خوولێکی رستن و چنین لە کفری دەکرێتەوە و بەشداربووان دەیانەوێت بە بەشداریکردنیان هەلی کاریان دەستبکەوێت

06-10-2023
هونەر حەمید
خولی رستن و چنین لە کفری
خولی رستن و چنین لە کفری
نیشانەکردن کفری گەرمیان
A+ A-
 
رووداو - کفری

لەنیا ئازاد کچێکی دانیشتووی کفرییە، دوو ساڵە پەیمانگەی هونەرە جوانەکانی تەواو کردووە، بەڵام دانەمەزراوە؛ بۆ دەستکەوتنی کار، بەشداریی خوولێکی کاری رستن و چنینی کردووە و دەڵێت، "ئێستا کارێکم بە رستن و چنین هەیە، دەمەوێت لە داهاتوودا پەرە بە کارەکەم بدەم."
 
لەنیا ئازاد، لە ماوەی 10 رۆژی خوولەکەدا دەستی کردووە بە چنین، ئاماژەی بەوە کرد، "پێشتر بەشداریم لەم خوولەدا کرد هیچ شتێکم لە رستن و چین نەدەزانی، بەڵام خۆشبەختانە لەگەڵ هەوڵ و توانای مامۆستاکانم ئێستا فێربووم، بە سوجادە چنین ئیشێکم تەواو کردووە، ئێستا لە نیوەی ئیشێکی دیکەدام، دەمەوێت لە داهاتوودا زیاتر پەرە بە ئیشەکەم بدەم، لە کارە جوانکارییەکان، دەمەوێت ئەم ئیشە بەتایبەت لە تابلۆکانم رەنگدانەوەی هەبێت."
 
خوولەکە بۆ 25 هاونیشتمانیی کفرییە، ماوەی 15 رۆژ بەردەوام دەبێت کە 23 بەشداربوویان ئافرەتن، بیرۆکەکەی خوولەکەش لەلایەن مامۆستایەکی وێنەکێش بووە.
 
گوڵاڵە حەمید، سەرپەرشتیاری پڕۆژەکەیە دەڵێت، "ئامانجمان ئەوەیە بتوانین ئەم توانایانە لە پڕۆژەکەدا سوودیان لێ ببینین و ببێتە هۆی پاڵپشتییەک بۆ بەشداربووان و کردنەوەی کارگەی رستن و چنینی شاری کفری، کە مێژوویەکی دێرینی هەیە."
 
فێرخوازان، کەمتر لە 10 رۆژ بەشدارییان لە خوولەکەدا کردووە و دەستیان کردووە بە دروستکردنی (گڵێم و سوجادە). لەیلا فێرخوازێکی خوولەکەیە و لەوبارەیەوە دەڵێت، "ئەم خوولە زۆر گرنگ و دەگمەنە، رەخساندنی هەلی کارە و لە هەمان کاتیشدا زیندووکردنەوەی کولتوورێکی کۆن و نوێیە، لەگەڵ ئەم سەردەمی ئێستادا."
 
زانا ستار، یەکێکە لە کوڕە بەشداربووەکان لەبارەی خوولەکەوە دەڵێت، "ئەم کارە کارێکی قورس نییە، تەکنیک و هونەری تایبەت لەناو کارەکەدایە، ئێمە رۆژانە پەرەی پێدەدەین، زیاتر کار دەکەین و دڵخۆشین."
 
ئەو کەسەی بەشداربووانی خوولەکە فێری رستن و چنین دەکات، ناوی دڵکەش شەریعەتییە، لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە هاتووە و یەکەمجارە دێتە هەرێمی کوردستان، ئەو باسی لەوە کرد، "30 ساڵە ئەم ئیشە دەکەم، لەسەر فەرش و گڵێم و سوجادە و قاڵیە. لێرە وانە دەڵێمەوە، [بەرهەمەکانم] هەناردە دەکەم، کەسانێک کە لای من فێربوون ئێستا [بەرهەمەکانیان] هەناردە دەکەن و دەیفرۆشن."
 
خوولەکە لەسەر ئەرکی وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و بە هاوکاریی وەزارەتی دارایی و ئابووری و رێکخراوی هاوکاریی ئەڵمانی کراوەتەوە.
 
لە ساڵی 1978 بۆ 1991، یەکەمین کارگەی رستن و چنین لە کفری هەبوو، ئەو کاتە زیاتر لە 250 کرێکار و کارمەند ئیشیان تێدا دەکرد، بەڵام 32 ساڵە کارگەکە وەستاوە و ئەم پڕۆژەیە دەبێتە دەرفەتێک بۆ کردنەوەی کارگەکە و دووبارە کارکردن تێیدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.