رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، وەزیری ناوخۆی عێراق پێی راگەیاندووە کە هێشتا دەستیان لە ناوی پێشکێشکارانی پاسەوانی سنوور نەداوە، بۆیە رەتیکردەوە کە گەندەڵی تێدا کرابێت.
رۆژی چوارشەممە، 08-03-2023، سەگڤان سندی، جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، هەفتەی رابردوو عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق لە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق بووە، لەبارەی راگەیاندنی ناوی دامەزراندن لەنێو هێزەکانی پاسەوانی سنوور پرسیاری لێکردووە، ئەویش پێی راگەیاندووە، هێشتا دەستکاریی ناوەکانیان نەکردووە.
جێگری سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق گوتی، وەزیری ناوخۆ رەتیکردەوە گەندەڵی لەو کەیسە بکرێت و بە پارە خەڵک دابمەزرێت و پێی راگەیاندووە، هێشتا دەستیان لە ناوەکان نەداوە، چۆن دەکرێت گەندەڵی تێدا بکرێت و خەڵک بە پارە دامەزرابێت؟.
هەر لەوبارەوە، عەقید کاروان خۆشناو، گوتەبێژی ناوچەی یەكی پاسەوانی سنووری عێراق ئەمڕۆ چوارشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئەو دامەزراندنە بۆ ئێمەیە، بەڵام هیچ زانیارییەکمان نییە. تائێستا دیار نییە ناوی ئەو کەسانە کەی دەگەڕێتەوە کە لینکی دامەزراندنیان لە پاسەوانی سنوور پڕكردووەتەوە. راگەیاندنی ناوەکان پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".
وەزارەتی ناوخۆی عێراق بڕیاری داوە دوو هەزار و 621 کەس وەکو پاسەوانی سنوور دابمەزرێن، بە گوتەی کاروان خۆشناو دوو ملیۆن و 182 هەزار کەس لە هەموو عێراق فۆڕمەکەیان پڕکردووەتەوە و داواکارییان پێشکێش کردووە.
رۆژی 16ـی کانوونی دووەمی 2023، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق لینکی فۆرمی دامەزراندنی لە پاسەوانی سنوور کارا کرد و پرۆسەکە تاوەکو 18ـی کانوونی دووەم بەردەوام بوو، مەرجی سەرەکیی پێشکێشکردنیش ئەوە بوو کە دەبێت کەسەکە خۆی و دایک و باوکی عێراقی بن، ئەمەش بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی پێنج لە یاسای خزمەتکردن و خانەنشینی لە دەستووری عێراقی.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ