لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی: 614 فرۆشگە و شوێن بەهۆی سەرپێچییەوە سزادراون

04-02-2024
محەممەد رەحیم کەریم @Mohammed_mrk
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە شەش هەزار سەردانیان بۆ بازاڕ و فرۆشگەکان هەبووە و 614 شوێن بە بڕی نزیکەی 40 ملیۆن دینار سزا دراون، دەشڵێت، "سەرپێچییەکان کەمترە لە 10٪، ئەوەش رێژەیەکی باشە".
 
گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژار لە رادیۆی رووداو، کە محەممەد رەحیم کەریم پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی لە رێگەی 46 لیژنەی جیاوازەوە چاودێریی بازاڕ و فرۆشگەکان دەکەن.
 
گۆران قادر گوتی، لە مانگی کانوونی دووەمی 2024دا شەش هەزار و 687 سەردانی مەیدانی لەلایەن لیژنە هاوبەشەکانەوە بۆ فرۆشگە و شوێن و بازاڕەکان لەلایەن ئەو 46 لیژنەیەوە کراون. لیژنەکان لەو ماوەیەدا 614 پسوولەی سەرپێچی بۆ فرۆشگە و شوێنەکان کردووە، 282 شوێن پسوولەی ئاگادارکردنەوەیان بۆ کراوە و 6 شوێنیش داخراون.
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی دەڵێت: "بەراورد بە ژمارەی ئەو سەردانانەی کە لەماوەی ئەو مانگەدا کردوومانن، رێژەی سەرپێچییەکان لە ئاستێکی نۆرماڵدایە کە کەمتر بووە لە 10٪ کە ئەمە رێژەیەکی باشە."
 
دەشڵێت، بەهۆی سەرپێچیکردنەوە یەک کەیس ئاراستەی دادگە کراوە بۆ ئەوەی رێکاری یاسایی بەرامبەر بگیرێتەبەر.
 
لەبارەی بڕی ئەو خۆراک و کاڵایانەی بەهۆی خراپبوون و بەسەرچوونی ماوەی بەکارهێنانیان لەنێو براون، گۆران قادر گوتی، لەو ماوەیەدا 31 تۆن خۆراک و ماددەی خراپ و ماوەبەسەرچوو لەرێگەی لیژنەی تایبەتەوە لەنێوبراون و نزیکەی 40 ملیۆن دینار پسوڵەی سەرپێچی بۆ ئەو فرۆشگە و شوێنانە کراوە کە سەرپێچییان کردووە.
 
سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی سلێمانی گوتی، بەدواداچوون بۆ راستی و دروستی هەموو سکاڵایەک دەکەن کە پێیان دەگەیێنرێت، هاونیشتمانییان دەتوانن لەکاتی هەر سەرپێچی و گرفتێک لەبازاڕەکاندا پەیوەندی بە هێڵی گەرمی لیژنە هاوبەشەکانەوە (07708677777) بکەن، بەدواداچوون بۆ سکاڵاکانیان دەکەن. 
 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

وەزارەتی دارایی دەڵێت، تائێستا نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لە 'هەژماری من' تۆمار کراون

وەزارەتی دارایی: ساڵی داهاتوو پڕۆژەی 'هەژماری من' رادەستی وەزارەتەکەمان دەکرێت

وەزارەتی دارایی دەڵێت، هەرێمی کوردستان دەتوانێت بۆ پڕۆژەی هەژماری من سوود لە سەرجەم ئەو بانکە ئەهلییانە وەربگرێت کە لەلایەن بانکی ناوەندیی عێراقەوە مۆڵەتی کارکردنیان پێدراوە.