لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر تاکێک زیاتر لە تێکڕای ئەڵمانیا و پۆڵەندا ئاو دابین دەکرێت

06-07-2022
فەرهاد دۆڵەمەری
فەرهاد دۆڵەمەری @farhaddolamari
پڕبوون و لێڕژانی ئاوی تانکییەک. وێنە: رووداو
پڕبوون و لێڕژانی ئاوی تانکییەک. وێنە: رووداو
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ 

لە گەڕەکی تەیراوەی هەولێر لە گەرمەی نیوەڕۆ و تینی بەهێزی خۆردا سەر بە هەر کۆڵانێکدا بکەی، دەبینی کە کەسێک سەرقاڵی شوشتنی بەردەرگەی ماڵەکەیەتی. 
 
زولفا مەجید، کابانی ماڵە و لەکاتێکدا سەرقاڵی شتنی بەردەرگەی ماڵەکەی بوو، قسەی بۆ رووداو کرد و گوتی، "رۆژانە دووجار بەردەرگەی ماڵ دەشۆرم حەز بە پاکوخاوێنی دەکەم ئەو رۆژە کە خۆڵبارین بوو ئاوم بە دار و درەختەکاندا دەکرد پیاوێک هات و دەستخۆشی لێکردم." 
 
کابان سادق، کابانێکی دیکەی ماڵە و لە کاتی شتنی بەردەرگەی ماڵەکەیدا گوتی، "من حەز بە پاکو خاوێنی دەکەم بۆیە بەردەوام بەردەرگە دەشۆرم." 
 
کێشەی کەم ئاوی و بێ ئاوی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان لەکاتێکدایە کە حكومەتی هەرێمی كوردستان رۆژانە دوو ملیۆن مەتر سێجا ئاو بۆ هاوبەشانی ئاو دابین دەکات. سیروان حەیدەر، دوکاندارێکە و دەڵێت، "راستە دەزانم نابێت بە ئاوی پاک دار ئاو بدەین، بەڵام چی بکەین هیچ جێگرەوەیەک نییە تاوەکو دارەکانی پێ ئاو بدەین."
 
بەگوێرەی ستانداردی جیهانی، هەر تاکێک رۆژانە 200 تاوەکو 250 لیتر ئاوی پێویستە. بەشێوەیەک لە پۆڵەندا 98 لیتر و ئەڵمانیا 129 لیترە، کەچی لە هەرێمی کوردستان بۆ هەر تاکێک سەرووی 300 لیتر ئاو دابین دەکرێت کە زیاترە لە تێکڕای هەردوو دەوڵەتەکە. 
 
سەرچاوە سەرەكییەكانی ئاو لە هەرێمی كوردستان پێنج رووبارن كە 75%ـی ئاوی خواردنەوە و كشتوكاڵ دابین دەكەن، بەڵام زۆربەی ئاوەکانیان لە رووبارەکانی رۆژهەڵات و باکووری کوردستانەوە دەڕژێنە هەرێمی کوردستان. ئاوی ژێرزەویش 25%ـی پێویستییەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان پڕدەكاتەوە کە ساڵ دوای ساڵ زیاتر دادەبەزێت بەشێوەیەک کە لە هەولێر  500 مەتر دابەزیوە.
 
ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەری گشتیی ئاوی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کرد، "ئەو ژمارانە کارەساتن ساڵانە ئاستی ئاوی ژێرزەوی لە دابەزینە ئەمە سامانی نەتەوەییە و دەبێت دەستی پێوەبگرین ئەگەر ئەو بەفیڕۆدانە نەبێت ئەو ئاوە دەگەڕێتەوە." 
 
بەدەگمەن شوشتنگەیەک دەبینی کە پابەندی بڕیاری دووبارە بەکارهێنانەوەی ئاو بێت، بەڵام لە شوشتنگەیەک 5 ساڵە رۆژانە 30 هەزار لیتر ئاوی بەکارهاتووی شوشتنگەکە لەڕێگەی فیلتەر و پاڵاوگەی بچووکەوە، پاک دەکرێتەوە.
 
غازی فەیسەڵ، خاوەن شوشتنگەیە و دەڵێت، "ئێمە لە رێگەی ئەو بەرکاهێنانەوەی ئەو ئاوە توانیومانە رێگری لە بەفیرۆدانی ئاو بگرین و هەمیش داهاتێکی زۆرمان بۆ گەڕاوەتەوە"
 
لەکاتێکدا لە زۆربەی وڵاتانی پێشکەوتوو، ئاوی بەکارهێنراو دەپاڵێورێت و دووبارە بەکاردەهێندرێتەوە، تەنانەت لە وڵاتێکی وەک ئەڵمانیا بۆ خواردنیش بەکاردەهێندرێتەوە، کەچی ئاوی پاکی هەرێمی کوردستان بێ دووبارە بەکارهێنانەوە، بە تێچووی 510 دینار لەسەر حکومەت، بە 450 دینار بۆ هەر مەتر سێجایەک دەدرێتە هاوبەشانی ئاو. 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە