رووداو - چۆمان
شه‌ش ورچ له سنووری به‌فرینی زۆنی ناشناڵ پاركی هه‌ڵگۆرد - سه‌كران له دەڤەری باڵەكایەتی ئازادكران. ئازادكردنی ورچه‌كان كارێكی هاوبه‌شی ئه‌مه‌ریكا و باشووری كوردستان بوو و، رێكخراوی هاوكاریی كوردی - ئه‌مه‌ریكی له شوێنه جیاجیاكانی كوردستان كۆیان كردبوونەوە و بردرانه‌وه ژینگه و سرووشتی خۆیان.
خه‌ڵكێكی زۆر له مه‌راسیمی ئازادكردنی ورچەكان به‌شداربوون كه ئامانجەكەی گێڕانه‌وه‌ی هاوسه‌نگی ژینگه‌ییه. بڵند بریفكانی، سه‌رۆكی رێكخراوی كوردی - ئه‌مریكی بە رووداوی راگەیاند "ورچه‌كان له‌سه‌ر زبڵ و خاشاك بەخێودەكران یان له شوێنه جیاجیاكان بۆ ده‌ستكه‌وتنی بڕێك پاره سه‌مایان پێده‌كرا. ئێمه هه‌ر چۆنێك بێت وه‌رمانگرتوون و هێناومانن بۆ ئه‌و ژینگه‌یه‌ی كه بۆی خوڵقاون. هێشتا خه‌ڵكانێكی دیكه هه‌ن كه گیانله‌به‌ری كێوییان لایه، ئه‌وانیش وه‌رده‌گرینه‌وه و ئازادیان ده‌كه‌ین".
ورچه‌كان له رێگا هیلاك و ماندووبوون، به‌ر له ئازادكردنیشیان تینوێتی و برسێتییان شكێنرا. ئه‌ڤین هاڵۆ، به‌رپرسی قوتابخانه‌ی نێوده‌وڵه‌تیی ئه‌مه‌ریكی بە رووداوی گوت "به‌ڕاستی ژینگه و سرووشتی ئێره سه‌رسوڕهێنه‌ره و ناوچه‌یه‌كی هه‌رە له‌باره بۆ ژیانی ئاژه‌ڵ و باڵنده‌ی كێوی. بۆیه ئه‌و ورچانهمان هێناونه‌ته ئێرە تاوەكو ئه‌و ژینگه و سرووشته جوانتربێت و په‌یامی ژینگه‌پارێزی به خه‌ڵك بده‌ین: گیانله‌به‌ره كێوییه‌كان شوێنی ئاوا ماڵیانه نه‌ك قه‌فه‌ز و زیندانی".
به‌ختیار به‌هجه‌ت، به‌رپرسی كارگێڕی ناشناڵ پاركی هه‌ڵگۆرد - سه‌كران بە رووداوی راگەیاند، ده‌بێت ناشناڵ پارك وێڕای هه‌مه‌جۆری رووهكەكانی، ئاژه‌ڵ و باڵنده كێوییەكانیشی هه‌مه‌چه‌شن بن، بەمشێوەیە رووی راسته‌قینه‌ی ناشناڵ پارك ده‌رده‌كه‌وێت. بوونی ئه‌و ئاژه‌ڵانه ته‌كانێكی دیكه‌ی جیهانی به‌و سنووره ده‌دات له‌ڕووی سرووشت و ژینگه‌ی پارێزراوه‌وه.
ورچ حه‌ز به گه‌رما ناكات و له ناوچه سارده‌كاندا ده‌ژیت، خۆراكی خۆیشی هه‌ر له ناوچه بهفهراوییەكان په‌یداده‌كات. هه‌رچه‌نده ژینگه و سرووشتی ئەم شەش ورچە سه‌خت و شاخاوییه، به‌ڵام به‌هۆی راوكردنه‌وه ده‌بێت چاودێری بكرێن.
ئه‌حمه‌د قادر، قائیمقامی چۆمان بە رووداوی گوت، پاراستنی ئاسایش و ئارامی ئه‌و ئاژه‌ڵانه لای ئێمه گرنگه و میكانزمێكمان داناوه كه هه‌ر كه‌سێك ئازاریان پێبگه‌یێنێت، راده‌ستی یاسا ده‌كرێت و ده‌بێت سه‌ربه‌ستانه له‌و ژینگه‌یه ژیانی خۆیان ده‌رباز بكه‌ن.
ورچ گیانله‌به‌رێكی گوانداره و له ئاسیا و ئه‌وروپا و ئه‌مه‌ریكا ده‌ژن، له بنه‌ماڵه‌ی ئێرسیدن و ئێستا هه‌شت جۆری سه‌ره‌كی ورچ له جیهاندا هه‌ن.
ناشناڵ پاركی هەڵگۆرد – سەكران، دامەزراوەیەكی سەربەخۆی نیشتمانی، ژینگەپارێزی، كولتووری، ئابووری، كۆمەڵایەتی و گەشتیارییە. ئەو پاركە دەكەوێتە سنووری قەزای چۆمان و بەدووری 160 كیلۆمەتر لە باكووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێر هەڵكەوتووە.
لە سەرەتای ساڵی 2004 ەوە وەكو بیرۆكە هاتەئاراوە و لەوەش بەدواوە كاری لەسەر دەكرێ. رۆژی 14ی ئەیلوولی 2010 بەپاڵپشتی و هاوكاری ئەنیستیتیوتی نەمسایی بۆ تەكنۆلۆژیای ژینگە و حكومەتی هەرێمی كوردستان، گرێبەستی جێبەجێكردنی واژۆكراوە. رووبەری ئەو پاركە 1100 كیلۆمەتر چوارگۆشەیە و دەكەوێتە سێگۆشەی باكوور، باشوور و رۆژهەڵاتی كوردستان.
پاركەكە ساڵی 2014 لەلایەن ماڵپەڕی CNN لە ریزبەندی 19-یەمین پاركە نیشتمانییە خۆشەكانی جیهان دانرا. پاركی نیشتمانی كە رووبەری فراوانی زەوی دەگرێتەوە و بە سرووشتی و بەبێ دەستكاری دەهێڵدرێتەوە، بۆ یەكەمجار لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا لە ساڵی 1872 دروستكرا و دواتر وڵاتانی دیكەی جیهانیش بە كوردستانیشەوە پاركی نیشتمانیان دروستكرد.
پێداچوونەوە: دەرباز ساڵح
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ