جیهان
وێنەیەکی قاسم سولەیمانی لەسەر پۆستەرێک لە رێپێوانێکدا لە رۆژی قودس لە تاران لە ساڵی 2022 وێنە: WANA NEWS AGENCY/REUTERS
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پێشووی ئەمریکا دەڵێت، بڕیاربوو ئیسرائیل بە شێوەیەکی راستەوخۆ لە هێرشی کوشتنی قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێراندا بەشدار بێت، بەڵام دوو رۆژ پێش ئەنجامدانی هێرشەکە گوتیان "ناتوانین."
لە 03-01-2020، بە فەرمانی ترەمپ، لە نزیک فڕۆکەخانەی بەغدای پایتەختی عێراق، کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سولەیمانی کرایە ئامانج و لەگەڵ ئەبو مەهدی موهەندیس، جێگری سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی کوژرا.
ترەمپ لە نێوەڕاستی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردووش باسی لەم بابەتە کرد کاتێک کە رەخنەی لە بنیامین نەتەنیاهوو، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گرت لە بەرامبەر شکستهێنانی لە رێگریکردن لە هێرشەکەی حەماس.
بە گوتەی ترەمپ، تاوەکو پێش دوو رۆژ لە ئۆپەراسیۆنی کوشتنی سولەیمانی، ئیسرائیل لەنێو پلانەکەدا بوو بۆ ئەوەی راستەوخۆ لە هێرشەکەدا بەشداربێت، بەڵام دواتر "ساردبووەوە"، ئەوەش لەبەرئەوەی نەیویستووە راستەوخۆ لەگەڵ ئێران بکەوێتە ململانێوە.
ترەمپ لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ فۆکس نیوزی ئەمریکی دەڵێت، "کاتێک سولەیمانیمان لەنێوبرد، بڕیار وابوو ئیسرائیل لەگەڵ ئێمە بەشداربێت. دوو رۆژ پێش لەنێوبردنەکەی، گوتیان، 'ناتوانین بیکەین. ناتوانین بیکەین. گوتم، 'چی؟'"
دوای ئەوە، ترەمپ دەڵێت، "من جەنەراڵێکم هەبوو، کە کەسێکی زۆر باشە، گوتم، 'باشە جەنەراڵ، ئێمە بە تەنیا بیکەین؟' ئەو گوتی، 'گەورەم، دەتوانین، بڕیار لە دەستی تۆیە.' منیش گوتم، 'دەیکەین.'"
سەرۆکە کۆمارییەکە لەبارەی ناتەنیاهوو، دەڵێت: "ئیسرائیل بەشێک بوو لە پلانەکە. بیبی [نەتەنیاهوو] بەشێکی گەورەی پلانەکە بوو. پلانی هەموو شتێکمان دانابوو، هەموو شتێک، چونکە ئەوەی سولەیمانی کردی، خراپ بوو. ئەوەی بەسەر ئێمەیدا هێنا، زۆر خراپ بوو. زۆر سەربازی ئێمەی کوشت. خەڵکێکی زۆری کوشت."
ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، ئەو هێرشەی 28ـی مانگی رابردوو لە ئوردن بووە هۆی کوژرانی سێ سەربازی ئەمریکی، لە سەردەمی ئیدارەی ئەودا، "هەرگیز رووینەدەدا،" چونکە ئەو هەنگاوانەی ئیدارەکەی دەینان، وایان لە تاران کردبوو پێش هەر هێرشێک بۆ سەر سەربازانی ئەمریکی، واشنتن ئاگادار بکەنەوە بۆ ئەوەی گرژییەکان زۆر هەڵنەچن.
ترەمپ لە ساڵی 2021، گوتبووی کە چاوەڕێی ئەوە بووە ئیسرائیل و نەتەنیاهوو رۆڵی زیاتر لە کوشتنی سولەیمانیدا بگێڕن. ئەوکات بە میدیای ئەمریکی گوت: "ئیسرائیل کارە راستەکەی نەکرد،" هەروەها ئاماژەی بەوە کردبوو کە لە داهاتوودا وردەکارییەکان دەخاتەڕوو.
قاسم سولەیمانی لە ئێران بە قارەمان و لە ئیسرائیل و ئەمریکا بە تیرۆرست دادەنرێت؛ بەرپرسی ستراتیجیی سەربازیی سوپای پاسداران بوو لە دەرەوەی وڵات.
دوای کوشتنی سولەیمانی، ناتەنیاهوو ستایشی ترەمپی کرد.
ناتەنیاهوو گوتبووی: "ترەمپ شایەنی هەموو ستایشێکە کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە، بەهێز و خێرا هەنگاوینا. ئێمە بە تەواوی پشتیوانیی ئەمریکا دەکەین لە جەنگەکەیدا بۆ ئاسایش، ئاشتی و بەرگریلەخۆکردن."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ