دەزگای ئاسایش لەبارەی شەڕە تەقەکەی سلێمانی: لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە

02-04-2023
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
شوێنی رووداوەکە. وێنە: نزار جەزا - رووداو
شوێنی رووداوەکە. وێنە: نزار جەزا - رووداو
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان راگەیەنراوێکی لەبارەی شەڕە تەقەکەی ئەمڕۆی سلێمانی بڵاوکردەوە و بەبێ ناوهێنانی هیچ لایەنێکی شەڕەکە دەڵێ، کەس لە سەرووی یاساوە نییە و رووداوەکە لەسەر کێشەیەکی کۆمەڵایەتی بووە.
 
دەزگای ئاسایش باس لەوە دەکات بەهۆی تەقەکەوە دوو کەس بریندار بوون و رەوانەی نەخۆشخانە کراون و، "دەستبەجێ هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئۆپەراسیۆنەکانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی سلێمانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە و هەردوو لایەنی تەقەکەر دەستگیرکراون. لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بەردەوامە".
 
ئەو شەڕەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان باسی دەکات، پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 2-4-2023) لە شاری دایک لە شاری سلێمانی لەنێوان پاسەوانانی شارەکە و چەند پاسەوانێکی پەرلەمانتارێکدا روویدا، لە ئەنجامدا دوو پاسەوانی پەرلەمانتارەکە بریندار بوون. 
 
سامان حاجی فایەق، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ساوز کوردستان گرووپ کە خاوەندارێتیی پرۆژەی نیشتەجێبوونی شاری دایک دەکات دەڵێت، هێرشی کراوەتە سەر؛ پەرلەمانتارەکەش رەتیدەکاتەوە و دەڵێت ئەو لە ماڵەوە بووە و بە "ئامانجی کوشتن"ـی، تەقە لە پاسەوانەکانی کراوە.
 
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەیدا، دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان دەڵێ "لێرەوە بۆ هەموو هاووڵاتییانی خۆشەویستی هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە؛ هیچ کەسێک لە سەروو یاساوە نییە و هەرکەسێک ببێتە هۆکاری تێکدانی ئارامی و ئاسایش، دەستگیردەکرێن و رووبەڕووی یاسا دەکرێنەوە".
 
سامان حاجی فایەق دەڵێ "پەرلەمانتارێک بەناوی هاوڕێ مەلا ستار، هاتبوو دەیویست تەعەدامان لێبکات و پاسەوانەکانی پڕۆژەکەش قبووڵیان نەکردووە، بۆیە شەڕ دروستبوو"، لە بەرامبەردا هاوڕێ مەلا ستار دەڵێت، ئەو هەر لە رووداوەکەدا نەبووە و تەقەکردنیش لە پاسەوانەکانی بە "هەوڵدان بۆ کوشتنی خۆی" دەزانێت.
 
تەواوی وردەکاریی رووداوەکە: 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە