کچێک لە قەڵادزێ کارگەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی دروستکردووە

01-04-2024
ئەبوبەکر ئیسماعیل
دیمەنێکی کارگەکە.
دیمەنێکی کارگەکە.
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

کچێک لە قەڵادزێ کارگەیەکی بۆ بەرهەمهێنانی پەینی کیمیایی دروستکردووە و دەڵێت، پاشماوە پەلەوەریەکان بەرێگەی زانستی دەگۆڕن بۆ پەینی سرووشتی. 
 
ئەوەی لە سەرەتای ڤیدیۆکەدا دەردەکەوێت، هاژە حەسەنە، باسی کاریگەریی یەکێک لە بەرهەمەکانی کارگەکەی دەکات، پێش خستنە بازاڕ و بەکارهێنانی لەلایەن جووتیارانەوە. 
 
بە توێژینەوە دەرئەنجامەکانی سەلماندووە، لەسەر میوە و سەوزە تاقیکردنەوەکەی سەرکەوتوو بووە، ئێستا دەیەوێت بۆ دانەوێڵەش سوودی لێ وەربگیرێت. 
 
دوای تەواوکردنی خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامەی ماستەر لە کشتوکاڵ، دووساڵە هاژە ئەم کارگەیەی دامەزراندووە و هەلی کاری بۆ سێ لەبراکانی و باوکی رەخساندووە. 
 
هاژە حەسەن دەڵێت، "لەتوێژینەوەدا، دەبێت کێشەیەکی کشتوکاڵی چارەسەر بکەی، بۆیە دەستمان خستووەتە سەر کێشەی پاشماوەی پەلەوەرخانەکان کە راستەوخۆ بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکان بەکاردەهێنرێت و ئەوەش زیانی زۆر بە زەوییەکان دەگەیێنێت، بەرهەمەکان دەسوتێنێت و خاکەکە پیس دەکات و رێژەیەکی زۆر گازی دوانۆکسیدی کاربۆن دەردەدات، ئێمە لە کارگەکەدا ئەو پاشماوە پەلەوەریە بەرێگەی زانستی دەگۆڕین بۆ پەینی سرووشتی و سوودبەخش بۆ بەرهەمە کشتوکاڵییەکان." 
 
پەینی بایۆچار بەشێوەی شل لەدەبەدا و وشک لەکیسەدا لە بەرهەمەکانی کارگەکەن، بۆ گەشەی سەوزە و میوە و دانەوێڵە سوودیان لێ وەردەگیرێت.
 
کارگەکە پشت بە پاشماوەی پەلەوەرخانەکان دەبەستێت، بۆهەر تۆنێک پاشماوەی پەلەوەر نزیکەی 500 کیلۆ پەینی بایۆچار بەرهەمدەهێنرێت.
 
حەسەن ئەحمەد باوکی هاژەیە، بەهۆی بەرزیی نرخی ئامێرەکانی کارگەکە و نەبوونیان لەکوردستان، هەموو ئامێرەکان بەدەست و پەنجەی ئەو دروستکراون.
 
حەسەن ئەحمەد، شارەزای میکانیکە و دەڵێت، کاتێک هاژەی کچی خوێندنی تەواوکرد، سەردانی زانکۆکەی کردووە لە تورکیا، لەوێ ئامێرەکانی بینیوە، بەڵام بەهۆی زۆریی نرخەکەیان لەتوانایاندا نەبووە بیانکڕن.
 
بۆیە بڕیاریانداوە خۆیان ئامێرەکان دروستبکەنەوە، ئەوانەی تورکیا بە کارەبا ئیش دەکەن، بەڵام ئەو گۆڕانکاری تێدا کردوون و بە کارەبا و گاز ئیش دەکەن، هەروەها دەڵێت هەم تێچووی کەمترە و هەمیش کارەبای کەمتری دەوێت، بەڵام سووتەمەنیی زیاتری پێویستە.
 
کارگەکە لەلایەن وەزارەتی کشتووکاڵەوە مۆڵەتی پێدراوە و دۆستی ژینگەیە، بێ پاشماوەیە و هیچ مادەی کیمیایی لە بەرهەمەکانیدا بەکارناهێنرێت.
 

 

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە