بەربژێری ئاکپارتی لە وان بۆ رووداو: دەم پارتی دەیزانی بەربژێرەکەی لادەدرێت

02-04-2024
کۆسار عوسمان @KassoOsman
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
دوای ئەوەی بە بڕیاری دادگە، بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون لەبری بەربژێری سەرکەوتووی دەم پارتی بە بەربژێرەکەی ئاکپارتی درا، بەربژێرەکەی ئاکپارتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، دەم پارتی دەیزانی بریارێکی لەو جۆرە دەدرێت.
 
هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا رۆژی یەکشەممە 31-3-2024 بەڕێوەچوو و تێیدا عەبدوڵڵا زێدان، بەربژێری دەم پارتی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی وان 55.48 ٪ـی دەنگەکانی بەدەستهێنا؛ عەبدولئاهات ئارڤاس، بەربژێری ئاکپارتیش بۆ هەمان پۆست رێژەی 27.15٪ـی دەنگەکانی بەدەستهینا و دووەم بوو.
 
گوتەبێژی دەم پارتی ئەمڕۆ سێشەممە دووی نیسانی 2024 لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە ئەنقەرە رایگەیاند، ئەو مافانەی درابوونە عەبدوڵڵا زێدان دوای ئەوەی لە زیندان ئازادکرا، رۆژی هەینی 29ـی ئادار، پێنج خولەک پێش کۆتاییهاتنی دەوام وەرگیرانەوە. 
 
ئەمڕۆ دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان لەسەر داوای عەبدولئاهات ئارڤاس وردبینی تەواوکرد و بڕیاریدا کە عەبدوڵڵا زێدان مافی وەرگرتنی پۆستی نەبێت. لەسەر ئەو بنەمایە بڕیاردرا بڕیاری دەستبەکاربوون بدرێتە ئارڤاس.
 
عەبدولئاهات ئارڤاس ئەمڕۆ سێشەممە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "تانەم لە پڕۆسەی هەڵبژاردنی وان گرتووە، بەڵام هیچ داواکارییەکم بۆ وەرگرتنی بەڵگەنامەی دەستبەکاربوون پێشکێش نەکردووە. حیزبەکەم ئەو داواکارییەی پێشکێشکردووە".
 
ئارڤاس سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگە گوتی، دەم پارتی "دەیزانی بڕیاری لەمجۆرە دەدرێت. تەنیا بۆ ئەوەی لە رێگەی ویستی خەڵکەوە ئاژاوە بنێنەوە، عەبدوڵڵا زێدانیان بەربژێر کرد".
 
ماهسوونی کارامان، پارێزەری عەبدوڵڵا زێدان پێش بڕیارەکەی دەستەی هەڵبژاردنی پارێزگای وان گوتی، دۆخێکی لەو شێوەیە یەکەمجارە لە مێژووی کۆماری تورکیادا روودەدات و رایگەیاند، "بڕیاری کۆتایی کە دراوە پووچەڵە. پێویستە عەبدوڵڵا زەیدان ئەمڕۆ بڕیاری دەستبەکاربوونەکەی وەربگرێت و ئەگەر ئەو کارە نەکرێت، ئێمە دەست بە پرۆسەی یاسایی پێویست دەکەین". 
 
کارامان گوتی، ئەوەی روودەدات پێشتر پلانداڕێژی بۆ کراوە و گوتیشی، "بڕیاری تەمیزی دادگە، جگە لە بڕیاری ئەنجوومەنی سەروەری، بە هیچ شێوەیەک هەڵناوەشێتەوە. شتێکی وەها لە یاسادا نییە".
 
پارێزەری عەبدوڵڵا زەیدان هەروەها رایگەیاند، "ئەمەی دەکرێت پێشێلی زۆربەی یاساکانە و بە هیچ شێوەیەک قبووڵکراو نییە و ئەمە زۆر مەترسیدارە".

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

دیمەنێکی قەڵای هەولێر.

توێژینەوەیەک: ژیان لە هەولێر وەکو ئەوە وایە رۆژانە دوو پاکەت جگەرە بکێشیت

سەرۆکی رێکخراوی ئاییندە بۆ پاراستنی ژینگە لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، "هەولێر دووەم پیسترین شاری عێراق و یەکەمی هەرێمی کوردستانە و وەکو ئەوە وایە کە رۆژانە هەر تاکێکی شاری هەولێر دوو پاکەت جگەرە بکێشێت".