هەولێر دەبێتە خاوەن دووەمین دەروازەی نێودەوڵەتی

05-10-2018
بەختیار قادر
بەختیار قادر
ده‌روازه‌یێكی دیكه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كرێته‌وه‌
ده‌روازه‌یێكی دیكه‌ له‌نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كرێته‌وه‌
نیشانەکردن هەولێر دەروازەی نێودەوڵەتی تورکیا کوردستان
A+ A-

رووداو-هەولێر

ده‌روازه‌یێكی دیكه‌ی بازرگانی و گه‌شتیاری له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و توركیا ده‌كرێته‌وه‌، ده‌روازه‌كه‌ له‌ سنوری پارێزگای هه‌ولێر و هه‌كاری ده‌بێت، ئێستا له‌ هه‌ردوولادا سه‌رقاڵی رێگاوبان و كاركردنن بۆ كرانه‌وه‌ی ده‌روازه‌ی زێتێ.


هه‌رێمی كوردستان و توركیا ئێستا له‌ڕێگه‌ی هه‌ردوو ده‌روازه‌ سنوورییه‌كانی ئیبراهیم خه‌لیل و سه‌ر زێڕ ئاڵوگۆڕی بازرگانی و گه‌شتیاری ده‌كه‌ن و قه‌باره‌ی ئاڵوگۆڕی نێوانیان ساڵانه‌ زیاتر له‌ 12 ملیار دۆلاره‌. مێرگه‌سۆر‌یش ده‌بێته‌ خاڵی به‌ یه‌ك گه‌یشتنی هه‌ولێر و هه‌كاری. لە 15-8-2018 بڕیاری جێبەجێكردنی دراوه ‌و گوژمه‌ی پێویستیش ته‌رخانكراوه‌.

غه‌فور ماله‌ سواری، قائیمقامی مێرگه‌سۆر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "كاره‌كانی كردنه‌وه‌ی دەروازەکە خێران و هه‌ردوو حكومه‌ت مه‌به‌ستیانه‌ ده‌روازه‌ی زێتێ به‌ زوویی بكرێته‌وه،‌ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌سه‌ر خه‌تن كه‌ هه‌رچی زووه‌ كاره‌كان ته‌واو بكرێن و ئاڵوگۆره‌بازرگانییه‌كان و هاتووچۆی گه‌شتیاری له‌و سنوره‌ بكه‌ونه‌ كار".

سنووره‌كه‌ ده‌كه‌وێته‌ ناوچەیێكی شاخاوی له‌ نێوان هه‌ردوو گوندی زێتێ ـی شێروان مه‌زن و ره‌زێی رووبارۆكی باكووری كوردستان، به‌ته‌نیا 13 كیلۆمه‌تر رێگا پێویستی به‌چاككردن هه‌یه‌، بۆ ئه‌وه‌ی به‌ بڕینی 240 كیلۆمه‌تر له‌ هه‌ولێره‌وه‌ بگه‌یته‌ شه‌مزینان.

یونس واحید، سه‌رپه‌رشتیاری رێگەی ده‌روازه‌ی زێتێ بە رووداوی راگەیاند: "ته‌واوی تێچووه‌كه‌ی له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ ته‌رخان كراوه‌، لێدانی رێگا و قه‌نته‌ره‌ و دروستكردنی كۆمه‌ڵگەیێكی گومرگی، بۆ سه‌ری ساڵ كێشه‌ی رێگاوبان نامێنێت و كاره‌كه‌ی کۆتایی دێت".

خه‌ڵكی ناوچه‌كه‌ په‌له‌یانه‌ بۆ كردنه‌وه‌ی سنووری زێتێ، هه‌ركه‌س له‌وانه‌ كارێكی بۆخۆی ده‌ست نیشان كردووه‌ كه‌ له‌ سنووره‌كه‌دا بیكه‌ن.

ماهیر خالید، هاونیشتمانییەکی خەڵکی سنوورەکە بە رووداوی راگەیاند: "خه‌ڵك سودی زۆر له‌ كرانه‌وه‌ی سنووره‌كه‌ ده‌بینێت، ئۆتۆمبێلی بارهه‌ڵگر و تاكسی ده‌كرین و بازرگانی ده‌كه‌ین".

كرانه‌وه‌ی ئه‌و به‌ربه‌سته‌ پارێزگای هه‌ولێر ده‌كاته‌ خاوه‌ن دووه‌مین ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و سێ به‌شی كوردستان به‌یه‌ك ده‌به‌سترێنه‌وه‌.

پێداچوونەوە؛ عومەر شایان

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە