رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی هەرێمی کوردستان بەشێک لە خەرجیی ئەو خزمەتگوزارییانە دابین دەکات کە پێشکێش بە زیارەتکاران دەکرێت لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان و بەشێکی خزمەتگوزارییەکانیش لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دابین دەکرێت.
رۆژی چوارشەممە 07-09-2022، بە فەرمی لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستانەوە سەدان زیارەتکاری شیعە مەزهەب لە ئێرانەوە هاتنە هەرێمی کوردستان لەو رێگەیەشەوە بەرەو شارەکانی نەجەف و کەربەلا دەچن. بۆ پێشوازیکردنی ئەو زیارەتکارانەش حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەکاری تەواوی کردووە، هەروەها چەندین خزمەتگوزاریی پێشکێشی ئەو زیارەتکارانە دەکات کە لە هەرێمی کوردستانەوە تێپەڕ دەبن.
لەبارەی ئامادەکارییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو رێوشوێن و رێکارانەی دەگیرێنەبەر. عەبدوڵڵا ئاکرەیی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و ئێران لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، میوانی بوولتەنی هەواڵەکانی نیوڕۆژی تۆڕی میدیایی رووداو بوو، کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات.
عەبدوڵڵا ئاکرەیی گوتی: "پێش مانگێک سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و وەزیری ناوخۆ بڕیاریانداوە بە رێگەدان بە زیارەتکارانی ئێرانی کە لە دەروازەکانی هەرێمی کوردستانەوە بچنە کەربەلا و نەجەف. ئێمەش راستەوخۆ ئاگاداری بەرپرسانی ئێرانی و هەردوو کۆنسوڵخانەی ئێران لە هەولێر و سلێمانی و پارێزگاری ئورمییەمان کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوپەڕی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی ئەو پرۆسەیە بە سەرکەوتووانە و بەبێ کێشە کۆتایی بێت."
عەبدوڵڵا ئاکرەیی ئاماژەی بەوە دا لە رێگەی لیژنەیەکەوە ئامادەکارییان بۆ هاتنی ئەو زیارەتکارانە کردووە، تاوەکو زوو بێنە ژوورەوە و شوێنی حەوانەوەیان لە سۆران و هەولێر بۆ دابین کردوون، دەشڵێت: "چەندین تیمی جۆراوجۆر لە وەزارەتەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دانراون بۆ پێشکێشکردنی خزمەتگوزاری بەو زیارەتکارانە."
عەبدوڵڵا ئاکرەیی پێشبینی دەکات بەپێی ئەو رێککەوتنەی لەگەڵ پارێزگای ورمێ کردوویانە، رۆژانە نزیکەی 3000 زیارەتکار لە دەروازەی حاجی ئۆمەرانەوە بێنە هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە خەرجی ئامادەکارییەکان و پێشکێشکردنی خزمەتگوزارییەکان و گواستنەوەی زیارەتکاران، ئەو بەرپرسە گوتی: "هەندێک لەو ئاسانکارییانەی کە ئێمە لە حاجی ئۆمەران کردوومانە، ئەو ئۆتۆمبێل و بارانەی کە پێداویستی بۆ زیارەتکاران دەهێنن بە ئاسوودەیی هاوئاهەنگیان بۆ دەکەین داخڵببن، هەروەها تیمە پزیشکیەکانیان و میدیاکارانیان. لە هەولێریش هەندێک خزمەتگوزاری هەیە لەلایەن دەزگای خێرخوازیی بارزانییەوە دابینیدەکرێت. ئەو هاوئاهەنگی و ئامادەکارییەی کە کراوە لەسەر خەرجیی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە لەسەر فەرمانی بەڕێز سەرۆکوەزیران."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ