رووداو بەڵگەفیلمی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە"ـی بڵاوکردەوە

08-11-2023
پەیام سەربەست
پەیام سەربەست @paya_m_
بەڵگەفیلمی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە"
بەڵگەفیلمی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە"
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

تۆڕی میدیایی رووداو بەڵگەفیلم و کتێبی "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوە" بڵاوکردەوە. باس لە چیرۆکی ژیانی خۆشناوەکانی باشووری ئەفریقا دەکات، کتێبەکەش لە 190 لاپەڕە پێکهاتووە و بە وردی باسی ئەبوبەکری کوردی و خۆشناوەکانی ئەفریقا دەکات و چەند بەڵگەنامەیەکیش لەبارەیانەوە لەخۆ دەگرێت.
 
بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو لە رێوڕەسمی پێشاندانی بەڵگەفیلمەکەدا رایگەیاند، کارەکانی مەلا ئەبوبەکر ئەفەندی، "شایەتییەکی دیکەیە بۆ زانایی مەلاکانی کوردستان و بۆ بیری راستەقینە و رەسەنی کورد و مەلاکانی کوردستان کە هەستی زانست پەروەری و بیری بڵاوکردنەوەی خوێندەواری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بووە."
 
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو، خەڵکی گوندی سیساوەی سەر بە قەزای هەریرە، 18 ساڵی کۆتایی تەمەنی لە شاری کەیپ تاونی ئەفریقای باشوور بەسەر بردووە، هەر لەوێش کۆچی دوایی کردووە، ئێستا زیاتر لە 2000 نەوەی ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لە شاری کەیپ تاون ماون و بە خۆشناوەکانی ئەفریقا ناودەبرێن. یەکێک لە نەوەکانی ئەو زانا کوردە دەڵێت، "ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لەگەڵ چوونی بۆ کەیپ تاون، توانیویەتی رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی خوێندەواری و زانستدا بگێڕێت و لەو ماوەیەدا هەشت کتێبی ئایینیی نووسیوە و مێدالیای سوڵتان عەبدولعەزیزی بەدەستهێناوە."
 
رووداو ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 07-11-2023، میوانداری دەیان کەسایەتیی ئایینی و عەشیرەتەکانی کرد، هەمووانی لە هۆڵی ئێمپایەر سینەما کۆکردەوە بۆ ئەوەی لە رێگەی نمایشکردنی بەڵگەفیلمێکەوە ئاشنایان بکات بە ژیانی چەندین کورد لە عەشیرەتی خۆشناو، بەڵام کیشوەرێک دوور لە خاکی کوردستان لە ئەفریقا، ناوی ئەم بەڵگەفیلمە "ئەستێرەی کوردستان بە ئاسمانی کەیپ تاونەوەیە." خاوەنی بیرۆکەی کارەکە، ئاکۆ محەممەد بەڕێوەبەری گشتیی تۆڕی میدیایی رووداو بووە، 
سیروان رەحیمی دەرهێنەر، لەگەڵ ستافێکی سێ کەسی ماوەی ساڵێک خەریکی ئەم کارە بوونە.
 
سیروان رەحیم، دەرهێنەری بەڵگەفیلمەکە دەڵێت، "ئەمڕۆ لە کوردستان لە هۆڵێکی ئاوادا بەتایبەت بەڵگە فیلمێک لەسەر ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو بۆ من هەم واتایەکی گرنگی هەیە هەم چێژێکی یەکجار خۆشی پێبەخشیم بۆ زۆر کەس جێی سەرسوڕمانە چۆن دەکرێت کوردی خۆشناو لە ئەفریقیا بژین."
 
لە بەڵگە فیلمەکەی رووداو باسی ئەبووبەکر ئەفەندی خۆشناو کراوە کە زانایەکی ئیسلامی کورد و خەڵکی سیساوە بووە، 163 ساڵ بەر لە ئێستا لەلایەن خەلافەتی عوسمانی بە ئەرکی ئایینی نێردراوە بۆ کەیپ تاون پایتەختی ئەفریقای باشوور لە سەرزەمینی بە کۆیلەکردنی مرۆڤ.
 
محەمەد زۆبری، یەکێکە لە نەوەکانی مەلا ئەبووبەکر ئەفەندی خۆشناو، دەڵێت، "دۆکیۆمێنتارییەکە زۆر باشبوو و زۆر دڵخۆشبووم کە ئەم کارە کراوە، ئەو بەڵگەفیلمە یارمەتی دۆزی کورد دەدات وە بۆ خێزانەکەی ئێمەش ئەوانەی کە مێژووی خۆیان لەبیر کردووە یارمەتییان دەدات بە بیریانبێتەوە و ئەو بەڵگەفیلمە دەبێتە مایەی هوشیاری نەک تەنیا بۆ کوردەکانی کوردستان تەنانەت بۆ نەتەوەکانی دیکەش کە پێویستە ئازادی بدەن بە کوردان و دان بە مافەکانییان بنێن."
 
نەوزاد ئەنوەر بەگ، سەرۆکی یەک لە تیرەکانی عەشیرەتی خۆشناو بە رووداوی گوت، "ئێمە لەمەودوا زیاتر پەیوەندییان لەگەڵ دەکەین لەوانەیە بڕۆین سەردانیان بکەین و ئەوانیش سەرمان لێنابڕن ئەوان چیان پێویست بێت ئێمە ئامادەین بۆیان بکەین."
 
جەلال خەیلانی، جێگری سەرۆکی یەکێتیی زانایانی کوردستان، رایگەیاند، "بەڕاستی من خۆم ناویشم نەبیستبوو تازە زانیومە کە ئەوە چ زانایەکە و چ خزمەتێکی کردووە."
 
ئەبوبەکر ئەفەندی خۆشناو لەگەڵ چوونی بۆ کەیپ تاون، توانیویەتی رۆڵێکی گرنگ لە پرۆسەی خوێندەواری و زانستدا بگێڕێت و لەو ماوەیەدا هەشت کتێبی ئایینیی نووسیوە یەکەم کەس بووە کە قوتابخانەی بۆ کچان کردووەتەوە و هاوژینەکانی کردووە بە مامۆستای قوتابخانەکە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە