رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی نزیکەی ساڵێکدا سێ جار بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای خورماتوو دەگۆڕدرێت، دوایین بەڕێوەبەری لەسەرکار لادراویش دەڵێت، "بە گوشاری حیزبی و سیاسی لابراوم و هیچ پێشێلکارییەکم نەکردووە، پێشتریش هەڕەشەی لەکارلادانم لێکرابوو."
دوایین جار کە بەڕێوەبەری پەروەردەی قەزای خورماتوو گۆڕاوە 19ی مانگی نیسان بوو، کەسێک بەناوی ئەحمەد مورشید شکور لە شوێنی ریاز عەلی حەمەد دیاریکرا، کە ئەمەی دوایی ماوەی هەشت مانگ دەبێت لە شوێنی کەسێکی دیکە بەناوی حاتەم کەریم دەستبەکار بووە.
رۆژی 01-05-2023 ریاز عەلی، بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردەی خورماتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێش لەسەرکار لادانم هەڕەشەیان لێکردم کە لامدەدەن، بەڵام نەچوومەتە ژێر کاریگەریی هیچ گوشارێکی سیاسی و حیزبییەوە، بۆیە لەسەرکار لابراوم، ئەوەی هەیە هێزێکی سوننە و بە بڕیاری بریکاری وەزیری پەروەردە لایانداوم، نووسراوەکە ئەو واژۆی کردووە و پێشبینی دەکەم وەزیر ئاگاداری ئەو بابەتە نەبێت."
ریاز عەلی ئاماژەی بەوەش دا، لە ماوەی نزیکەی یەک ساڵدا، ئەوە بۆ جاری سێیەمە بەڕێوەبەری پەروەردەی خورماتوو دەگۆڕێت. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو دەگەڕێتەوە سەر پیشەی پێشووی کە سەرپەرشتیاری پەروەردەیی بووە.
خورماتوو یەکێکە لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان لە پارێزگای سەڵاحەدین، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری 2017وە چەندین گۆڕانکاریی تێدا کراوە و زۆرینەی پۆستەکان کە بەدەست کوردەوە بوون، ئێستا دراون بە نەتەوە و پێکهاتەکانی دیکەی شارۆچکەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ