رووداو دیجیتاڵ
ئێوارەی ئەمڕۆ لە شاری کەرکووک شەڕ و دەمەقاڵێ لەنێوان کەسوکاری بووک و زاوایەک و پاسەوانانی بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی روویدا و بەهۆیەوە تەقە کراوە، کەسێک بە گولـلە برینداربووە و چەند کەسێکی دیکەش بە بۆکس و پاڵپێوەنان.
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک کە زانیارییەکانی لە سەرچاوەیەکی ئاگادار لە رووداوەکە دەستکەوتووە ئاماژەی بەوە کرد، ئێوارەی ئەمڕۆ بووک و زاوایەک و کەسوکارەکانیان بەمەبەستی وێنەگرتن چوونە بۆ بارەگای مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، یەکێک لە هاوەڵەکانی بووک و زاواکەش ئەفسەرێکی پۆلیس بووە بە پلەی عەمید و هەوڵیداوە بە چەکەوە بچێتەژوورەوە، بەڵام رێگری لێکراوە، شەڕ و دەمەقاڵێکە لەوێوە دروستبووە.
بەپێی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، دوای رێگریی پاسەوانەکان لەو ئەفسەرەی پۆلیس، شەڕی دەستەویەخە دروستبووە و بە بۆکس لە یەکدییان داوە، پاسەوانەکانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی ئەفسەرەکەیان دوورخستووەتەوە، بەڵام دواتر تەقە روویداوە.
لە ئەنجامی تەقەکان "کەسێک بە سووکی بریندار بووە، چەند کەسێکی دیکەش بە بۆکس و پاڵپێوەنان برینداربوون."
بووک و زاواکە و کەسوکاریان لە نەتەوەی عەرەب بوونە. پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا هیچ یەکێک لە لایەنەکانی شەڕەکە سکاڵای تۆمارنەکردووە.
هاوکات هێزێکی زیاتر لە پۆلیس و پاسەوانانی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە نزیک بارەگاکە جێگیرکراون.
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی کەرکووک کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، لێکۆڵینەوەی پۆلیس دەستیپێکردووە، تاوەکو ئێستا هیچ کەسێک لەسەر رووداوەکە دەستگیرنەکراوە، "پارێزگاری بەوەکالەتی کەرکووکیش لەسەر هێڵە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گوتوویەتی 'رێگەنادەین دەستدرێژی بکرێتە سەر هیچ بارەگایەکی حیزبی لە کەرکووک'."
نەجات تۆفیق لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی کەرکووکی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "پاسەوانەکانی مەکتەبی سیاسی رێگرییان لە چوونەژوورەوەی کەسانێک کردووە بە چەکەوە بۆنێو بارەگاکە، بەڵام ئەفسەرەکە کە باوکی زاوایە هێرشی کردووەتە سەریان و ئەوانیش وەڵامیان داوەتەوە." گوتیشی، ئەوان ئامادەن بۆ هەر لێکۆڵینەوەیەک لەبارەی رووداوەکەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ