کەمئەندامێک 15 ساڵە بەشێوەیەکی پیشەیی شاخەوانی دەکات

07-05-2020
رووداو @Rudawkurdish
سەجاد سالاروەند، شاخەوانی کەمئەندام
سەجاد سالاروەند، شاخەوانی کەمئەندام
نیشانەکردن شاخەوانێکی کەمئەندام
A+ A-
 
رووداو - هەولێر

سەجاد، کە لە دوورە دەیبینی، شاخەوانێكی ئاسایی دێتەبەرچاو، بەڵام راستییەکەی ئەوەیە کە ئەو یەكێکە لەو شاخەوانە دەگمەنانەی جیهان کە بە دوو قاچی دەستکردەوە بە چیاکاندا هەڵدەگەڕێت.
 
سەجاد سالاروەند، شاخەوانی کەمئەندام دەڵێ "15 ساڵە بەشێوەیەکی پیشەیی خەریکی شاخەوانیم. لە ساڵی 2016 بەهۆی رووداوی هاتووچۆوە هەردوو قاچم لەدەستدا. بۆ ماوەیەک تووشی خەمۆکی بووم و خۆمم لەبیرکرد، خەریکبوو خۆم بدۆڕێنم. ئیدی بەخۆم گوت دەبێت هەڵسمەوە، دووبارە دەستمکردەوە بە وەرزش و دەستم بە شاخەوانی کردەوە، سوپاس بۆ خودا توانیم بەم دوو قاچە دەستکردە چەندین کاری جوان لە بواری شاخەوانی و سەرکەوتن بە باڵەخانەکان و چەندین کاری دیکە بکەم".
 
سەجاد سالاروەند تەمەنی 38 ساڵە و توانیوویەتی زۆرترین سوود لە ساڵانی ژیانی وەرگرێت.
 
شاخەوانە کەمئەندامەکە ئاماژە بەوە دەکات "یەکەمین شاخەوانی کەمئەندامم لە جیهاندا کە بە چیای دەماوەندی تاران و چیای ئارارات لە تورکیا سەرکەوم. سێیەمین شاخەوانی پیشەیی جیهانم کە توانیومە بە بەرزیی پێنج هەزار و 671 مەتر سەرکەوم. لە کێبڕکێی سەرکەوتن بە تاوەری میلادیی تاران براوەی مەدالیای زێڕین بووم. من خێراترین کەمئەندامی ئێرانم و یەکەمین شاخەوانی کەمئەندامم لە جیهان کە 700 مەتر بەرزیی لە تاشەبەردەکان دەبڕێت".
 
هاوشێوەی شاخەوانە کەمئەندامەکانی جیهان، وەکو تۆم ویتتەیکەری ئەمریکی، مارک ئینگلسی نیوزیلاندی، ئێرک وێنمایەری ئەمریکی و دەیان شاخەوانی کەمئەندامی دیکە، هیوا و ئومێد، دوو خەسڵەتی سالاروەندن کە ئەوی تاوەکو ئێرە گەیاندووە.
 
سەجاد سالاروەند باسی لەوەش کرد "بە دوو قاچی دەستکردەوە بەو تاوەری میلادە کە 150 نهۆمە، لە 35 خوولەکدا هەزار و 693  پلیکانەم بڕی و مەدالیای زێڕینم بردەوە، واتە هیچ شتێك نییە نەکرێت، هیچ سنوورێک لە ژیانی ئێمەدا نییە، بەڵکو هەرچی سنوورەکانە لێرەیە لە مێشکماندان".
 
سالاروەند دەڵێ ئامانجی گەورەی لە ژیاندا هەیە بۆ نموونە سەرکەوتن بەسەر چیای ئێڤەرێست و وەرگرتنی مەدالیای زێڕین.
 
ساڵانە لە ئێران کێبڕکێی شاخەوانی بەڕێوەدەچێت و تێیدا سەدان شاخەوان لە دەیان وڵاتی جیاجیای جیهان و بەتایبەتی وڵاتانی ئاسیا، بەشداریی تێدا دەکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە