کاژێر 11:10ـی شەوی هەینی، هەولێر بە پێنج درۆن کرایە ئامانج و خەڵکی کۆمەڵگەی سێ بیران هەستیان بە دەنگی کەوتنەخوارەوەی درۆنەکان کرد و بەشێکیان بە رووداویان راگەیاند، دەرگا و پەنجەرەکانیان بەهۆی دەنگی تەقینەوەکانەوە لەریونەتەوە."
 
دامودەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان تاوەکو ساتی ئامادەکردنی ئەم هەواڵە هیچ لێدوانێکیان لە بارەی ئەو درۆنانەوە نەبووە.
 
دوای خۆرائاوابوونی هەمان رۆژ، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو خۆی بە باڵەخانەیەکی نزیک لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێردا کێشابوو و تەقییەوە. بە گوێرەی دەزگە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان، رووداوەکە جگە لە زیانی مادیی، زیانی دیکەی نەبووە.
 
واتە چوار هێرش لە یەک رۆژدا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامدران، لە کاتێکدا لە دوای دەستپێکردنی جەنگی نێوان حەماس و ئیسرائیل لە 7ی تشرینی یەکەمەوە، بەرژەوەندی و هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە کەوتوونەتە بەر زنجیرەیەک هێرش.
 
دژە تیرۆری کوردستان رایگەیاند، رۆژی هەینی، 8ی کانوونی یەکەمی 2023، "کاژێر 18:05، درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە شاری هەولێر خۆی بە باڵەخانەیەکی مەدەنیدا کێشا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە".
 
ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستانیش دواتر لە راگەیێندراوێکدا پشتڕاستیکردەوە درۆنێک بەر "باڵەخانەیەکی نیشتەجێبوون کەوتووە".
 
ئەنجوومەنەکە دەڵێت، "وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەم هێرشە لە دژی هاووڵاتییانی کوردستان، حکومەتی فیدراڵیی عێراق بە بەرپرسیار دەزانین لە راگرتنی ئەم هەوڵانەی گرووپە لەیاسادەرچووەکان".
 
دڵنیا رەحمان، پەیامنێری تۆڕی میدیایی رووداو ئێوارەی رۆژی هەینی، چووە نزیک شوێنی رووداوەکە و گوتی، "باڵەخانەکە بۆ نیشتەجێبوون دروستدەکرێت و جارێ تەواو نەبووە؛ لە کاتی هێرشەکەشدا هیچ کرێکارێک کاری تێدا نەکردووە و چۆڵ بووە".
 
بە گوێرەی زانیارییەکانی رووداو، ئامانجی درۆنە بۆمبڕێژکراوەکە بنکەیەکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش بووە لە نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەڵام لە پێکانی ئامانجەکەی شکستیهێناوە و بۆسەر باڵەخانەکە کەوتووەتە خوارەوە. 
 
 
هێزە شيعەکان هێرشەکان "رەتدەکنەوە"
 
هەر لەو رۆژەدا، باڵیۆزخانەی ئەمریکا و بارەگای فەرمانگەی ئاساییشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا بە مووشەک کرانە ئامانج. هیچ یەک لە هێرشەکان زیانی گیانییان نەبوو.
 
هێزە شيعەکانی لایەنگری ئێران کە چوارچێوەی هاوئاهەنگی پێکدێنن، رۆژی هەینی رایانگەیاند، هێرشی سەر نێردە دیپلۆماسییەکانی عێراق رەتدەکەنەوە و "پشتیوانیی تەواوی" خۆیان بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکەی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق نیشان دەدەن.
 
نووسینگەی راگەیاندنی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند، لەسەر داوای محەممەد شياع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، هاوپەیمانییە شيعەکە "کۆبوونەوەیەکی بەپەلە"ی ئەنجامداوە.
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "جەختی لە رەتکردنەوەی ئەو دەستدرێژییە تیرۆریستیانە کرد کە ئاساییش و سەروەریی وڵات دەکەنە ئامانج، بە هەر جۆرێک بن، ئامانجەکانیان هەر کێ بن و هەر مەبەستێکیان لە پشتەوە بێت."
 
هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، چوارچێوەی هاوئاهەنگی "پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ حکومەت و داواکارییەکانی پیشاندا بۆ ئاشکراکردنی هەموو وردەکارییەکانی رووداوی گومانلێکراوی" هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا.
 
"تاوانی تیرۆریستی"
 
دوای ئەوە، نووسینگەی سوودانی لە راگەیێندراوێکدا باسی لەوە کرد کە وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، سوودانی کۆبوونەوەیەکی ئەمنی لەگەڵ بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی عێراق کردووە بۆ تاوتوێکردنی هێرشی سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە بەغدا و ئەو زیانەشی کە بە "ئاساییشی نیشتمانی، سەقامگیریی وڵات و پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی عێراق گەیاندووە".
 
راگەیێندراوەکە دەڵێت، "محەممەد شياع سوودانی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق جەخت دەکاتەوە کە هەر دەستدرێژییەک بۆ سەر هەر نێردەیەکی بیانی یان بارەگەیەکی دیپلۆماسی، تاوانی تیرۆریستییە و ئەنجامدەرانی رووبەڕووی تووندترین سزا دەکرێنەوە".
 
سوودانی هەروەها جەخت لە "پابەندبوونی بەردەوامی حکومەت بە پاراستنی هەموو نێردە دیپلۆماسییەکان لە عێراق" دەکاتەوە و "هەرگیز درێخی لە بەرهەڵستیکردنی ئەو یاساشكێنانە ناکەین کە ئاساییشی عێراق دەخەنە مەترسییەوە و ناویشی لە دەرەوە دەزڕێنن".
 
 رۆژی هەینی، باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عێراق رایگەیاند، کاژێر 4:15ـی هەمان رۆژ بە دوو مووشەک هێرش کراوەتە سەر نێردەکە، بێ ئەوەی باسی هیچ زیانێک بکات.
 
گوتەبێژی باڵیۆزخانەکە بەرپرسیارێتیی هێرشەکەی خستە ئەستۆی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران و داوای لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق کرد، لێکۆڵینەوە بکات.
 
چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەیاندا لەگەڵ سەرۆکوەزیران، پابەندبوونی بەردەوامی خۆیان بە پاراستنی ئاساییشی نێردە دیپلۆماسییەکان دووپاتکردەوە و روونیانکردەوە کە عێراق هەموو پابەندییە نێودەوڵەتییەکانی لەم بارەیەوە جێبەجێدەکات.
 
 
37 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان و عێراق و 41 بۆسەر رۆژئاوای کوردستان و سووریا
 
شەوی پێنجشەممە، سابرینا سینگ، جێگری گوتەبێژی پێنتاگۆن گوتی، لە 17ی تشرینی یەکەمەوە 78 هێرش بە درۆن و مووشەک کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ 37یان لە عێراق و 41یان لە سووریا، کە بە هۆیانەوە زیاتر لە 60 سەرباز و راوێژکاری ئەمریکی بە سووکی بریندار بوون؛ هەروەها بەڵێندەرێکی ئەمریکی لە بنکەی ئاسمانیی عەین ئەسەد لە پارێزگەی ئەنباری رۆژئاوای عێراق، بە جەڵتەی دڵ گیانی لەدەستدا.
 
رۆژی 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری ئەو گرووپەی کوشت کە خۆی بە "مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق" ناودەبات.
 
لەو کاتەوەی لە 7ی تشرینی یەکەمی 2023، جەنگ لەنێوان حەماس و ئیسرائیلدا لە کەرتی غەززە دەستیپێکردووە، شەپۆلێک لە گرژی ناوچەکەی گرتووەتەوە، لەنێویاندا هێرشی گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر هێزەکانی ئەمریکا؛ هەروەها هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی حووسییەکانی یەمەن بۆ سەر ئیسرائیل و کەشتییە بازرگانییەکانی دەریای سوور کە پێیانوایە پەیوەندییان بە ئیسرائیلەوە هەیە.
 
گرووپی مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق بەرپرسیارێتیی خۆی لە زۆربەی ئەو هێرشانە دەربڕیوە، کە کراونەتە سەر هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەرێمی کوردستان، سووریا و رۆژئاوای کوردستان.
 
لە بەرامبەر ئەوەدا، بە گوێرەی جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا، هێزی ئاسمانیی وڵاتەکەی سێ جار لە سووریا و جارێک لە عێراق هێرشی کردووەتە سەر ئەو پێگەیانەی کە پێیانوایە سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری تارانن.
 
لەوانەش لە 3ی کانوونی یەکەم، ئەمریکا بە درۆن هێرشی کردە سەر پێگەیەکی هەڵدانی درۆنی بۆمبڕێژکراو و لە ئەنجامدا پێنج چەکداری مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق کوشت. 
 
ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، دوو هەزار و 500 راوێژکاری سەربازی لە عێراق و نزیکەی 900 سەربازی لە رۆژئاوای کوردستان و سووریا جێگیرکردووە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی لووتکەچیای هەڵگورد لە 30-12-2022ـی. چیای هەڵگورد بەشێکە لە زنجیرە چیاکانی زاگرۆس، وێنە: مەهدی فەرەج - رووداو

زانکۆی کوردستان: چیاکانی زاگرۆس کاریگەریی گۆڕانی کەشوهەوایان لەسەرە

جێگری سەرۆکی زانکۆی کوردستان-هەولێر دەڵێت، تاوەکو ئێستا هیچ توێژینەوەیەکی رەسەن لەسەر چیاکانی زاگرۆس نەکراوە، گوتیشی، ''لە کۆپ29 داوامان لە چەند زانکۆی نێودەوڵەتی کردووە، سەردانی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی توێژینەوە لەسەر چیاکانی زاگرۆس بکەن.''