رووداو دیجیتاڵ
داعش لە حوزەیرانی 2014، بەشێک لە خاکی عێراقی لە پارێزگاکانی نەینەوا، سەڵاحەدین و ئەنبار کۆنتڕۆڵکرد، بە تەواوی دەستی بەسەر چەک و تەقەمەنی پێنج فرقەی سەربازی و پۆلیسی عێراقدا گرت. دوای دوو مانگ بەو چەکانە هێرشی بۆ سەر خاکی باشووری کوردستان و پێشمەرگە دەستپێکرد.
داعش دوای کۆنتڕۆڵکردنی مەخموور و گوێر لە 7-8- 2014، پێشڕەوی کرد لە رۆژئاواوە 25 کم نزیکبووەوە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان. لەو رۆژانەدابوو سەرۆک مەسعود بارزانی، فەرمانی کرد بۆ دروستکردنی میحوەرەکانی پێشمەرگە و وەستاندن و تێکشکاندنی داعش. وەزارەتی پێشمەرگە 8 میحوەری دروستکرد.
عەمید روکن سروود ساڵح، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری شەشی پێشمەرگە بە رووداوی گوت: "لە 6-8-2014 بڕیاردرا میحوەری شەش ناسراو بە مەخموور- گوێڕ دانرا و سیروان بارزانی کرایە فەرماندەی میحوەر، لەو ماوەیەدا بە راسپاردە و سەرپەرشتیاری راستەوخۆی سەرۆک بارزانی بۆ هەموو میحوەرەکانی کوردستان، بڕیاردرا، داعش بوەستێندرێت و خاکی کوردستانی لێ بسەندرێتەوە."
کەمتر لە سێ رۆژ لە بەیانی 10-8-2014 پێشمەرگە لە میحوەری شەش ناسراو بە "مەخموور- گوێڕ"، هێرشی بۆ سەر داعش دەستپێکرد و بۆ یەکەمینجار تێکیشکاندن، بەجۆرێک هەموو جیهان چاوەڕێی تێکشکاندنێکی لەو جۆرە بوو.
لەدوای دەستبەسەرداگرتنی ناحیەی گوێری قەزای مەخموور لەلایەن داعشەوە بۆ یەکەمینجار پێشمەرگە ئاڵای داعشی لەو ناوچەیە هێنایە خوارەوە خوارەوە.
عەمید روکن سروود ساڵح، بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری شەشی پێشمەرگە لەوبارەیەوە دەڵێت: "لێرە لە شارۆچکەی گوێڕ داعش تێکشکێندرا و ئازادکرا، بۆیەکەمجار لێرە ئاڵای داعش هێندرایە خوارەوە و ئاڵای شەکاوەی کوردستان لەلایەن پێشمەرگەوە هەڵکرا."
دوای دەرکردنی داعش لە گوێڕ، نیوەڕۆی هەمان رۆژ، لە سێ قۆڵەوە پێشڕەوی پێشمەرگەی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی مەخموور دەستیپێکرد، پێشمەرگە ئاڵای داعشی لە مەخمووریش هێنایە خوارەوە و ئاڵای کوردستانیان لەسەر قایمقامیەتی قەزای مەخموور هەڵکردەوە.
لیوا زریان شێخ وەسانی، بەرپرسی کەرتی قەرەچووخ لە میحوەری شەشی پێشمەرگە باس لەوەدەکات: "کۆبوونەوەیەک کرا لەگەڵ شێخ سیروان، نەجات عەلی، عەلی حوسێنی و فەرماندەکانی دیکە، پلانی بڕیاری هێرشکردنە سەر داعش جێبەجێ بکرێت، ئەوەش بۆ ئازادکردنی مەخموور و گوێڕ، هێزی پێشمەرگە بە دڵسۆزانە بە ورەیەکی بەرز توانی لە ماوەی کاژێر و چارەگێک هەموو مەخموور ئازاد بکەین."
بە درێژایی شەڕی داعش لە میحوەرەکە، پێشمەرگە 1250 کم دووجای لەژێر دەستی داعش دەرهێنایەوە. پێشمەرگە بەرپەرچی 54 هێرشی داعشی دایەوە، 45 هێرشی سەرکەوتووشی کردە سەر داعش.
بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانان 1568 جار، بنکە و بارەگاکانی داعش بۆردوومان کران.
9,500 بۆمبی چێندراو، 25 ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعش تەقێندرانەوە و8 ئۆتۆمبێلی بۆمبرێژکراو پوچەڵکرایەوە. 12هەمەری سەربازی، 6 زریپۆش و باجەر و تۆپێکی دەستکردی داعش ناسراو بە (جەهننەمی) دەستیان بەسەرداگیرا.
بەشێک لە ئۆتۆمبێلە بۆمبڕێژکراوەکان، تۆپ و زریپۆشەکانی داعش لە بارەگەی میحوەری شەشی پێشمەرگە پارێزراون.
عەمید روکن سروود ساڵح - بەرپرسی ئۆپەراسیۆنی میحوەری شەشی پێشمەرگە سوپاسی هاوپەیمانانی کرد و گوتی: "سوپاس بۆ هەموو ئەو وڵاتانەی بەشدارییان لەگەڵماندا کرد، هەندێکیان بە راوێژکاری یان بە فڕۆکە و هاوکاری و تەنانەت هەندێک بە راگەیاندنیش لەگەڵمان بوون."
لە میحوەری مەخموور- گوێڕ، 1644 چەکداری داعش کوژران. بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەی تەواوەتی سنوورەکانی میحوەرەکەش، 179 پێشمەرگە شەهیدبوون و 831ـی دیکەش برینداربوون.
ئەوکاتەی لە عێراق، ناوچەکە و تەنانەت هەموو جیهانیش، ترس هەبوو لە پێشڕەوییەکان و فراوانبوونی قەڵەمڕەوی داعش، پێشمەرگە گوتی: "من لێرەم و داعشی تێکشکاند لە مانگی 8ـی 2014، ئەوەش بوو بە سەرەتای کۆتایی پێهێنانی حکومی داعش، تاوەکو ئەوەی لە کۆتایی ساڵی 2017، کۆتایی دەسەڵاتی داعش لە عێراق راگەیێندرا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ