پەرلەمانتارێکی پێشووی ئاکپارتی: دەبێت وانەی کوردی بکرێنە ناچاری نەک بژاردە

07-02-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی رایگەیاند، پێویستە وانەی زمانی کوردی بکرێتە ناچاری نەوەک بژاردە.

لەکاتێکدا چەند رۆژێک ماوەی بۆ تۆمارکردنی قوتابیان لە وانەی بژاردەی زمانی کوردی، محەممەد مەتینەر، پەرلەمانتاری پێشووی ئاکپارتی لە هەژماری خۆیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بۆچوونی خۆی دەربڕی.
 
سەرکان رامانڵی، بەربژێری هوداپار بۆ پۆستی گەورەشارەوانیی ئێلیهـ لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس پیرۆزبایی ساڵی تازەی خوێندنی کردووە و نووسیویەتی: "با هەڵبژاردن لە لایەک بوەستێت و ئێمە وا بکەین منداڵەکانمان زمانی کوردییان خۆشبوێت و هەڵیبژێرن. ئەمەش لەپێناوی بڵاوکردنەوەی هۆشیاری بۆ ساڵی نوێی خوێندن و هەڵبژاردنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی".
 
مەتینەر کۆمێنتێکی لەسەر ئەو ئێکسەی رامانڵ کردووە و نووسیویەتی: "ئەم ئاگادارییەت شایەنی رێزە. هیوادارم لە ساڵی نوێدا وانەی زمانی کوردیمان لە بری ئەوەی بژاردە بێت، هاوشێوەی زمانی تورکی بکرێتە ناچاری و لە قوتابخانەکاندا بخوێندرێت. هەروەها بۆ رۆڵە تورکەکانیشمان وانەی بژاردە بێت".
 
ئەمە کاردانەوەی بەشێک لە نەژادپەرستانی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام مەتینەر پێداگریی خۆی لەسەر ئەو بۆچوونە دووپات کردەوە و جەختیکردەوە کە کەسانێک دەیانەوێت پەیامەکەی ئەو بەشێوەی جۆراوجۆر لێکبدەنەوە و مانای جیاوازی لێ دەربکێشن.
 
وانەی بژاردەی زمانی کوردی لە چوارچێوەی وانەکانی زمان و شێوەزارە زیندووەکان لە پۆلەکانی پێنجەم، شەشەم، حەوتەم و هەشتەمی ناوەندی دەخوێندرێت. زمانی کوردی بە هەردوو شێوەزاری کورمانجی و زازاکی دەخوێندرێت. لە رۆژی 30ی کانوونی دووەمەوە ناونووسین دەستیپیکردووە و هاونیشتمانیان دەتوانن تاوەکو رۆژی 12ی شوبات منداڵەکانیان ناونووس بکەن.
 
بەگوێرەی رێنماییەکانی وەزارەتی پەروەردە، لە قوتابخانەیەکدا ئەگەر 10 قوتابی داوای هەمان وانەی بژاردە بکەن، مامۆستایان بۆ تەرخان دەکرێت، بەڵام ئەگەر کەمتر لەو ژمارەیە بێت، ئەو وانەیە ناخوێندرێت. 
 
ساڵانی پێشووش یەکێک لە ئاستەنگەکانی بەردەم خوێندنی وانەی کوردی، ئەو ژمارەیە بوو کە لە زۆر قوتابخانەدا بەهۆی ئەوەی کەمتر لە 10 قوتابی داوایان کردبوو، نەخوێندرا. هەروەها کەمیی ژمارەی مامۆستایانی زمانی کوردیش یەکێکی دیکەیە لە ئاستەنگەکان. پێشکێشکردنی داواکاری بۆ خوێندنی وانەی بژاردەی زمانی کوردی، لەڕێی ئۆنڵاین و سەردانیی قوتابخانەکانەوە دەکرێت. 
 
لە زانکۆکانی وان، مێردین. مووش، چەولیگ و دێرسیم، زمانی کوردی دەخوێندرێت. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە، بەڵام کەمتر لە 100 مامۆستا دامەزراون.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".