یەکەمین کۆنفرانسی AI لە هەولێر سازکرا؛ 'عێراق پێویستی بە 40 هەزار شارەزای ئاسایشی سایبەرە'

01-06-2024
بژار زوبێر @BBashqaly
یەکەم کۆنفرانسی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەولێر سازکرا
یەکەم کۆنفرانسی ژیریی دەستکرد لەسەر ئاسی عێراق و هەرێمی کوردستان، لە هەولێر سازکرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
بۆ یەکەمین جار لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسێکی تایبەت بە ژیریی دەستکرد لە هەولێر سازکرا، شارەزایانی بوارەکە لە چەندین وڵاتی جیهانەوە بەشدار بوون و، بۆچوونی خۆیان لەسەر سوود، زیان، چۆنیێتیی بەکارهێنان و جڵەوکردنی ژیریی دەستکرد خستەڕوو. 
 
کۆنفرانسەکە بە دەستپێشخەریی پڕۆفیسۆر دیاری فەرەیدوون قادر و بەشداری ڤیژن ئیجیوکەیشن بەڕێوەچوو. 
 
لە چوارچێوەی کۆنفرانسەکەدا، ژمارەیەک رۆبۆت و پڕۆژەی دیکەی پشتبەستوو بە ژیریی دەستکرد، کە لە لایەن بەهرەدارە خۆجێیەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکرابوون، لە پێشانگەیەکدا خرانەڕوو و لە لایەن پرۆفیسۆر زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژیریی دەستکرد خەڵاتکران. 
 
"عێراق پێویستی بە 40 هەزار شارەزای ئاسایشی سایبەرە"
 
لە کۆنفرانسەکەدا باس لە نیگەرانییەکانی قۆرخکردنی ژیریی دەستکرد لە لایەن گەورە کۆمپانیاکانەوە کرا. 
 
یی ژی سۆنگ، پرۆفیسۆری زانکۆی سوورەیی بەریتانیا، نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی ژمارەیەک کۆمپانیای فرەنەتەوە کۆنترۆڵی تەواوی پێشکەوتنی ژیریی دەستکردیان کردووە. 
 
د. عەلی شێرباز، پرۆفیسۆری یاریدەدەر لە زانکۆی کەمبریجی بەریتانیا لە هەمان پانێڵدا ئاماژەی بەوە کرد، عێراق پێویستی بە هێزی کاری زیاترە بۆ ئەوەی ئاسایشی سایبەریی خۆی بەهێزتر بکات. 
 
باسی لەوەش کرد، عێراق پێویستی بە 40 هەزار شارەزای بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و ژیریی دەستکردە بۆ ئەوەی ژێرخانی دیجیتاڵی وڵاتەکە بپارێزێن، لە کاتێکدا فەرمانگە و دامەزراوەکانی، هەنگاو بەرەو دیجیتاڵی دەنێن. 
 
د. عەلی بە ئامادەبووانی کۆنفرانسەکەی گوت "بە کورتی، ئێمە ئامادەنین بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە و هێرشی سایبەری." هەروەها رایگەیاند: "ئێمە 40 ملیۆن کەسین، پێویستمان بە 40 هەزار کەسە لە عێراق بۆ ئەوەی وەک پەرەپێدەری ژیریی دەستکرد، ئاسایشی سایبەری و زانستی داتاکان کاربکەن."
 
پسپۆرەکە هەروەها دوایکرد، سیستمی خوێندنی عێراق نوێ و سەردەمیانە بکرێت و فێرخوازەکان لە تەمەنی 10 تا 18 ساڵی فێری ئاسایشی سایبەری بکرێن. بە گرنگیشی زانی بە زمانی عەرەبی و کوردی هۆشیاری لە بارەی ئاسایشی سایبەری بڵاوبکرێتەوە. 
 
گۆڕینی ژیانی رۆژانە و پیشە بەهۆی ژیریی دەستکردەوە، تەوەرێکی دیکەی پانێڵەکان بوو. 
 
بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد لە بواری ئەکادیمی و توێژینەوەدا
 
سۆنگ جەختی کردەوە لەوەی "دەبێت ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان بێت." 
 
پسپۆرەکە کە هەروەها بەڕێوەبەری دیارترین پەیمانگەی ژیریی دەستکردی بەریتانیایە، گوتی "بە بڕوای من، فەراهەمکردنی ژیریی دەستکرد بۆ هەمووان، لە دوو رووەوە دەبێت کاری لەسەر بکرێت: بەردەستکردن و تەکنەلۆجیا،" روونیشیکردەوە کە دەبێت ئەو تەکنەلۆجیایانەی بە ژیریی دەستکرد کار دەکەن، بە یەکسانی بۆ هەموو شوێن و کولتوورە جیاجیاکان دابینبکرێن، بۆ ئەوەی چەند کۆمپانیایێکی زەبەلاحی تەکنەلۆجیا نەتوانن سنوورداری بکەن.
 
د. عەلی باسی لەوە کرد، چۆن لە ژیانی رۆژانەیدا پشت بە ئامرازەکانی ژیری دەستکردی وەک ChatGPT، Microsoft Copilot، Gemini و Cloud AI دەبەستێت و بۆ توێژینەوەکانی بەکاریان دەهێنێت. 
 
بەڵام ئاماژەی بەوەش کرد؛ نابێت 100٪ متمانە بەو زانیاریانە بکرێت کە ژیریی دەستکرد دەیاندات. 
 
پسپۆڕەکە هۆشداریی دا "وەک ئەکادیمیستێک، ژیریی دەستکرد یارمەتیم دەدات تازەترین زانیاری لە بارەی توێژینەوەیەکی دیاریکراو بدۆزمەوە. بەڵام من 100٪ متمانەی پێ ناکەم."
 
سوودی ژیریی دەستکرد لە بواری یاسا و پزیشکیدا
 
د. عەبیر حەداد، پسپۆری بواری یاسایە و راوێژکاری نەتەوە یەکگرتووەکانە لە کاروباری یاسایی بەرەنگاربوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوادا. باسی لەوە کرد کە چۆن ژیریی دەستکرد لە کارەکەیدا بەکاردەهێنێت. 
 
خانمە پسپۆرەکە باسی لەوە کرد؛ ئامرازەکانی وەک ChatGPT لەسەر هەڵسەنگاندنی دۆسیە و دەقە یاساییەکان رادێنن بۆ ئەوەی دواتر لە کاری پارێزەریدا، یارمەتییان بدات. 
 
بە گوتەی خۆی، ئێستا ژیریی دەستکرد بارگرانیی تێگەیشتن لە دەقە یاساییە ئاڵۆزەکان و لێکدانەوەیان لە کۆڵ پسپۆرانی بوارەکە کردووەتەوە.
 
د. عەبیر گوتی "ئێمە، خۆمان GPTـەکان لەسەر بابەتێکی دیاریکراو رادەهێنین. دواتر دەتوانم بیدەم بە هاوکار یان یاریدەدەرەکانمان، بەو شێوەیە، هەر زانیاریێکیان پێویست بێت، دەستیان دەکەوێت." 
 
مەبەست لە GPT ئەو ئامرازانەن کە پێشوەخت بڕێکی زانیاریی گەورەیان پێ دەدرێت بۆ ئەوەی لەسەر وەڵامدانەوەی پرسیاری تایبەت بەو زانیاریانە، رابێن. Microsoft Copilot، Gemini و Cloud AI هەموویان بەو رێگەیە دروستکراون. 
 
لە بواری پزیشکیشدا، دکتۆر محەممەد سەجاد، کە وەک شارەزایێکی ژیریی دەستکرد لە چەندین دامەزراوەی ئەوروپی و ئەمریکیدا کاری کردووە، باسی لە سوودی تەکنەلۆجیاکە لە دۆزینەوەی چارەسەر بۆ نەخۆشییەکان کرد، لەوانەش بۆ سووککردنی کاریگەرییەکانی نەخۆشیی زەهایمەر. 
 
کشتوکاڵ و ژیریی دەستکرد
 
د. هێمن لەتیف، پرۆفیسۆری یاردەدەری تەکنەلۆجیای زانیاری لە زانکۆی ئەمریکی - سلێمانی گوتی، ژیریی دەستکرد "وەرچەرخان" لە کشتوکاڵ و پاراستنی ژینگەدا دروستدەکات. 
 
هەروەها باسی لەوە کرد، بە بەکارهێنانی ژیریی دەستکرد، دەکرێت بیابانە وشکەکانی عێراق بگۆڕدرێن بۆ خاکێکی بەپیت، یانیش دەکرێت لە رێگەیەوە کاربۆن لە هەوادا کەمبکرێتەوە.
 
زیا جومەیلی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ژیری دەستکرد رایگەیاند، کۆنفرانسەکە لەسەر راسپاردەی سەرۆکوەزیرانی عێراق رێکخرابوو.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە