فازڵ میرانی بۆ لایەنە ناکۆکەکانی شیعە: لە هەولێر نێچیرڤان بارزانی لە پێشوازیتان و لەگەڵتان دەبێت

01-08-2022
هێمن بابان رەحیم
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای لە لایەنە ناکۆکەکانی شیعە کرد بەدەم بانگەواز و دەستپێشخەرییەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بێن و دەڵێت، "وەرن بۆ هەولێر ماڵی خۆتانە و بەبێ هیچ گوشار یان ترساندنێک، چونکە شارێکە نە میزاج و نە ئەجێندای دەرەکی حوکمی ناکات، وەرن متمانەی خەڵک بگێڕنەوە، خەڵک رووناکیی دەوێت نەک تاریکی.. هەولێر لێتانەوە نزیکە و زۆرینەتان ئەوە دەزانن، نێچیرڤان بارزانی لە پێشوازیتان و لەگەڵتان دەبێت."
 
رۆژی 1ی ئابی 2022 فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ لایەنە ناکۆکەکانی شیعە، کە ئێستا لەڕێگەی خۆپێشاندانی لایەنگرانیان سەنگەریان لە یەکدی گرتووە، داوایان لێدەکات بەدەم دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە بچن و دەڵێت، "ئەمە یەکەم بانگەواز نییە لە ئێمەوە بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەو تۆڕە لە تەلەکانی بۆمبێکی تەوقیتکراو کە ئاماژە بۆ وێرانکردنی هاوکێشەی سیاسی دەکات و پێموایە دوایینیش نابێت، چارەسەرییەکان پێش ئێستا چارەسەر نەبوون و تەنیا هێورکەرەوە بوون، بۆیە دەردەکە لە جەستەی فەرمی دەمێنێت و بڵاو و فراوان دەبێتەوە."
 
رۆژی یەکشەممە 31-07-2022، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەرییەکدا، لایەنە سیاسییەکانی عێراقی بۆ گفتوگۆیەکی کراوە بانگهێشتی هەولێر کرد و گوتی، هه‌رێمى كوردستان به‌شێك ده‌بێت له‌ چاره‌سه‌ر. لایەنە عێراقییەکانیش بەدەم دەستپێشخەرییەکەوە هاتن و بە هەنگاوێکی ئەرێنی باسیان کرد.
 
لەبارەی خۆپێشاندانەکانی عێراق و دۆخی ئەم دواییەی بەغداوە نێچیرڤان بارزانی گوتی، ئاڵۆزبوونى زياترى دۆخه‌كه‌، ئاشتيى كۆمه‌ڵايه‌تى و ئاسايش و سه‌قامگيريى وڵات ده‌خاته‌ مه‌ترسييه‌وه‌.
 
فازڵ میرانی لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا داوای سازش لە لایەنە ناکۆکەکان دەکات و دەڵێت، "دەکرێت برایانی هاوبەش ژمارەی قەیرانەکان و هۆکارەکانیان و ئەنجامەکان بزانن کە لەڕاستیدا هەموویان دووربوون لە چاککردنی تاک و کۆمەڵگەی عێراقی، بەڵام قورسایی قەیرانی ئەمدواییە پێویستی بە هێورکردنەوە و بیرکردنەوە و دابەزین و سازشکردنە بۆئەوەی ئەوە روونەدات کە قەدەخەیە و تای لێدوانە ئاگرینەکان دنەی نەدات و دۆخەکە بتەقێتەوە و لەگەڵیدا ئاگرێک درێژە بکێشێت کە نە دابمرکێتەوە و نە هیچ شتێک بهێڵێتەوە."
 
لە درێژەی قسەکانیدا فازڵ میرانی باسی لەوە کردووە، "ئەمە وێنەی عێراق نییە و شایانی ئەوە نییە هەواڵە خراپەکانی ئاوا بڵاوببێتەوە و لە سەردێری هەواڵەکان بێت، کۆکردنەوەی چەک و هێرشکردنە سەر هاوبەشەکان و دروستکردنی هەڵوێست لەپێناو داپۆشینی ئەو رووداوانە، ئەوە دەردەخات کە وێنەکە لە نێوەڕۆکیدا رێڕەوی هاوکێشەیەکی هەژمار بۆ نەکراو هەیە، ئەویش لە ئەنجامدا وادەکات ئەو چارەسەرییانەی لە بەردەستن لەپێناو خۆ دوورخستنەوە لە کارەسات ب ەزەحمەت بەدیبێت ئەگەر کار بۆ بەتاڵکردنەوەی چەکاکەن لە فیشەکەکانیان نەکرێت."
 
سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی نێچیرڤان بارزانی و دەستپێشخەرییەکەی بۆ لایەنە ناکۆکەکانی شیعەوە روونیدەکاتەوە، "نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دۆستێکی کۆنی گۆڕەپانەکانی خەبات و جیهادە کە بۆ ساڵانێک کۆیکردینەوە و بە شکۆوە هەمووی قوربانیدان و راستگۆیی بوو، دەستپێشخەرییەکەی عێراقی، کوردی و نیشتمانییانەیە، هەر کەسێک خەبات و جیهادی کردبێت لەپێناو عێراقێکی باشتر هەست بە راستگۆییەکەی دەکات، عێراقێکی بێ دیکتاتۆرییەت و بێ تایفەگەریی بێ یاسای ستەمکارانە، بێ هەژاری و خوێن بەفیڕۆدان."
 
سەبارەت بە هەولێر وەکو شوێنێک بۆ کردنەوەی لایەنەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و رەوتی سەدر، فازڵ میرانی دەڵێت، "هەولێر شاری خۆتانە کە پێش ساڵی 2003 لەخۆیگرتن، ئەو رۆژانەی خۆمان بۆ عێراقێکی نوێ ئامادە دەکرد و ئەو رۆژانەی نزیک بووین لەوەی شتێک پێشکێش بە گەلەکەمان بە هەموو ناسنامەکانیەوە بکەین کە وای لێبکات بتوانێت هەموو نەهامەتییەکانی رژێمی پێشوو تێپەڕێنێت و نەهامەتیی کۆن و تازەی بۆ نوێ نەکەینەوە، هەموو رێکخستنەکانی کە دەوڵەت رێکدەخات و پەیوەندی بە تاکەکانەوە ژێر پێ بخەین."
 
هەروەها دەڵێت، "چوونی بەشێک لە هێزەکان بۆ شکاندنەوە لەسەر حیسابی هەموو گەل بە پاساوی ملکەچبوون بۆ جەماوەرێکی سەر بە ئەو، رەنگە پێش چەند سەدەیەک لەمەوبەر قبووڵکردنی تەواو بووبێت، بەڵام نەوەک لە سەردەمی ئێستا لە وڵاتێک کە ئەندامی خێزانی نێودەوڵەتییە، پێگەکەی هەرچۆنێک بێت تێیدا، ئەوە بەهۆی سیاسەتە کۆنەکان و هەندێک لە سیاسەتەکانی ئێستایە."
 
لە کۆتایی قسەکانیدا، فازڵ میرانی ئەوەی خستووەتەڕوو، "بەدەم دەستپێشخەرییەکەی نێچیرڤان بارزانییەوە بچن، وەرنە هەولێر، ماڵی خۆتان، ئاسایش و بێ هیچ گوشار یان ترساندنێک، چونکە شارێکە نە میزاج و نە ئەجێندای دەرەکی حوکمی ناکات، رێگەمان بدەن متمانەی خەڵک بگێڕینەوە، خەڵکێک چاوەڕوانی رووناکی دەکات نەوەک تاریکی، ژیانی خۆی و خێزانەکانی بە شکۆوە دەوێت، نەوەک ژیانێکی مەینەتی و شڵەژان، هەولێر نزیکە لێتانەوە و زۆرینەتان باش دەیناسن، نێچیرڤان بارزانی لە پێشوازیتان و لەگەڵتان دەبێت."
 
ئەو دەستپێشخەرییەی نێچیرڤان بارزانی دواى رۆژێک بوو لە خۆپێشاندانى لایەنگرانى سەدر و چوونە نێو هۆڵى پەرلەمان، ئەمەش ناکۆکیى ئەو رەوتەى لەگەڵ هاوپەیمانیى چوارچێوەى هاوئاهەنگى زیاتر کرد.
 
رۆژی 1ی ئابی 2022 لایەنگرانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەوڵیاندا بچنە ناوچەی سەوز و لەوێ بمێننەوە، بەڵام لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە رێگرییان لێکرا، ئەو خۆپێشاندانەی کە لەلایەن بەشێک لە سەرکردەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی رەتکرایەوە، دوای ئەوە دێت ماوەی چەند رۆژێکە لایەنگرانی رەوتی سەدر لە پەرلەمانی عێراق ماونەتەوە و ئامادە نین چۆڵی بکەن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی لە رۆژی هیوا جەمال.

گوتەبێژی وەزارەتی دارایی: شاندێکمان بۆ پرسی مووچە دەچێتە بەغدا

هونەر جەمال، گوتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان بە رووداوی گوت، عێراق هەمیشە کێشەی نوێیان بۆ دروست دەکات و دڵنیا نین لەوەی ئەم ساڵ پرۆسەی ناردن و دابەشکردنی مووچە بەبێ گرفت بێت.