رووداو - هەولێر
ئاژانسی فەرمی تورکیا رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی تورکیا - میت، "سێ بەرپرسی باڵای" پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکەی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.
ئاژانسی فەرمی تورکیا، ئەمڕۆ پێنجشەممە 8ی حوزەیرانی 2023 رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی تورکیا – میت لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە دەوروبەری سلێمانی - چەمچەماڵ سێ بەرپرسی باڵای پەکەکەی بە ناوەکانی فەهمی ئۆغمەن، ناسراو بە سینان دژوار؛ محەممەد ساڵح چاکاڵ، ناسراو بە مەزڵووم کۆچەر و ئەحمەد محەممەد عەلی، ناسراو بە ئارارات تۆڵهەڵدان، کردووەتە ئامانج.
بەگوێرەی هەواڵەکە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا لە رێگەی ئەو تۆڕە هەواڵگرییە ناوخۆییەی دایمەزراندبوو، چاودێریی جموجۆڵی ئەو بەرپرسە باڵایانەی پەکەکەی کردووە و لە رێگەی سیخوڕە مەیدانییەکانیەوە ناوچەیەکی دەستنیشان کردووە، کە ئەندامانی رێکخراوەکە بە نهێنی بەکاریان دەهێنا.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی ئاژانسەکانی تورکیا بڵاویان کردووەتەوە، دەزگای هەواڵگریی تورکیا زۆرجار تیمەکەی لە ناوچەکەدا گۆڕیوە بۆ ئەوەی سەرنجی خەڵک رانەکێشێت. لەو چوارچێوەیەدا، هەندێکجار لە دەرەوەی تەکنیکە هەواڵگرییە ناسراوەکان، "تۆڕەکانی هەواڵگری" بە تەواوی بێ ئاگا لە یەکدی کەڵکیان لێوەرگیراوە و هەنگاو بە هەنگاو چاودێریی چالاکییەکانی فەهمی ئۆغمەن و تیمەکەی کراوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەش کردووە، گونجاوترین کات بۆ کردنە ئامانجی ئەو بەرپرسانەی پەکەکە دەستنیشان کراوە و ئۆپەراسیۆنەکە "بە سەرکەوتوویی" کراوە و هەریەک لە فەهمی ئۆغمەن، ناسراو بە سینان دژوار؛ محەممەد ساڵح چاکاڵ، ناسراو بە مەزڵووم کۆچەر و ئەحمەد محەممەد عەلی، ناسراو بە ئارارات تۆڵهەڵدان، کراونەتە ئامانج.
بەپێی زانیارییەکان، کە دەست رووداو کەوتوون، دوو لەو کەسانە چەند رۆژ لەمەوبەر لە نزیک گوندی گەڵاڵە لە شارباژێڕ کە ماتۆڕسواربوون کراونەتە ئامانج.
سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە رووداوی گوت، "لای ئێمە بە فەرمی یەک کوژراوی ئەو رووداوە تۆمار کراوە، بەڵام نازانین ناسنامەی کەسی دووەم کێیە، کە ئەمڕۆ میت بڵاوی کردووەتەوە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ