رووداو دیجیتاڵ
رۆژی چوارشەممەی رابردوو پەرلەمانی کوردستان یاسای کاری لە هەرێمی کوردستان پەسندکرد. وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "دوای بڵاوکردنەوەی یاساکە، رێنمایی پێویست بۆ جێبەجێکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان دەردەکەین."
کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی هەرێمی کوردستان رۆژی یەکشەممە 5-3-2023 بە رادیۆی رووداوی گوت، پەسندکردنی یاسای کار لە هەرێمی کوردستان هەنگاوێکی "گرنگ" بوو بۆ دەستەبەرکردنی مافی کرێکاران بە یاسا و بەپێی پێوەرە جیهانییەکان.
کوێستان محەممەد گوتیشی، لەدوای بڵاوبوونەوەی یاساکە لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان، وەزارەتەکەی "رێنمایی پێویست" بۆ جێبەجێکردنی یاساکە دەردەکات، چونکە "ئێمە داوامان کردووە یاساکە دوای سێ مانگ لە بڵاوکردنەوەی لە رۆژنامەی وەقایعی کوردستان بخرێتە بواری جێبەجێکردنەوە."
بەگوتەی کوێستان محەممەد، لە یاساکەدا پێناسەی کرێکار بەجۆرێکە کە پرۆفیسۆرێک کە لە زانکۆیەکی ئەهلی وانە دەڵێتەوە تاوەکو ژینگەپارێزێک و شۆفێری تاکسییەک دەگرێتەوە؛ گوتیشی "لە یاساکەدا دوو جۆر کرێکار هەیە. کرێکاری رێکخراو و کرێکاری رێکنەخراو. ئەرکی ئێمەوە وەکو وەزارەتی کار و حکومەت ئەوەیە کە یاساکە بەسەر هەموو کرێکارەکاندا جێبەجێ بکەین، ئینجا چ رێکخراو بن یان رێکنەخراو."
لەبارەی جێبەجێکردنی یاساکەوە، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، بۆ جێبەجێکردنی رێنماییەکانی یاسای کار، ئەو لیژنانەی دەچن و سەردانی شوێنەکان دەکەن هاوئاهەنگییان لەگەڵ سەندیکای کرێکاران و ژوورە بازرگانییەکان دەبێت و هەر کۆمپانیا و شوێنێکش پابەند نەبێت بە جێبەجێکردنی یاساکەوە سزا دەدرێت.
لەبارەی پشوو و مۆڵەتی کرێکارانەوە، وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی گوتی، بەگوێرەی یاسای کار، هەموو ئەو پشووە فەرمییانەی لە هەرێمی کوردستاندا پەرلەمان وەکو پشووی فەرمی ناساندوونی ئەوانیش دەگرێتەوە و بۆ بابەتی مۆڵەتیش لە یاساکەدا چەند جۆرێک مۆڵەت هەن، لەوانە مۆڵەتی ساڵانە، مۆڵەتی هاوژینی، مۆڵەتی نەخۆشی، مۆڵەتی پرسە، مۆڵەتی حەج و عومرە و مۆڵەتی منداڵبوون و دایکایەتی بۆ ئافرەتان.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ