فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد

04-03-2024
نیاز مستەفا
نیشانەکردن مادەی هۆشبەر ورمێ سێنتکۆم
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد و لەوێ لەگەڵ خەڵک و بەرپرسانی خۆجێیی کۆبووەوە، هەروەها چووە کەمپەکانی رۆژ و هۆل.
 
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند  فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی هەریەک لە رۆژئاوای کوردستان، میسر، سووریا، ئوردن و ئیسرائیلی کرد. 
 
رۆژی دووشەممە، 4ـی ئاداری 2024 (بەکاتی هەولێر) فەرماندەیی ناوەندی سوپای ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند "رۆژانی 26ـی شوبات تاوەکو دووی ئادار، جەنەرال مایکڵ ئێرێک کورێلـلا  (فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا) سەردانی میسر، ئوردن، سووریا و ئیسرائیلی کرد." ئامانجی سەردانەکەش بۆ ئاگاداربوون بوو لە دۆخی ئەمنی و بارودۆخی مرۆیی و کۆبوونەوە لەگەڵ ئەندامانی هێزەکانی ئەمریکا و هاوبەشەکانیان. 
 
رۆژانی 28 و 29ـی مانگی رابردوو کورێلا سەردانی رۆژئاوای کوردستانی کرد. لە رۆژئاوای کوردستان فەرماندە ئەمریکییەکە سەردانی هەریەک لە شاری رمێلان و کەمپەکانی هۆل و رۆژ ی کرد. بەگوێرەی سێنتکۆم، ئەو دوو کەمپە شوێنی مانەوەی 45 هەزار کەسوکاری داعشن. 
 
لەو سەردانەیدا بۆ رۆژئاوای کوردستان مایکل ئێرێک لەگەڵ فەرماندەکانی هەسەدە کۆبووەوە و پرسی چەکدارانی داعشیان تاوتوێکرد؛ ئەمە جیا لە هەڵسەنگاندنی تواناکانیان بۆ شەڕی دژی داعش. 
 
سێنتکۆم لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوەش کرد، فەرماندەکەیان رۆژی 27ـی مانگی رابردوو سەردانی دوو شاری میسری کرد، بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی ناردنی هاوکارییەکان لە میسرەوە بۆ رەفەح.
 
فەرماندەی سێنتکۆم لەگەڵ نوێنەرانی بەشێک لە رێکخراوە نێودەوڵەتی، سوپای دووی میسر کە بەشێکە لە سوپای میسر و بەرپرسانی باڵیۆزخانەی ئەمریکا لەو وڵاتە کۆبووەوە. 
 
لەو کۆبوونەوەیەدا لایەنە بەشداربووەکان باسیان لە ئاڵنگارییەکان، دەرفەتەکان و ئاستی پاڵپشتیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ زیادکردنی گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ کەرتی غەززە کرد. 
 
دواتر فەرماندە ئەمریکییەکە سەردانی ئوردنی کرد و بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی جەنگی ئیسرائیل و حەماس، هێرشی حووسیەکانی یەمەن بۆ سەر کەشتییەکانی نێو دەریای سوور و لەگەڵ یوسف ئەلحنەیتی، سوپاسالاری وڵاتەکە و ستافەکەی کۆبووەوە. 
 
لە کۆتاییدا فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا سەردانی ئیسرائیلی کرد و لەگەڵ بەشێک لە بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کۆبووەوە؛ لەوانەش یۆواڤ گالانت، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل. لەو کۆبوونەوەیەدا گفتوگۆ لەبارەی نیگەرانییە ئەمنییەکانی نێو و دەرەوەی ئیسرائیل و بارودۆخی مرۆیی کەرتی غەززە کرا. 
 
لە دەستپێکی جەنگی ئیسرائیل و حەماسەوە دۆخی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست تووشی ناسەقامگیری زیاتر بووە و هێرشەکانیش بۆسەر هێزەکانی ئەمریکا زیادیانکردووە. بە گوێرەی بەرپرسانی ئەمریکا، تەنیا لە عێراق و سووریا لانیکەم 160 هێرش کراونەتەسەر هێزەکانیان. 
 
جەنگەکەش دوای ئەوە دەستیپێکرد، کە لە 7ـی تشرینی یەکەمی پار، چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس هێرشیان کردە سەر ئۆردووگا جوونشینەکانی دەوروبەری کەرتی غەززە. لەو رۆژەدا، بە گوتەی سوپای ئیسرائیل، هەزار و 160 کەس کوژران، "کە زۆربەیان سڤیل بوون." بە گوێرەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەو رۆژەی حەماس هێرشەکەی کرد، لانیکەم 240 هاووڵاتیی ئیسرائیلی کەوتنە دەست ئەو گرووپە چەکدارە و ئیستا 130ـیان لاماون. 
 
لە بەرامبەردا ئیسرائیل وەڵامی هێرشەکەی بە بۆردوومانکردن و هێرشکردنەسەر کەرتی غەززە دایەوە. بە گوتەی تەندروستی کەرتی غەززە، بەهۆی هێرش و بۆردوومانەکانی ئیسرائیلەوە نزیکەی 30 هەزار و 500 کەس کوژراون و 71 هەزار و 700ی دیکەش بریندار بوون. 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

نمایشێکی هێزەکانی پێشمەرگە. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

وەزارەتی پێشمەرگە: هێزەکان لە ناوچەکانی سەرکردایەتیدا رێکدەخرێنەوە

وەزارەتی پێشمەرگە بڕیاریدا، دوو ناوچەی سەرکردایەتیی بۆ رێکخستنەوە و یەکخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ژێر سەرکردایەتیی وەزارەتی پێشمەرگەدا دابمەزرێندرێت کە بە "دەستپێکی قۆناخێکی نوێ" بۆ هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێناسەی دەکات.