رووداو دیجیتاڵ
دامەزراوەی پەروەردەی مووش بەپاساوی ئەوەی تەنانەت یەک مامۆستای کوردیش لەو پارێزگایەدا نییە، رێگری لە مافی راهێنانی خوێندکارانی قۆناخی چوارەمی بەشی کوردیی زانکۆی ئاڵپئارسلانی مووش دەکات و رێگە نادات خوێندکاران راهێنانەکانیان تەواو بکەن.
لە باکووری کوردستان و تورکیا زمانی کوردی لە هەموو ئاست و قۆناخێکدا رووبەڕووی ئاستەنگ و کێشە دەبێتەوە. لە پارێزگای مووش، خوێندکارانی قۆناخی چوارەمی بەشی کوردی کە ناچارن مەشق و راهێنانەکانیان بکەن، رووبەڕووی ئاستەنگ دەبنەوە و دامەزراوەی پەروەردەی مووش رێگەیان پێنادات مەشق و راهێنانەکانیان تەواو بکەن.
ژمارەیەک لە خوێندکارانی بەشی کوردیی زانکۆی ئاڵپئارسلان لە شاری مووش کە نەیانویست ناویان ئاشکرا بکرێت، بە تۆڕی میدیایی رووداویان راگەیاند، "ئێمە لە قۆناخی چواری بەشی کوردی دەخوێنین و وەک هەر بەشێکی دیکە، دەبێت لە کۆتا ساڵی خوێندنمان بچینە قوتابخانەیەک و لەگەڵ مامۆستاکان راهێنان بکەین، بەڵام دامەزراوەی پەروەردەی مووش رێگەمان پێنادات مەشق و راهێنانمان تەواو بکەین بەپاساوی ئەوەی مامۆستای کوردی لە مووش نییە. کاتێک ئێمە مەشق و راهێنانمان تەواو نەکەین، ناتوانین ببینە مامۆستا، یان دەبێت بچینە زانکۆیەکی دیکە بۆ راهێنان. ساڵانی رابردوو قوتابییانی بەشی کوردی، لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکانی دیکە مەشق و راهێنانیان تەواو دەکرد، بەڵام ئەم ساڵ رێگری لەوە کرا."
شێخمووس ئۆرکن، بەرپرسی بەشی کوردی زانکۆی ئاڵپئارسلان لە شاری مووش بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەم ساڵ خوێندکارەکانمان کێشەی وەرگرتنی مەشق و راهێنانیان هەیە. ساڵانی رابردوو خوێندکارەکانمان لەگەڵ مامۆستایانی بەشەکانی دیکەدا مەشق و راهێنانەکانیان دەکرد، ئێمە هەوڵی چارەسەرکردنی کێشەکە دەدەین و کۆبوونەوەکانمان لەگەڵ دامەزراوەی پەروەردەی مووش بەردەوامە."
لە باکووری کوردستان بەشی بەکالۆریۆس و ماستەر لە زمانی کوردی لە زانکۆکانی مێردین، مووش، چەولیگ و دێرسم هەیە، لە زانکۆی وان تەنیا ماستەری کوردی و لە زانکۆکانی مێردین، ئامەد و وان دکتۆرای کوردی هەیە. تائێستا زیاتر لە دوو هەزار خوێندکار بەشی کوردییان تەواوکردووە، بەڵام کەمتر لە 100 مامۆستا دامەزراون. 50 لەو مامۆستایانە لە مانگی ئایاری 2023 بەر لە هەڵبژاردنی 14ـی ئایار دامەزریندراون کە 35 مامۆستایان بۆ بەشی کرمانجی و 15ـەکەی دیکەشیان بۆ بەشی زازاکی بوون.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ