رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی کوردستان راپۆرتێک لەبارەی دۆخی دەروازە سنوورییەکان و کاسبکاران و شۆفێران دەداتە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و دەڵێت "کێشەی سەرانە وەرگرتن و کاری دیکەی نایاسایی لە دەروازە سنوورییەکاندا هەن".
عومەر گوڵپی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دوێنێ دووشەممە سەردانی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتی پەروێزخانی کردووە، ئەمڕۆ بە نووسراوێک کێشە و گرفت و "سەرانە وەرگرتن و کاری نایاسایی بەناو کۆمپانیاکان"ی گەیاندە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان.
عومەر گوڵپی گوتی: "لە دۆخێکدا حکومەت مووچەی پێ نادرێت لەو کاتانەی رایدەگەیەنێت، هیچ پشتیوانییەکی دارایی بۆ هاونیشتمانییان و چین و توێژەکان بەتایبەت گەنجانی بێکار نییە، کەچی حیزبە دەسەڵاتدارەکان لە رێگەی 13 کۆمپانیاوە پارە و داهاتی ئەم وڵاتە لە دەروازە سنوورییەکان بۆ خۆیان دەبەن".
لەبارەی گرێبەستی کۆمپانیاکانەوە، ئەو پەرلەمانتارە گوتی:"گرێبەستی کۆمپانیاکان نایاسایین، بە کێبرکێ نەدراون، نزیکەی 80٪ی داهاتەکەشیان بۆخۆیانە و ئەو پارەیەی لەو رێگەیەوە بە زیان بۆ هەرێمی کوردستان دەشکێتەوە و مەزەندە دەکرێت مانگانە بگاتە 50 ملیار دینار".
رۆژی دووشەممە 01-11-2021، ژمارەیەکی زۆر لە شۆفێرانی بارهەڵگرەکانی دەروازەی نێودەوڵەتیی پەروێزخان گردبوونەوە، کە ماوەی زیاتر لە هەفتەیەک دەبێت مانیان گرتووە. هۆکاری مانگرتەنەکەشیان وەک خۆیان دەڵێن بۆ ئەو بڕە پارانەیە کە لەژێر چەندین ناوەوە لێیان وەردەگیرێت.
یەکێک لەو شۆفێرانە لەبارەی کێشەکانیانەوە قسەی بۆ هونەر حەمید، پەیامنێری رووداو لە گەرمیان کرد و گوتی: "لە پای درێژەپێدانی ئەو هەموو قۆرخکاری و گەندەڵییەی چ لەلایەن حیزب و چ لەلایەن حکومەتەوە دەکرێت، کە پاڵنەری ئەو هەموو گەندەڵییە حیزبە، لەپای یەک کێشە و یەک هۆکار نەهاتووینەتە ئێرە، بەڵکو دەیان کێشە و سەتان کێشە و ئامانجمان هەیە".
بە گوتەی ئەو شۆفێرە نوێترین کێشەی ئەوان "بەکارخستنی سۆنەری پشکنینە، کە لە هەموو دونیادا سۆنەری پشکنین بۆ کەرتی حکومییە بۆ ئەمنیەتە. ئەمنیەت لە هیچ شوێنێکدا نەبووە بە دەستی کەرتی تایبەتەوە بێت، بەڵام ئێستا حکومەت بە ناوی ئەمنیەت و پشکنین و سۆنەری هێناوە و بڕی 25 دۆلار لە شۆفێران وەردەگرێت، سەرەڕای ئەوەش چەندین کێشە و گرفتی دیکەمان هەیە، کە وایکردووە هەرچی بار و بازرگانی مەرزەکە هەیە بچێتەوە مەرزەکانی خوارووی عێراق و قەیرانی بازرگانی لە مەرزی پەروێزخان دروست ببێت".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ