چلەی ماتەمینی شەهید شیفا گەردی لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو

05-04-2017
مەحموود یاسین کوردی
مەڕاسیمی بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهید شیفا گەردی 5-4-2017
مەڕاسیمی بەڕێوەچوونی چلەی ماتەمینی شەهید شیفا گەردی 5-4-2017
نیشانەکردن شیفا گەردی
A+ A-

رووداو - هەولێر 

لە هۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری هەولێر، رێورەسمێک بۆ یادی چلەی شەهید شیفا گەردی بەڕێوەچوو، تێیدا سەرۆکوەزیران و جێگرەکەی و نوێنەری تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەندین فەرماندەی باڵای سوپای عێراق و پێشمەرگە  بەشداربوون.


نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان باسی لە ئازایەتیی شیفا گەردی کرد، کە لەنێو خێزانێکی ئاوارە گەورەبوو، توانیویەتی بگاتە ئاستێکی باڵا، لە رێگەی میدیاوە توانی وێنەکانی شەڕ بۆ خەڵک بگوازێتەوە.

هاوکات ئاکۆ محەممەد، بەڕێوەبەری گشتی تۆڕی میدیایی رووداو، لە دەستدانی شیفا گەردی بە كۆستێكی گەورە بۆ رووداو و تەواوی رۆژنامەڤانان وەسف كرد و ئاشكراشی كرد، كە لە ساڵیادی شەهید بوونی شیفا گەردی خەڵاتێكی نێودەوڵەتی دەبەخشنە ژنانی رۆژنامەڤان لەسەر ئاستی جیهان.

لە رێوڕەسمەکەدا چەندین فیچەر، دۆكیۆمێنتاری و برگەی جیاواز پێشكەشكران و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنی نەینەوا بە ناوی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانەوە، خەڵاتی كەسوكاری شەهید شیفایان كرد و لە گوتەیەكیشدا باوك و دایكی شەهید شیفا سوپاسی خەڵكی كوردستانیان كرد.

شیفا گەردی رۆژی 25-2-2017 لەكاتی رووماڵكردنی هەواڵەكانی شەڕی موسڵدا، بەهۆی بۆمبێكی چێنراوی داعش لەسەر چاڵی خەسفە، كە هێمای تاوانكاریی ئەو گرووپە تووندڕەوەیە، شەهیدبوو.

لەسەر ئاستی جیهانیش رووداوەكە دەنگی دایەوە و دەیان ئاژانسی جیهانی و رۆژنامەڤانی نێودەوڵەتی هاوخەمییان بۆ رووداو دەربڕی. لەسەر ئاستی وڵاتانیش هەریەك لە ئەمریكا، رووسیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، كەنەدا، توركیا، ئێران، بەریتانیا و فەڵەستین لەڕێگەی نوێنەرەكانیانەوە  پرسە و سەرۆخۆشییان ئاراستەی رووداو كرد.


داڕشتنەوە: راوچی حەسەن 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە