رووداو دیجیتاڵ
بە بڕیاری ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، بەهۆی پابەندنەبوون بە بڕیار و راسپاردە تەندروستییەکان، 29 رێستۆرانت و یانەی شەوانە لە سەنتەری شاری هەولێر و ناحیەی عەنکاوە داخران.
ئەمرۆ یەکشەممە 1-8-2021 نەبەز عەبدولحەمید، قایمقامی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بە بڕیاری ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر، لیژنه‌كانى پشکنين و چاودێریی قايمقاميهتى ناوه‌ند و به‌ڕێوه‌به‌رايه‌تیى گه‌شتوگوزار، لە ماوەی سێ رۆژی رابردوودا لە هەولێر و ناحیەی عەنکاوە بەھۆی پابەندنەبوون به بڕيار و رێكاره‌كانى ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر و جێبه‌جێنه‌كردنى رێنماییە ته‌ندروستيیه‌كان و رێكاره‌كانى خۆپارێزى، 29 رێستۆرانت و يانه‌ى شه‌وانە داخران و رێكارى ياسایش بەرامبەر به خاوەنەکانیان دەگيرێته‌به‌ر".
بە مەبەستی ئاگاداربوون لە جێبەجێکردنی رێنماییەکانی تایبەت بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی پارێزگای هەولێر، قایمقامییەتی ناوەندی هەولێر دەستی بە هەڵمەتێکی پشکنینی شوێنە گشتییەکان کردووە.
رۆژی شەممە 31-8-2021 راگەیاندنی پارێزگای هەولێر رایگەیاند ئامانج لەم هەڵمەتە پاراستنی تەندروستی و سەلامەتی ھاونیشتمانیان و دڵنیابوونە لە جێبەجێکردنی رێنوێنییە ته‌ندروستيیه‌كان و رێكارهکانى خۆپارێزى و بڕيار و راسپارده‌كانى ژوورى ئۆپه‌راسيۆنى پارێزگاى هه‌ولێر.
شەوی سێشەممە 27ی تەممووزی 2021، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا کرد، کۆبوونەوەکە 16 بڕیاری تێدا درا.
لە خاڵی سێیەمی بڕیارەکاندا هاتبوو، پێویسته كارمه‌ندان له شوێنه ئایینی، بازرگانی، مۆڵ، چێشتخانه و كافتریاكان، ڤاكسین وه‌ربگرن یان تێستی 72 كاژێریان پێ بێت و لیژنه‌كانیش به‌دواداچوونی بۆ ده‌كه‌ن، هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت شوێنه‌كه ده‌ستبه‌جێ دادەخرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ