رووداو دیجیتاڵ
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان راگەیێندراوێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و داوا لە حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، "بەپەلە کۆنترۆڵی بارودۆخەکە بکات و بەرپرسیاریێتی ئاسایشی شارەکە لەئەستۆ بگرێت."
رۆژی شەممە (2ـی ئەیلوولی 2023) جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان پەیامێکی لەبارەی دۆخی کەرکووک بڵاوکردەوە و رایگەیاند، "لەم قۆناخە مەترسیدارەی کەرکووکییەکان پێیدا تێدەپەڕن، باشترین بژاردە و هەنگاوی دڵسۆزانە بۆ نەتەوەکەمان، وەلانانی بەرژەوەندیی حیزبی و کەسی و دوورکەوتنەوەیە لە فیتنە و ئاژاوە و رەچاوکردنی رایەڵەی پێکەوەژیانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانە."
لە راگەیێندراوەکەی جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕاندا هاتووە، "حاشاهەڵنەگرە ناسنامەی کەرکووک کوردستانییە، لەبەرامبەردا نەیارەکانمان بە زەبر و زەنگ و تووندوتیژی و سەپاندنی ئیرادە، دەیانەوێت ناسنامەی شارەکە بگۆڕن؛ هەربۆیە هەر لایەنێکی کوردی هاوکار و هۆکار بێت بۆ ئاژاوە و قووڵکردنەوەی کێشەکان، بەدڵنیاییەوە ئاو دەکاتە ئاشی داگیرکەران و ئەوانەی تائێستاش دان بە مافە سەرەتاییەکانمان و پێکەوەژیانی ئاشتیانەدا نانێن."
جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕان داوا دەکات "لایەنە کوردستانییەکان هۆشیارانە مامەڵە لەگەڵ رووداوە مەترسیدارەکانی ئەم چەند رۆژەی رابردووی کەرکووکدا بکەن و ئارامی و ئاسایش و ئاشتی کۆمەڵایەتی نێوان پێکهاتەکان بکرێتە ئەولەویەت، بەپێچەوانەوە شەڕ و نائارامی و پشێوی بە قازانجی کێشە رەواکانی نەتەوەکەمان نییە و گرێکوێرەی چارەسەری کێشە بنەڕەتیەکان دواتر دەخات."
لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا هاتووە، "داوا لە حکومەتی ئیتحادی دەکەین بە پەلە کۆنترۆڵی دۆخەکە بکات و بەرپرسیاری ئاسایشی شارەکە لە ئەستۆ بگرێت، لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسیاریێتی پارتی و یەکێتی ئەوەیە؛ لەبری عینادی و گواستنەوەی کێشە حیزبیەکان لە هەرێمەوە بۆ کەرکووک و ناوچە دابڕاوەکان، لەگەڵ لایەنەکانی دیکەی پێکهاتەکانی کەرکووک بگەنە رێککەوتن بۆ ئەوەی چیدیکە خەڵکی رەسەنی کەرکووک نەبنە قوربانی ململانێی تەسکی حیزبی و خوێنی خەڵکی شارەکە چی دیکە نەڕژێت."
راگەیێندراوەکە لە کاتێکدایە، رۆژی شەممە کاژێر 17:00 هاونیشتمانیان لە کەرکووک دەستیان بە خۆپێشاندان کرد، ئەوەش وەک ناڕەزایی دەربڕین لە بەرامبەر داخستنی رێگەی سەرەکیی نێوان کەرکووک - هەولێر لە لایەن بەشێک لە عەرەب و تورکمانەوە کە دژی ئەوەن بارەگاکانی پارتی لە شارەکە رادەستی ئەو حیزبە کوردستانییە بکرێنەوە.
دواتر خۆپێشاندانەکە گرژی لێکەوتەوە و تەقە لە خۆپێشاندەران کرا.
بەرەبەیانیی رۆژی یەکشەممە 03-09-2023، عامر شوانی، گوتەبێژی پۆلیسی کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "ژمارەی شەهیدەکان لە خۆپیشاندانەکە گەیشتووەتە سێ کەس بە ناوەکانی هاوکار عەبدوڵڵا، هەڤاڵ ستار سەعید کە پێشمەرگەن و سەمەد محەممەد رەمەزان کە خەڵکی سڤیلە و لەدایکبووی 2002ـە. هەر سێکیان بە فیشەک لە رەحیماوا شەهیدکراون."
لەبارەی ئاماری بریندارەکانیش عامر شوانی گوتی، تاوەکو ئێستا برینداربوونی 9 کەس پشتڕاستکراوەتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ