بۆ یەکەمجار وەزارەتی پەروەردە ئەنجامی سەر پەڕەی سۆما بۆ قوتابی ئاشکرادەکات

01-09-2019
حەکیم داود
A+ A-

رووداو - هەولێر

ئەمشەو (1-9-2019) وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان ئەنجامی خوولی دووەمی 12ـی ئامادەیی رادەگەیێنێت و بۆ یەکەمجاریش قوتابیان دەتوانن وەڵامی پرسیارەکانی خۆیان لەسەر پەڕەی سۆما ببینن.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا ئالان حەمە سەعید، وەزیری  پەروەردە رایگەیاند، لە کاژێر 12:00ی نیوەشەوەوە ئەنجامی تاقیکردنەوەکانی خوولی دووەم رادەگەیەنن و قوتابیان دەتوانن ئەنجامەکانیان لەڕێگەی ماڵپەڕی ئەزموونەکان وەربگرنەوە.

وەزیری  پەروەردە رایگەیاند، ئەمساڵ بۆ یەکەمجار لە عێراق و کوردستانیش ئەنجامی پەڕەی "سۆما" ئاشکرادەکەن کە هەر قوتابییەک تاقیکردنەوەی لەسەر ئەنجامداوە، بۆ ئەوەی قوتابی ئەنجامی وەڵامە راست و هەڵەکانی خۆی ببینێت. هەر قوتابییەکیش لەڕێگەی پاسوۆرد و یوزەرنەیمی خۆیەوە ئەنجامی پەڕەی سۆمای خۆی دەبینێت.

ئالان حەمە سەعید دەڵێت، ئاشکراکردنی وەڵامەکانی قوتابی لەسەر پەڕەی سۆما وادەکات هیچ قوتابییەک تانە لە ئەنجامەکەی نەدات، چونکە وەڵامەکانی خۆی وەردەگرێتەوە.

لە خوولی دووەمدا 77 هەزار و 89 قوتابی تاقیکردنەوەیان ئەنجامداوە.

لەبارەی رێژەی دەرچوون، وەزیری پەروەردە ئاشکرایکرد، رێژەی دەرچوونی خوولی یەکەم و دووەم لە بەشی زانستی 69.48% بووە. لە بەشی وێژەیش لە 61.88% بووە.

لەم لینکەوە ئەنجامەکان وەربگرەوە

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە