رووداو دیجیتاڵ
تورکیا حەوت بەنداوی لەسەر رووباری هیزل دروستکردووە، وەکو بەشێک لە جووتیارانی سنووری زاخۆ دەڵێن، لە لایەک دروستکردنی ئەو بەنداوانە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئاو لە سنوورەکە و، هەروەها لە لایەکی دیکەشەوە بەهۆی هەبوونی خاڵی سەربازیی سوپای تورکیا لە دەڤەرەکە، ناتوانن وەکو پێویست ئاوی رووبارەکە بەکاربهێنن.
لوقمان سەعدی، جووتیارێکی گوندی رەبەنکایە لە سنووری زاخۆ و دەڵێت: "ئەوە 100 دارە و، لێرە چاندوومانن، هەشت ساڵە من لێرەم و هیچ سوودێکمان لە ئاوی رووباری هیزل نەبینیوە."
16 گوندی سنووری زاخۆ دەکەونە سەر رووباری هیزل، چوار گوند لە بەکارهێنانی ئاوی رووبارەکە بێبەش بوون، بەڵام تاوەکو ئێستا 12 گوندی دیکە ئاوی رووبارەکە بەکاردەهێنن.
ئەحمەد مستەفا، دانیشتوویەکی گوندی دۆرنەخێ بە رووداوی گوت: "تورکیا بەنداو دروستدەکات، ئەمە گوندەکانی دۆرنەخە، وارسورا، رەبەنکا، کیزاڤا و هەورێزێ هەموو پشت بە ئاوی رووباری هیزل دەبەستین و ساڵ بۆ ساڵ ئاوەکە کەمتر دەبێتەوە."
عەلی عەبۆ، هاونیشتمانییەکی دیکەی خەڵکی گوندی دۆرنەخێیە و باسی لەوە کرد: "ناوێرین بچینە سەر رووباری هیزل، ئاوی جۆیانە هەیە، بەڵام ئەویش پیسە، بەنێو ئەو کۆڵانانەدا دەچێت و پاشماوە و زبڵی تێدایە."
رووباری هیزل بە درێژایی 36 کیلۆمەتر بە سنووری زاخۆ تێدەپەڕێت تاوەکو دەگاتە سەر رووباری دیجلە، ئەو رووبارە ئاوێکی هاوبەشە لەنێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا، بەڵام لە دیوی هەرێمی کوردستانەوە تاوەکو ئێستا هیچ پلانێک بۆ دروستکردنی بەنداو لەسەر رووبارەکە نییە.
محەممەد سەلمان، بەرپرسی هۆبەی ئاودێریی زاخۆ بە رووداوی گوت: "دروستکردنی بەنداو پێویستیی بە رەزامەندیی هەرسێ لایەنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، حکومەتی عێراق و تورکیایە، چونکە بەنداو دەکەوێتە سەر رووباری هیزل و رووبارەکەش لەسەر هێڵی سنوورییە و ئێمە تاکلایەنە ناتوانین ئەو بەنداوە دروستبکەین."
بەگوێرەی هۆبەی ئاودێریی زاخۆ، بەهۆی وشکەساڵی و دروستکردنی بەنداو لەسەری، ئاستی ئاوی رووباری هیزل لە دوو مەتر و نیو بۆ مەترێک و 20 سانتیمەتر کەمبووەتەوە، ئەوەش کاریگەری لەسەر گوندەکانی سنوورەکە دروستکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ