رووداو - سلێمانی
بەشێک لەو شۆفێرانەی کە بەهۆی داخرانی رێگە بازرگانییەکانی نێوان سلێمانی و هەولێر گیریانخواردووە باس لە دۆخی خراپیان دەکەن و بەشێکیان کە خەڵکی هەرێمی کوردستان نین دەڵێن، خواردن و پێداویستییان پێنەماوە.
دوازدە رۆژە رەحمەت رەشید کە خەڵکی سنەیە و شۆفێری بارهەڵگرە، لە بەندەر عەباسەوە بەڕێکەوتووە بۆئەوەی ئەو بارەی پێیەتی بیگەیەنێتە هەولێر، چوار رۆژە لەسەر رێگەی نێوان هەولێر و سلێمانی شەو رۆژ دەکاتەوە، لە هاوژین و منداڵەکانی دوورە و دەڵێت، "ئێستا هیچ خۆراک و پێداویستیمان پێنەماوە و نازانین چی بکەین، خاوەن باریش جوابمان ناداتەوە. پێنج رۆژە خۆم نەشۆردووە."
ئەو شۆفێرانەی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانەوە باریان بۆ هەولێر هێناوە، هەریەکەو چەند شەو و رۆژێکە لە کانی وەتمان لەنێوان هەولێر و سلێمانی گیریانخواردووە و دەڵێن، بەخشندەیی خەڵکی گوندەکان و رێبواران نەبێت، هێندە بەرگە ناگرن.
ئومێد ئەحمەد، شۆفێری بارهەڵگر (خەڵکی مەریوان) باس لەوە دەکات، "کەس جوابمان ناداتەوە، حاڵمان خراپە و خاوەن باری من لە دوبەیە، هی ئەو لە جێگەیەکی دیکەیە، هەریەکەو لە شوێنێکە، دۆخمان خراپە و پارەی خواردن و هەموو شت لەسەر خۆمانە و نازانین چی بکەین. هەندێک خاوەن بار گوتوویان ئێمە پارەتان بۆ دەدەین، بەڵام کەسی نەیداوە. خۆی رێگەکە خراپە و بۆ ئەو ئۆتۆمبێلانەی ئێمە نابێت، بە ناچاری پێیدا دەڕۆین و ئەمەیش حاڵەکەیە."
ژمارەی ئەو بارهەڵگرانەی لە رێگەکە گیریانخواردووە زۆرە، هەر چەند بارهەڵگرێک و لە جێگەیەک وەستاون بە شێوەیەک کە لە دیوی ئێران تاوەکو نزیک ئەو رێگایانەن کە داخراون بەڕوویاندا.
محەممەد حوسێن، شۆفێری بارهەڵگر (خەڵکی ئەسفەهان) ئاماژە بەوە دەکات، "شۆفێرەکان لە زۆربەی شارەکانەوە هاتوون، نە پۆلیس جوابمان دەداتەوە کە چی بکەین، نە خاوەن بار و نە کەس. نازانین چی بکەین؛ بە سەدان بارهەڵگر لە ئێران و عەربەت و پێنجوێن گیریانخواردووە و ناتوانن بێن بەهۆی ئەوەی رێگە گیراوە. سەلامەتیی بارەکانیش لەسەر ئێمەن، بارودۆخمان هیچ باش نییە."
گرفت و کێشەی شۆفێرەکان، مانەوەیان لەسەر رێگەکە و لەئەستۆگرتنی سەلامەتیی ئەو بارانەیە کە هێناویانە، بەهۆی ریگەنەدانیشەوە ناتوانن بارەکەیان لە کەرکووکەوە بگەیێننە هەولێر، رێگەی دوو یاخود سێ رۆژیان بووە بە نزیکی 12 رۆژ و دیار نییە کەی دەتوانن بگەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ