سەندیکای کرێکاران - لقی گەرمیان: هەر کرێکارێک مووچەی لە 300 هەزار دینار کەمترە، ئاگادارمان بکاتەوە

01-05-2023
هونەر حەمید
کرێکارێک لەکاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
کرێکارێک لەکاتی کارکردن لە باڵەخانەیەکدا. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو
A+ A-
 
رووداو - گەرمیان

پەیمان ئیحسان تەمەنی 30 ساڵە و خەڵکی کەلارە، شەش ساڵە کرێکاری دەکات و لە کۆمپانیایەک کرێکار بووە، لە کاتی کارکردن دوو پەنجەی لەدەستداوە، بۆ شاردنەوەی پەنجە بڕاوەکانیشی کەڤەرێکی بۆ دروستکردوون؛ ئەو ئێستا داوای قەرەبووکردنەوەی دەکات. سەندیکای کرێکاران - لقی گەرمیان داوا لەو کرێکارانە دەکات کە مووچەیان لە 300 هەزار دینار کەمترە، ئاگاداریان بکەنەوە.
 
دوای 10 مانگ لە لەدەستدانی پەنجەکانی، پەیمان لە کارەکەی دەرکراوە؛ هەرچەندە سکاڵای تۆمار کردووە، بەڵام هێشتا کەیسەکەی یەکلایی نەبووەتەوە. پەیمان ئیحسان دەڵێت، "داوای قەرەبوو دەکەم، داوای مافی خۆم دەکەم، بۆئەوەی مافم نەفەوتێت، چونکە ئێستا وەکو ئەو کەسەی رابردوو نیم کە بتوانم هەموو ئیشێکی قورس بکەم."
 
ئەو کرێکارانەی کاری رۆژانە دەکەن، داوا دەکەن سیستمی خانەنشینی بیانگرێتەوە، بۆئەوەی دوای چەندین ساڵ کارکردن، بەرهەمی رەنجی خۆیان بخۆن.
 
جەبار حەمە عەلی، کرێکار ئاماژە بەوە دەکات، "ئەوە 25 بۆ 30 ساڵە کرێکاری دەکەم، ئەگەر لە کەرتی حکومی ئیشم بکردایە، ئێستا خانەنشین ببووم و مووچەی خانەنشینیم بۆ دەبڕایەوە؛ بۆ من باش بوو، بەڵام مادام کەرتی تایبەتە، دەبێت تاوەکو ماوم کرێکاری بکەم."
 
کرێکارێکی دیکە بەناوی سەرچڵ سەردار باسی لەوە کرد، "دەبێت لە رۆژی جەژنی کرێکارانیش کار بکەین، وەکو ئەوەی هیچ جەژنێکمان نەبێت، وەکو فەرمانبەرێک ئەگەر دوای 15 ساڵ ئیش بکەین و خانەنشین ببین، مووچەیەکمان هەبێت، دەتوانین بحەسێینەوە لەسەر ئەو مووچەیە."
 
بەپێی یاسا، دەبێت مانگانە کرێکار زیاتر لە 300 هەزار دینار وەربگرن، بەڵام ئەو کرێکارانەی لە کۆمپانیا، کارگە و مارکێتەکان کار دەکەن، زۆرینەیان کرێی کارکردنیان کەمترە لە 250 هەزار دینار.
 
عەدنان محەممەد، سەرۆکی سەندیکای کرێکاران - لقی گەرمیان ئاماژەی بەوە کرد، "هەر کرێکارێک کە مووچەکەی لە خوار 300 هەزار دینارەوە بێت، ئەوە نایاساییە و رێگە بەو جۆرە مووچانە نادەین بەو کرێکارانە بدرێت. هەر کرێکارێکیش بەو شێوازە مامەڵەی لەگەڵ بکرێت کە مووچەکەی لە خوار 300 هەزار بێت، ئێمە ئاگادار بکاتەوە و بەدواداچوون بۆ مووچەکەی دەکەین و بەپێی یاسا مامەڵە دەکەین."
 
لە هەرێمی کوردستان 132 هەزار کرێکار لە سەندیکای کرێکاران ناویان تۆمارکراوە 15 هەزاریان کرێکاری ئافرەتن.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە