رووداو دیجیتاڵ
لە گوندێکی سنووری باشیک لە پارێزگای نەینەوا دوو هاووڵاتی عەرەب کە بۆ گەشتکردن چووبوونە ئەو گوندە لە رووباری خازر خنکان. بەرگریی شارستانیی ئاکرێ دەڵێت، تەرمەکانیان دەرهێندراون.
عەقید ئیبراهیم فەریق، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، کاژێر 04:30 خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ خێزانێک بە بنەچە عەرەب بۆ گەشتکردن سەردانی گوندی سێ کانی لە سنووری ناحیەی باشیکی سەر بە موسڵیان کردبوو و چووبوونە سەر رووباری خازر.
وەک عەمید سەعدی بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی بەردەڕەش بە رووداوی گوت، سەرەتا منداڵێکی هەشت ساڵان کەوتووەتە نێو ئاوی خازر و دواتر ژنی مامی ئەو منداڵە هەوڵی رزگارکردنی دەدات، بەڵام هەردووکیان پێکەوە خنکان.
لەبارەی ناسنامەی قوربانییەکان، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی ئاکرێ گوتی، ئەوانەی خنکاون ناویان شوکری محەممەد، کە تەمەن هەشت ساڵانە و ئیمان سەعدی کە دەکاتە ژنی مامی شوکری کە تەمەن 27 ساڵانە، هەردووکیان خنکان.
دوای ئەوەی کەوتوونەتە نێو ئاوەکەوە، بەگوتەی عەقید ئیبراهیم فەریق، لەلایەن خەڵکەوە تەرمەکان دەرهێنراون و بۆ دادپزیشکی دهۆک گواستراونەتەوە.
ئەیوب نەسری، پەیامنێری رووداو لە دهۆک لە ئامادەکردنی ئەم هەواڵەدا بەشداییکردووە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ