رووداو دیجیتاڵ
هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەڵێت، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەڵمەتێکی فراوانی دوورخستنەوەی هاونیشتمانییان و دەستبەسەرداگرتنی ئۆتۆمبێلەکانیان دەستپێکردووە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی کانوونی یەکەمی 2024، ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکانی سەر بە تورکیا، هەڵمەتێکی فراوانیان دەستپێکردووە لەنێو خەڵکە سڤیلە گیرخواردووەکان لە ناوچەکانی شەهبا و باکووری حەلەب.
هەسەدە دەشڵێت، گرووپە چەکدارەکان دەستیان بەسەر 120 ئۆتۆمبێل و هۆکاری گواستنەوەی هاونیشتمانییان دا گرتووە کە سەتان خەڵکی سڤیلیان دەگواستەوە و بەنیاز بوون بەرەو سنوورەکانی ناوچەی باکوور و رۆژهەڵاتی بچن.
هەسەدە ئەوەشی خستەڕوو، هێزە چەکدارەکان بەشێکی زۆری هاونیشتمانیانیان گواستووەتەوە ناوچەی شێخ نەجار و بەشێکی دیکەش چارەنووسیان نادیارە و نازانرێت بەرەو کوێ براون.
جەخت بۆ ئەوەش دەکاتەوە، ئەم هەڵمەتە لە کاتێدایە پێشتر رێککەوتن کراوە بەوەی رێگری لە کەس نەکرێت.
هەر ئەم گرووپە چەکدارانە لە دوو رۆژی رابردوودا رێگرییان لە زیاتر لە 15 هەزار خەڵکی سڤیل کردووە و بەشێکی یەکجار زۆریان لە رێگە سەرەکییەکاندا لە سەرما و سۆڵەی زستان هێشتوویاننەتەوە.
زۆربەی ئەوانەی لە شەهبا ئاوارە دەبن، پێشتر لە ساڵی 2018 بەهۆی هێرشی تورکیا و گرووپە نزیکەکانی بۆ سەر عەفرین، روویان لە شەهبا کردبوو.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ