لە سلێمانی مامۆستایان بایکۆتی خوێندن دەشکێنن

03-03-2018
مامۆستایانی ناڕازی: سوورین لەسەر داواکانمان
مامۆستایانی ناڕازی: سوورین لەسەر داواکانمان
نیشانەکردن مامۆستا
A+ A-

رووداو-  سلێمانی 

دوو مانگ بەر لە ئێستا مامۆستایانی سنووری پارێزگای سلێمانی وانەکانیان بە تەواونەکراوی جێهێشت و پرۆسەی خوێندن وەستا. پاش دوو مانگ و هەوڵی بەردەوام بۆ شکاندنی بایکۆت، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی پەروەردەی سلێمانی لەڕێگەی بەڕێوەبەری قوتابخانەکانەوە سەرجەم مامۆستایان و کەسوکاری قوتابیان ئاگاداردەکاتەوە، رۆژی 4-3-2018 مانگ بگەڕێنەوە هۆڵەکانی خوێندن.

بەرپرسێکی یەکێتی مامۆستایان دەڵێت، گەڕانەوەی مامۆستایان دەبێت خۆڕسکانە بێت و ئازادبن لەوەی بڕیاری چی دەدەن.

عەتا ئەحمەد، جێگری سەرۆکی لقی سلێمانی یەکێتیی مامۆستایان دەڵێت "هەندێک قوتابخانە ئاگاداریان بڵاوکردووەتەوە و داوایانکردووە کە ناوەندەکانی خوێندن بکرێنەوە، چۆن بڕیاری خۆڕسکانە درا بۆ بایکۆت، ئەم بڕیارەش خۆڕسکانەیە. دەبێت ئێمە مامۆستایان سەربەست و ئازاد بکەین چی بڕیارێک دەدەن و رێز لە بڕەیارەکەشیان بگرین".

بەشێک لە مامۆستایان لە بە بڕیارەکەی پەروەردە ناڕازین، بەڵام بە بەیاننامەیەکی نەرمتر لە هەڵوێستی پێشتریان، مامۆستایانی ناڕازی پشتیوانی لە بەردەوامی بایکۆت دەکەن.

مامۆستایانی ناڕازی لە چەند خاڵێکدا دواکەوتنی پرۆسەی خوێندن دەخەنە ئەستۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی بۆ ئەو هەوڵانەش دەردەبڕن کە بۆ هێنانەدی خواستەکانیان گیراوەنەتەبەر.

ئامانج تاهیر، ئەندامی ئەنجوومەنی مامۆستایانی ناڕازی دەڵێت "دڵنیایی دەدەینە مامۆستایان لە داهاتوویەکی نزیکدا خۆپیشاندانی فراوان رادەگەیێنین، ئێستاش پێداگری لەسەر مووچەی مامۆستایان دەکەینەوە و پشتیوانی لە هەڵوێستی خۆڕسکانەی مامۆستایان دەکەین لە نەچوونەوە بۆ هۆڵەکانی خوێندن تاوەکو ئەو کاتەی بەدەممانەوە دێن".

لە سێ ساڵی رابردوودا پرۆسەی پەروەردە لە سنووری پارێزگای سلێمانی بەردەوام بە نیوەناچڵی بەڕێکراوە، چونکە هەرسێ ساڵەکە مامۆستایان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پاشەکەوتی مووچە چەند مانگێک دەرگای قوتابخانەکانیان داخستووە.

پێداچوونەوە: حەکیم داود

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە