یەکگرتوو پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکاتەوە بۆ ئەوەی ئەمینداری گشتی خۆی بەربژێر بکاتەوە

07-12-2024
سۆلین حەمەدەمین
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو دەڵێت، خەریکی ئامادەکارین و کۆتایی مانگی کانوونی یەکەم نۆیەمین کۆنگرە دەبەستن. بڕیاردەری فراکسیۆنەکەش گوتی، پەیڕەوی ناوخۆ هەموار دەکرێتەوە تاوەکو سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین خۆی بۆ ئەمینداری گشتی بەربژێر بکاتەوە.
 
ئەمڕۆ شەممە، 07ـی کانوونی یەکەمی 2024، مستەفا عەبدوڵڵا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەمڕۆ سەرکردایەتیی یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووەوە. خەریکی ئامادەکارییەکانین و دوای تەواوبوونیان لە کۆتایی مانگی 12، رۆژێک بۆ کۆنگرە دیاری دەکەین."
 
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتوو گوتی، "خەریکی ئامادەکردنی رەشنووس و پڕۆگرامین، هەموو رۆژێک لەلایەن کەسانی شارەزاوە پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت."
 
سەبارەت بە پەیڕەوی ناوخۆ، مستەفا عەبدوڵڵا دەڵێت، "بێگومان لەگەڵ بەستنی هەر کۆنگرەیەک کۆمەڵێک بڕگە زیاد و کەم دەکرێن، بۆ ئەمجارەش برگەی نوێ زیاد دەکرێت."
 
هاوکات بوخاری جەمیل، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکگرتوو بە رووداوی گوت، "دوایین کۆنگرە بەهۆی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستانەوە دواخرا، چونکە لە پەیڕەوەکەدا هاتووە 'بەهۆی هەڵبژاردنەوە دەتوانن بۆ ماوەی ساڵێک کۆنگرە دوابخەین'، چونکە هەموو ئۆرگانەکان دەگۆڕدرێن."
 
بڕیاردەری فراکسیۆنەکە دەڵێت، "بەپێی پەیڕەو، ئەمجارە مامۆستا سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین ناتوانێت خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ ئەمینداری گشتی، چەند کەسێکی دیکەش خۆیان بەربژێر کردووە، بەڵام کەسیان رکابەری بەهێز نین لە بەرامبەر ئەو، بۆیە وای بۆ دەچین ئەمجارەش هەر ئەو هەڵدەبژێردرێتەوە."
 
بە گوتەی بوخاری جەمیل، "هەریەکە لە عومەر عەبدولعەزیز، ئەندامی ئەنجوومەنی جێبەجێكردن، محەممەد ئەحمەد، بەرپرسی چاودێریی ئەنجوومەنی جێبەجێکار، محەممەد فەرەج، ئەمینداری پێشووی یەکگرتوو و هیوا میرزا، ئەندامی پێشووی ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتوو خۆیان بۆ ئەمینداری گشتی بەربژێر کردووە."
 
بە گوێرەی پەیڕەوی نێوخۆی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان، ئەمیندار دەتوانێت دوو خولی یەک لەدوای یەک خۆی بەربژێر بکات، ئەمینداری ئێستای حیزبەکە ناتوانێت خۆی بەربژێر بکاتەوە، چونکە دوو خولە ئەمینداری گشتییە.
 
سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین، لە خولی 2016-2019 و لە 2019 -2024، ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بووە، پێشتر ماوە دیارینەکرابوو، لە دوای راگەیاندنی حیزبەکە لە ساڵی 1994 تاوەکو ساڵی 2012یش ئەمیندار بووە، واتە نزیکەی 18 ساڵ بەسەر یەکەوە، کە دەکاتە لانیکەم 4 خولی هەڵبژاردن.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لەو چوار ساڵەدا زۆرترین کەس لە ساڵی 2021 خنکاون. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە.

بەرگریی شارستانیی هەولێر: لە چوار ساڵدا 116 کەس لە ئاودا خنکاون

بەگوێرەی ئامارێکی بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی شارستانیی هەولێر، لە چوار ساڵی رابردوودا 224 کەس لە رووداوی جیادا گیانیان لەدەستداوە کە 116یان لە ئاودا خنکاون. لە هەمان ئەو ماوەیەدا بەهۆی رووداوی جیاوە هەزار و 218 ئۆتۆمبێل سووتاون.