رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان داوا دەکەن، دادگەی تایبەتمەند بە دۆسییەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان دابمەزرێت. سەرۆکی دەستەکە دەڵێت، ساڵی رابردوو ئەنجوومەنی دادوەری بڕیاریاندا کە دەستەکە دابمەزرێت و فەرمانیشی پێدەرچوو، بەڵام دواتر فەرمانەکە هەڵوەشێنرایەوە.
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: یەکێک لە بیانووەکان ئەوەبوو کە کەیسەکان ئەوەندە زۆرنین کە دادگەیەک تەرخان بکەن بۆ دۆسییەکانی گەندەڵی و خۆشیان دادوەریان کەمە. من ئاگادارم کە دادگەکان گوشاری زۆریان لەسەرە، بەڵام هیچ بیانوویەک نییە بۆ نەبوونی ئەو دادگەیە، ئەوەتا ئەو دادگەیە لە بەغدا هەیە، دەکرێ ئەو دادگەیە کەیسی دیکەش ببینرێت، بەڵام کاری لەپێشینەی ژمارە یەکی بۆ بینینی کەیسەکانی گەندەڵی بێت.
زۆربەی دۆسییەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان پرۆسە یاساییەکەی 3 تاوەکو 5 ساڵی پێدەچێت، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئەمەی بە پەیامنێری رووداو گوت. ئەندامێکی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت، "ئێمەش بە پێویستی دەزانین ئەو دادگە تایبەتمەندە دابمەزرێت."
رۆژان ئیبراهیم، ئەندامی لیژنەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان بە رووداوی گوت: دەسەڵاتی ئەنجوومەنی دادوەرییە کە هەر دادگەیەکی تایبەتمەند دابنێت، کە داشنەنرا دەبێت ئێمە پرسیاری لەسەر بکەین، چونکە یاسا رێگەیداوە ئەو دادگەیە دابمەزرێت لەبەر پێویستی، دەبێت وەک لیژنەی یاسایی پەرلەمان ئەو پرسیارە بکەین.
لە 18-02-2021، ئەنجوومەنی دادوەریی فەرمانی دامەزراندنی ئەو دادگە تایبەتمەندەی دەرکردووە؛ دەستەی دەستپاکی لە هەرێمی کوردستان دەڵێن، لە هەرێمی کوردستان تەنیا 23 لێکۆڵەر هەن بۆ نزیکەی 800 هەزار فەرمانبەری حکومی، دامەزراندنی وەها دادگەیەک هەم رێکارە یاساییەکان خێراتر دەکات، هەم بەهۆی سزادانەوە کەیسەکانی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان کەمتر دەبنەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ