بەرەیەکی سیاسیی بایکۆت و ناڕازی لە دایک دەبێت؟

03-11-2021
زوبێر رەسوڵ
نیشانەکردن هەڵبژاردنی پێشوەخت
A+ A-
هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی عێراق دوو گۆڕانکاری چاوەڕواننەکراوییان بەدوای خۆیاندا هێنا کە بە دڵنیاییەوە دواتر رەنگدانەوەی دەبێت بەسەر تەواوی پڕۆسەی حوکمڕانی هەم لە عێراق و هەمیش لە هەرێمی کوردستاندا. گۆڕانی یەکەم بریتییە لە گۆڕانی پێگەی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکان کە پێشتر کاراکتەری گرنگی ناو پڕۆسی سیاسی بوون لە عێڕاقدا، هەندێکییان ژمارەی کورسییەکانییان زیاتر لە ٥٠٪  کەمی کردوو هەندێکیشیان هیچ کورسییێکییان نەهێنا؛ بۆ نموونە هەریەکە لە لستەکەی ئوسامە نوجەیفی لە عێراق و هەروەها لە هەرێمی کوردستانیش بزووتنەوەی گۆڕان. گۆڕانکاری دووەم کە کاریگەری زۆری دەبێت لەسەر پڕۆسەی حوکمڕانی لە عێراق و تاڕەدەیەکی کەمتریش لە هەرێمی کوردستان کەمی رێژەی بەشداریکردن بوو کە زیاتر لە 60٪ـی خەڵک بەشداری نەکرد. ئەمە بۆ وڵاتێکی لاواز و پڕکێشەی وەک عێراق کە چاندان کێشەی دیکەی هەیە ئەنجامێکی مەترسیدارە و کاریگەری لەسەر شەرعیەتی پڕۆسەی سیاسی و سەقامگیری سیاسی عێراق دەبێت، بە تایبەت ئەو میلیشیا و لایەنانەی کە شکستیان خواردووە لەم هەڵبژاردنەدا هەوڵدەدەن ئەو کەلێنە بقۆسنەوە. 
 
ئەوەی تایبەت بێت بە هەرێمی کوردستان، ئێستا بۆشاییەکی سیاسی دروستبووە بە تایبەت لە دەڤەری سلێمانی و دەوروبەری، چونکە بزووتنەوەی گۆڕان کە سەرقافڵەی ئۆپۆزیسیۆن بوو ئەو جارە نەیتوانی تەنانەت کورسیێکیش بە دەستبهێنێت. هەرچەندە نیگەران بوون لە لایەنە ئۆپۆزیسیۆنییەکانی هەرێم دەمێکە هەستی پێدەکرێت، چونکە لە ئاست ئەو هیوا سیاسییە نەبوون کە بۆ جەماوەری خۆییان دروستییان کردبوو. 
 
هەرچەندە لەوانەیە بڵێین ئەی پارتە ئیسلامییەکان نوێنارایەتی ئۆپۆزیسیۆن ناکەن، یانیش نەوەی نوێ کە سەرکەوتنێکی باشی لەم هەڵبژاردنەدا بەدەستهێناوە. بە پشتبەستن بە ئەزموونی پارتە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان دەتوانین بڵێین کە خەڵک بە گشتی پارتە ئیسلامییەکان وەک ئۆپۆزیسیۆن نابینێ، پێشیان وانییە کە بتوانن ئەو رۆڵە بگێڕن، ئەمەش هۆکاری زۆرە کە مەبەستی ئەو بابەتە نییە. 
 
سەبارەت بە "نەوەی نوێ" ش تا ئێستا روانگە و بەرنامەییان دیارنییە کە چۆن مامەڵە لەگەڵ پرسە سیاسی و نیشتمانییەکان دەکەن، چۆن دەڕواننە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان، ئەم پرسە و چەندان پرسی دیکە کە جارێ دیارنین؛ کورسییهێنان بە دەستهێنانی دەنگی خەڵکی ناڕازی لەو قۆناخەی تووڕەیی و نائومێدیی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستان هەیە شتێکی ئەستەم نیە، بەشێکی زۆری خەڵک کە دەنگی داوە بە نەوەی نوێ لەبەر دڵسۆزیی و باوەڕی سیاسییان نییە بەو بزووتنەوە سیاسییە، بەڵکو لە تووڕەییانە لەو دۆخە و هیچی لایەنێکی دیکەیان شکنەبردووە دەنگی پێبدەن، بۆیە پێموانییە نەوەی نوێ بتوانێ پێگەیەکی سیاسی سەقامگیری هەبێت لە هەڵبژاردنەکان، بەڵکو دۆخی نەوەی نوێ پەیوەستە بەو بۆشاییە سیاسییەی کە لە کوردستاندا دروست بووە دوای ئاوابوونی خۆری بزوتنەوەی گۆڕان.
 
کۆی ئەم فاکتەرە سیاسییانەی ئاماژەمان پێدان وایکردووە ئێستا بیر لە دروستکردنی هێزێکی سیاسی ئۆپۆزیسیۆن بکرێتەوە کە سوود لە دەنگی ناڕازیی و ئەو بۆشاییەی بزوتنەوەی گۆڕان جێیهێشتووە ببیینرێت. بۆیە پێشبینی دەکەم لە ئێستاوە بیر لە دروستکردنی هێزێکی لەم جۆرە بکرێتەوە بە تایبەت لە لایەن چەند سەرکردەیەکی بزووتنەوەی گۆڕان کە بتوانن سوود لەو دۆخە ناڕازییەی ئێستای خەڵک وەربگرن، بە تایبەتیش لە دەڤەری سلێمانی کە بۆشایێک دروستبووە لە سەروبەری هەڵوەشانەوەی بزووتنەوەی گۆڕان و هەروەها ئەو دۆخەی ئێستا یەکێتی پێیدا تێپەڕدەبێت.
 
بەپێی هەندێک زانییاریی بێت بەشێک لەو سەرکردانە ئێرانییشیان لە دروستکردنی هێزێکی لەو جۆرە ئاگادار کردووەتەوە. دیارە ئەم هێزە دەبێت تا زووە خۆییان کۆبکەنەوە و ئامادەکاری بکەن بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان. بوونی دۆخی لەرزۆکی ناو یەکێتی دیسان هاندەرە بۆ دروستبوونی هێزێکی وەها، ئەگەری هەیە لاهوور شێخ جەنگیش بێتەپاڵیان، یانیش هەوادارانی ئاراستە بکات کە پاڵبدەنە ناو ئەو هێزە سیاسییە، چونکە ئەم هێزانە گشتییان فاکتەرێکی سەرەکی کۆییان دەکاتەوە کە ئەویش دژایەتی پارتی و یەکێتییە (هەڵبەتە لە ئێستا)، ئەمەش بۆ لاهوور جەنگی ئامانجێکی سەرەکییە، نەک هەر ئەوە بەڵکو دوورنییە دکتۆر بەرهەمیش لێیان نزیکبێتەوە، بە تایبەت ئەگەر یەکێتی بەربژێرێکی دیکەی هەبێت بۆ سەرۆککۆماری عێراق. ئەوەی جێگای پرسیارە، ئایا لەم قۆناخی نائومێدیی و رەشبینییەی سیاسی کە لەلایەن زۆرینەی جەماوەری هەرێمی کوردستان دروستبووە دەرفەتێک هەیە بۆ سەرکەوتنی هێزێکی لەو جۆرە؟ بە تایبەت بۆ چەند کاراکتەرێکی سیاسی کە پێشتر بەشێک بوونە لە لایەنە سیاسییەکانی دیکە، ئەوەی لە هەمووشی گرنگترە ئەوەیە، ئەو بەرەیەی کە پێشبینی دەکرێت دروستبێت سەرکردەیەکی سیاسی کاریزماتیکییان تێدا نییە کە زۆر گرنگە لەم قۆناخەدا بۆ سەکەوتن و سەقامگیری بزووتنەوەیەکی لەم شێوەیە. دکتۆر بەرهەم کەمێک ئەو کاریزماییەی هەبوو بەڵام لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ ناو یەکێتی و جێهێشتنی هاوەڵەکانی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار ئێستا ئەو خەسڵەت و پێگەیەی نەماوە. 
 
ئەوەی رەنگە جێگای ئومێد بێت بۆ هاتنەکایەوەی بزاڤێکی سیاسی لەو کاتەدا سەرزەمینی سلێمانییە کە لەوپەڕی نائومێدی سیاسی دایە، ئەو پارتەی کە خاوەن پێگەی سیاسیشە لەو دەڤەرە بە دەست چەند کێشەیەکی جەوهەرییەوە دەناڵێنێت، بەڵام دەبێت ئەوەش بڵێین کە ئێستا لە سلێمانیش پێشوازی کردن لە هاتنەکایەوەی بزووتنەوەیەکی وەها بێ بەربەست نییە، بە تایبەت کە بەشێکی زۆری خەڵکەکەی هەستدەکەن سلێمانی لە دوای 2009 باجێکی زۆری ئەو ململانێ سیاسییەی لایەنە سیاسییەکانی داوە، بێ ئەوەی هیچ سوودێکییان بۆ سلێمانی هەبێت. پرسێکی دیکە ئەوەیە ئایا ئەم بەرە ناڕازییە رەنگ و دەنگەکەی سەرانسەری کوردستان دەگرێتەوە یان تەنیا لە جوگرافیای سیاسی سلێمانی تێناپەڕێت، راستە بایکۆت و دەنگی ناڕازی لە هەموو کوردستان هەبووە بەڵام مەرج نییە ئەو بەرە ناڕازییەی کە لە سلێمانی هەڵدەقوڵی بتوانێ هەموو کوردستان بگرێتەوە، واتا ئەو كێشەیەی کە تا ئێستا زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیانە، بە پارتیشەوە. پرسێکی دیکەی گرنگ ئەوەیە ئایا هێزێکی لەو جۆرە پاڵپشتی هەرێمی دەبێت کە زیاتر مەبەستم ئێرانییەکانە، پێموانییە بوونی ناسەقامگیری زیاتر لە دەڤەری سلێمانی لە خزمەتی ئێرانیشدا بێت، چونکە ئێستا ئێرانییەکان بەرژەوەندییەکانییان پارێزراون لەگەڵ یەکێتیداو نایانەوێت سەرئێشەی زیاتر بۆ یەکێتی دروستبێت، تورکەکانیش بە هەمان شێوە پێموانییە دروستبوونی بەرەیەکی لەم شێوە لە بەرژەوەندی خۆییان ببینن، چونکە ئێستا جۆرێک لە پەیوەندی سەقامگیر لە نێوان یەکێتی و تورکییادا هەیە. ئەمانە گشتیان فاکتەری کاریگەر دەبن لەسەر ئەم بزووتنەوەی سیاسییە ئەگەر لە دایک بێت، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پشتگیری نێوخۆیی و هەروەها ئەو بۆشاییە سیاسییەی کە هەیە سەنگی مەحەکی دروستبوونی ئەو بزووتنەوە سیاسییەن کە دەتوانین لەو قۆناخەدا بە بەرەی ناڕازییەکان ناوییان بنێین. 
 
د. زوبێر رەسوڵ  

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

د. عادل باخەوان، بەڕێوەبەری ناوەندیی فەرەنسی بۆ توێژینەوە لەسەر عێراق

عێراقی نوێی کۆماری ئیسلامیی ئێران!

پەیوەندیی نێوان ئێران و میزۆپۆتامیا کە دواتر دەبێت بە عێراق، چەندین سەدە تێدەپەڕێنێت و ناکرێت بە تەنیا لە کۆماری ئیسلامیی ئێراندا کورت بکرێتەوە. لەبیرمان نەچێت ساسانییەکان یەکەم پایتەختی خۆیان لە میزۆپۆتامیا و شاری تێسیفۆن کە تەنیا 30 کیلۆمەتر لە بەغدای ئێستاوە دوورە