رووداو دیجیتاڵ
راوێژکارێکی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، حکومەت پلانێکی ستراتیژیی بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان داناوە، لە قۆناخی یەکەمدا سەنتەرێکی چارەسەر و شیاندنەوە بۆ ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دروست دەکرێت.
د. سەڵاح ئەنوەر، راوێژکاری وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لە بەرنامەی "رووداوی ئەمڕۆ"دا کە مژارەکەی تایبەت بوو بە تەشەنەکردنی مادە هۆشبەرەکان گوتی: ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پلانێکی ستراتیژیی دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان.
ئەو راوێژکارە باس لە پلانەکەی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان دەکات و دەڵێت: پلانە ستراتیژییەکەی حکومەت بەپێی قۆناخبەندی دەبێت، لە قۆناخی سەرەتادا سەنتەرێکی چارەسەر و شیاندنەوەی کەسانی ئالوودەبوو دروست دەکرێت کە کارمەندەکانی لە دەرەوی وڵات راهێنانیان پێدەکرێت و وەک نەخۆش مامەڵە لەگەڵ ئالوودەبووانی مادە هۆشبەرەکان دەکرێت.
بە گوتەی د. سەڵاح ئەنوەر، لەگەڵ کردنەوەی ئەو سەنتەرەدا لە چوارچێوەی پلانی ستراتیژیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان چەند هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە ئەنجام دەدرێن.
رۆژی پێنجشەممە 2-2-2023، تۆڕی میدیایی رووداو لە راپۆرتێکی بەدواداچووندا ئاشکرایکرد کە مادە هۆشبەرەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار لە هەرێمی کوردستان تەشەنەیان کردووە و بەپێی بەدواداچوونەکەی رووداو، 80٪ی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر، تەمەنیان لە نێوان 15 تاوەکو 25 ساڵدایە و تەنانەت لە بەشێک لە قوتابخانەکانیشدا مادەی هۆشبەر دەستاودەستی پێدەکرێت.
هەر لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆدا ئەرکان بیبانی، ئەفسەر لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان گوتی: بازرگانانی مادە هۆشبەرەکان هەرزەکاران لە هەرێمی کوردستان دەکەنە ئامانج؛ هەندێک حاڵەت تۆمارکراوە کە گەنجان و هەرزەکاران بەبێ ئاگاداری و خواستی خۆیان ئالوودە دەکرێن، دۆسیە هەیە کە مادەی هۆشبەر تێکەڵی نێرگەلە کراوە بۆئەوەی ئەو گەنجەی نێرگەلەکە دەکێشێت ئالوودە ببێت.
بە گوتەی ئەو ئەفسەرە، ئێستا لە هەرێمی کوردستان ژنانی بیانی بۆ ئالوودەکردن، بڵاوکردنەوە و بازرگانیکردن بە مادە هۆشبەرەکان لە شوێنە گشتییەکان بەکاردەهێنرێن و لە وڵاتانی دراوسێوە بەتایبەت وڵاتانی ئێران و سووریاوە مادەی هۆشبەر بە قاچاخ دەهێندرێتە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ئامارەکانی ئاسایش، لە هەولێر و دهۆک لە ساڵی 2021، هەزار و 943 کەس بە تاوانی بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەرەوە دەستگیرکراون و زیاتر لە 374 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە. لە ساڵی 2022 ژمارەی دەستگیرکراوان بووە بە دوو هەزار و 103 کەس و زیاتر لە 201 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر دەستی بەسەرداگیراوە.
ئێستا لە چاکسازیی ژنان و منداڵانی هەولێر 48 ژن، کچ و کوڕی خوار 18 ساڵ لەسەر مادەی هۆشبەر گیراون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی رووداو لە بەڕێوەبەرایەتیی نەهێشتنی مادە هۆشبەرەکان لە ئاسایشی گشتیی هەرێمی کوردستان دەستی کەوتوون: ئافرەتان رێژەی 3٪ بۆ 5٪ـی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەر پێکدەهێنن. گەنج و لاوەکانیش لە تەمەنی 15 تاوەکو تەمەنی 25 ساڵی رێژەی 80٪ی بەکارهێنەرانی مادەی هۆشبەرن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ