رووداو دیجیتاڵ
لە سەیدسادق شەڕەتەقە لەنێوان چەند کەسێکدا روویدا. بەهۆیەوە کەسێک کوژراوە و کەسێکی دیکەش بریندار بوو. بەپێی گوتەی شایەتحاڵێک، "ئەو کەسانە خزمی یەکدین، کێشەی کۆمەڵایەتیی کۆنیان لەنێواندا بووە."
شەوی چوارشەممە، 04-09-2024 پەیامنێری رووداو گوتی، کە رووداوەکە لەنێوان دوو ماڵبات روویداوە. بەپێی زانیارییەکان "بکوژەکە تەمەنی 57 ساڵە و کوژراوەکە 52 ساڵ."
شایەتحاڵێک لەبارەی رووداوەکەوە گوتی: "کێشەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتییە، ئامۆزازای یەکدین، کێشەیەکی کۆنیان لە نێوان بووە، هەردووکیان تەقەیان لە یەکدی کردووە."
شایەتحاڵەکە باسی لەوەشکرد، "کێشەکە دوو ساڵ دەبێ روویداوە، بەڵام ئەم چەند رۆژانە کێشەکەیان زیاتر گەورە بووە."
پەیامنێری رووداو دەڵێت: هێزێکی زۆری ئەمنی هێنراونەتە سەیدسادق تاوەکو کێشەکە زیاتر نەبێ، چونکە دوای رووداوەکە دەنگی تەقەی تر لە شارەکە بیستراوە.
تاوەکو ئامادەکردنی هەواڵەکە، هیچ لایەنێکی ئەمنی لەبارەی رووداوەکە روونکردنەوەی بڵاونەکردووەتەوە.
تەرمی ئەو کەسەی لە شەڕەتەقەکەدا گیانی لەدەستداوە رەوانەی دادپزیشکیی سلێمانی کراوە و بریندارەکەش بۆ چارەسەر رەوانەی سلێمانی کراوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ