رووداو دیجیتاڵ
هێزە ئەمنییەکانی تورکیا لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکووری کوردستان هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی شارەوانیی شارەکە، دواتر محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی شارەکەیان لە وان دەستبەسەرکرد.
پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی) ئەمڕۆ (دووشەممە، سێی حوزەیران) لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، شەوی رابردوو هێزەکانی پۆلیس باڵەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگیان گەمارۆداوە و بەیانی ئەمڕۆش بە زۆر چوونەتە نێو باڵەخانەکەوە.
دەم پارتی رایگەیاندووە، محەممەد سدیق ئاکش، سەرۆکی شارەوانیی جۆلەمێرگیش لە وان دەستبەسەرکراوە.
ئەو پارتە لە پۆستەکەیدا نووسیویەتی "بەرەبەیانی ئەمڕۆ پۆلیس بە زۆر چووە نێو باڵەخانەی شارەوانیی جۆلەمێرگ. ئێمە بیرۆکەیەی قەییووم رەتدەکەینەوە. گەلەکەمان لە 31ـی ئاداردا نیشانیدا ئەم بیرۆکەیە قبووڵ ناکات. ئەم چەمکەی کودەتاچی و قەییوومە نەوەک هەر بۆ سەر جۆلەمێرگ، بەڵکو بۆ هەموو خەڵکی تورکیا هەڕەشەیە. گەلەکەمان هەڵوێستی دیموکراسی خۆی دەردەبڕێت."
دەم پارتی داوای لە هەموو ئەو کەسانە کردووە کە پشتیوانیی دیموکراسی دەکەن، هەڵوێستی خۆیان دژی ئەو هەڵمەتە نیشان بدەن.
رۆژی 31-3-2024 هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا لە باکووری کوردستان و تورکیا بەڕێوەچوو. محەممەد سدیق ئاکش، بەربژێری دەم پارتی لە جۆلەمێرگ رێژەی 48.91٪، عیسمەت ئۆلمەزی بەربژێری ئاکپارتی 46.57٪ و جونەیت ئۆزبەکی بەربژێری جەهەپە 1.42٪ـی دەنگەکانیان بەدەستهێنا.
لە توویتەری رووداو کورمانجییەوە؛ پۆلیس دەوروبەری شارەوانیی جۆلەمێرگیان گرتووە:
Hevşaredarê #Colemêrg'ê Mehmet Siddik Akiş li Wanê hat desteserkirin
— RudawKurdi (@RudawKurdi) June 3, 2024
📌 Polîsan Şaredariya Colemêrgê dorpêç kir #MehmetSiddikAkişhttps://t.co/TE183GA371 pic.twitter.com/TbRl4vbZKG
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ