رووداو دیجیتاڵ
مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ میدیای ئەمریکی دەڵێت، هەڕەشەکانی سەر هەرێمی کوردستان کۆتایی نەهاتوون، بەڵکو "سرووشتیان گۆڕاوە،" بۆیە پێیوایە پێویستە سرووشتی پشتیوانیی ئەمریکاش بۆ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کەناڵی ئێن بی سی نیوزی ئەمریکای گوت، "سرووشتی هەڕەشەکان گۆڕاون و ئێستا پێمانوایە پێویستمان بە پشتیوانیی زیاترە، پێویستمان بە پشتیوانیی ئابووری، سەربازی و سیاسیی زیاترە چونکە ئەو ئاڵنگاریانەی ئەمڕۆ رووبەڕوویان دەبینەوە، جیاوازن لەوانەی پێکەوە لە دژی داعش رووبەڕوویان بووینەوە. لەم کاتەدا، ئێمە چاوەڕێی پشتیوانی زیاتری ئەمریکا دەکەین."
مەسرور بارزانی هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، "گوێمان لەوە دەبێت کە ئەمریکییەکان وەک هاوپەیمان سەیرمان دەکەن و هەمیشە پێیان گوتووین کە دەیانەوێت کوردستانێکی بەهێز ببینن."
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەهێز بێت، "پێویستە لە رووی ئابوورییەوە بەهێز بین، پێویستە لە رووی سیاسییەوە بەهێز بین، پێویستە لە رووی سەربازییەوە بەهێز بین و بێگومان بتوانین خۆمان لە دژی هەڕەشەکان بپارێزین."
لەبارەی هێرشی گرووپە چەکدارەکانی لایەنگری ئێران بۆ سەر بنکەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیران بە کەناڵە ئەمریکییەکەی گوت، "ئێمە بەم دواییانە بە مووشەک و درۆن هێرش کرایە سەرمان، ئێمە توانای ئەوەمان نییە بەرگری لە خۆمان بکەین."
لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، ئەمریکا دوو هەزار و 500 سەرباز و 20 وڵاتی دیکەش 500 سەربازیان لە عێراق و هەرێمی کوردستان جێگیرکردووە، کە بەشێکی زۆریان لە بنکەکانی سنووری پارێزگەی هەولێرن.
مەسرور بارزانی دەڵێت، "کاتێک دەڵێین پێویستمان بە پشتیوانیی زیاتری ئەمریکایە، مەبەستمان سەربازی زیاتری ئەمریکا نییە، بەڵکو پێویستمان بە توانای زیاتری سەربازییە، واتە بەهێزکردنی توانا سەربازییەکانی پێشمەرگەکانمان بۆ ئەوەی نەک تەنیا بەرگری لە خۆمان و خەڵکەکەمان بکەن، بەڵکو بۆ ئەوەی بەرگری لە هەموو ئەوانە بکەن کە لە کوردستان نیشتەجێن."
لە چوار مانگی رابردوودا، هێزەکانی ئەمریکا لە دەوروبەری فڕۆکەخانەی هەولێر چەندین جار کەوتوونەتە بەر هێرشی درۆنی و مووشەکی گرووپە چەکدارەکان.
فڕۆکەخانەی سەربازیی هەریریش کە پێشتر لە لایەن هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییەوە بەکاردەهێنرا، لەو هێرشانە سەلامەت نەبووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ