راوێژکارێکی هۆڵەندی لە وەزارەتی پێشمەرگە: مووچەی پێشمەرگە دەکرێتە ئەلیکترۆنی و چاوەڕوانی بڕیارێکین لەوبارەیەوە

31-05-2022
بێستون عوسمان
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کاپتن بارت ڤان دێن هۆیڤل، راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگە
هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کاپتن بارت ڤان دێن هۆیڤل، راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگە
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاند، ناوەندێکی زانیاریی نوێ لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرێندراوە بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی تۆماری هێزی پێشمەرگەی سەر بە وەزارەت. ئەو راوێژکارە ئاشکرای دەکات، کۆبوونەوەی چڕ لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی و بانکێک هەیە بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بە پێشمەرگە.
 
کاپتن بارت ڤان دێن هۆیڤل، راوێژکاری سەربازیی هۆڵەندا لە وەزارەتی پێشمەرگە لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ بێستون عوسمان، تیشکی خستە سەر چەند هەنگاوێکی تەکنیکیی نوێ لە پرۆسەی چاکسازیی هێزی پێشمەرگە و گوتی، "کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە، وەزارەتی دارایی و بانکێکدا کردووە بە مەبەستی بەئەلیکترۆنیکردنی پرۆسەی پێدانی مووچە بە هێزی پێشمەرگە"، ئەو راوێژکارە ئاشکرای دەکات، لەم چوارشەممەیە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن و بیرۆکەی کۆتایی لەوبارەیەوە روون دەبێتەوە و خشتەیەکی زەمەنیی بۆ دادەنرێت.
 
لە درێژەی قسەکانیدا کاپتن بارت جەختی لەوە کردەوە، هەردوو وەزارەتەکە ئامادەن و چاوەڕوانی بڕیاری کۆتایی دەبن. بە گوتەی ئەو راوێژکارە، پێدانی مووچەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە بە شێوازی بانکی دەبێت و خۆیان وەریدەگرن، بەڵام ئەم پرۆسەیە هێزەکانی 70ی سەر بە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و هێزەکانی 80ی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان ناگرێتەوە.
 
راوێژکارە هۆڵەندییەکە ئەوەشی خستەڕوو، ناوەندێکی زانیاری لە وەزارەتی پێشمەرگە دامەزرێندراوە، بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی سەرجەم زانیارییە تاکەکەسییەکانی هێزی پێشمەرگە و لە تۆمارکردنی سەر کاخەزەوە دەیگوازنەوە بۆسەر سیستمێکی دیجیتاڵ.
 
رووداو: کاپتن بارت، زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان و بەخێربێیت بۆ کوردستان.
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: سوپاس.
 
رووداو: یەکەم پرسیارم لەبارەی پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە دەبێت، بارودۆخی ئێستای هەردوو هێزی 70 و هێزی 80 چۆنە؟ چۆن هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگە و ئێوە دەکەن بۆ بوونە بەشێک لە وەزارەتی پێشمەرگە؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: پێموایە هەردوولا ویستی ئەوەیان هەیە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی راوێژکاریی نێودەوڵەتیدا بکەن، بەتایبەتی ئێمە لە لایەنی حەفتاوە کاردانەوەی زیاتر هەیە و زۆر روونیشن لەوەی دەیانەوێت زۆرترین لیوا بخەنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە، بێگومان ئاماژەی باش لە هەردوولاوە دەبینین و پەیوەندیمان لەگەڵ هەردوولادا هەیە و پەیوەندییەکانیش زۆر دڵخۆشکەرن، جوڵە لە پرۆسەکەدا دەبینین.
 
رووداو: دوایین جار کە قسەم لەگەڵ کۆلۆنێل یان-دا کرد، کە پێشتر لەجێی تۆ لێرە بوو، گوتی پرۆسەکە زۆر خاوە، بەڵام ئێستا تۆ دەڵێیت خێراترە بەراورد بەو کاتەی یان لێرە بوو؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: سەختە بەراوردی بکەیت بە کاتی یان، چونکە ئەو کاتەی یان دەستی بە ئەرکەکەی کرد، تازە لە کەرەنتینی گشتی هاتبووینە دەرەوە و هەمووان ئازاد دەبوونەوە، لەبەرئەوە پێموایە شتەکان خاوببوونەوە بەهۆی کۆرۆنا لە هەموو سێکتەرەکانی حکومەت و ئابووریدا دروستببوو. ئەوەش ئەو کاریگەرییەی دروستکردبوو کە بینیمان. هەڵبەت ئەمەش خێراترین پرۆسە نییە بینیبێتمان، ئەگەر نموونەیەکت پێبدەم؛ کاتێک بیمەی تەندروستیمان لە هۆڵەندا رێکخستەوە، 10 ساڵی خایاند. کەواتە کاتێک جوڵە دەبینین، ئەوە بەشی خۆی باشە، بێگومان ئێمە جوڵە دەبینین، ویستێک هەیە لەو کەسانەی لەگەڵیان کۆبووینەتەوە و بەرکەوتنمان لەگەڵیاندا هەبووە، بۆ بەرەوپێشچوون و گوشارکردن لە بەرەوپێشچوون، تەنانەت هەفتەی رابردوو، سەرۆک زۆر روون بوو لەو دوو گوتارەی دای، کە گوتی پرۆسەی چاکسازیی پێشمەرگە پرسێکی گرنگە، ئەمەش پەیوەستە بە پەیوەندییە سیاسییەکانەوە کە دەبێت تێبپەڕێندرێت. من ناشڵێم پرۆسەکە وەستاوە، بەڵکو جوڵە دەبینم و بەرەوپێش دەڕوات.
 
رووداو: تێدەگەم کە پرسەکە دێتە سەر ژمارەی هێزەکانی پێشمەرگە و زانیارییەکانیان، پرسیاری زۆر هەیە لەسەر ئەم باسە؛ بەتایبەتی بەهۆی شێوازی تۆمارکردنی ناو و زانیارییەکانیان لەسەر کاخەز نووسراوەتەوە؛ بەڵام ئەوەندەی بزانم، پلانێک هەیە بۆ بەدیجیتاڵکردنی تۆمارەکانیان.
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: بێگومان دەتوانم باسی بکەم، هەفتەی رابردوو، عەمید توانا سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێریاریی سەربازیی سەنتەرێکی نوێی تۆماری زانیارییان لە وەزارەت پیشاندا، کە دایانمەزراندووە بۆ تۆمارکردنی زانیاریی تاکەکەسیی هێزەکانی پێشمەرگە، ئەوەی بینیشم تەنیا بۆ ئەو هێزانە بوون کە لە وەزارەتی پێشمەرگەدان.
 
رووداو: هێزەکانی 70 و 80ی تێدایە؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: باوەڕ ناکەم، چونکە عەمید تەنیا گرنگی بەو هێزانە دەدات کە لەنێو وەزارەتدان. لەڕاستیدا سەرسام بووم بەوەی دایمەزراندووە؛ بوارێکی زۆر جوانە و بیرێکی زۆر قووڵە، تەنانەت لە کەلوپەلیش گرنگترە. ئەمە هەنگاوێکی گرنگی بەرەوپێشچوونە.
 
رووداو: دەمەوێت پرسیارت لەبارەی مووچەی پێشمەرگەوە لێبکەم، دەمانبینی ماوەیەک لەمەوپێش گرفتی مووچە دروستببوو بۆیان، کاتێک پێشمەرگە و خانەنشینانی پێشمەرگەش دووچاری گرفت دەبوون کە مووچەکانیان وەردەگرن، تەنانەت هەندێکیشیان کۆچی دواییان کرد لە سەرەی وەرگرتنی مووچەدا. ئایا هیچ پلانێکی نوێ هەیە بۆئەوەی پێدانی مووچە بە هێزی پێشمەرگە ئاسانتر بکرێت؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: بێگومان وایە، ئێمە کۆبوونەوەمان لەگەڵ بانکێک، وەزارەتی دارایی و جارێکی دیکەش عەمید توانا و راوێژکاری ئەمریکا کردووە. لەو کۆبوونەوەیەدا، ئەوەیان پیشانداین کە رێگەی تێدەچێت مووچە بە ئەلیکترۆنی بدرێت لە هەرێمی کوردستان و ئەمەش هەمان ئەوەیە لە وڵاتانی رۆژئاوا دەگیرێتەبەر. ئێستاش پێموایە، بڕیارە گەورەکە، کە هەموومان چاوەڕێین، ئەوەیە کە وەزارەتی دارایی گرێبەستێک لەگەڵ بانکێک یاخود ژمارەیەک بانک واژۆ بکات بۆئەوەی بتوانرێت مووچە بە ئەلیکترۆنی بدرێت، ئەژماری بانکییان بۆ بکەنەوە و پارەکە بۆ ئەو ئەژمارانە بنێردرێت؛ کارتی بانکییان هەبێت و بتوانن پارەکەیان رابکێشن و بە دڵی خۆیان بەکاریبهێنن.
 
رووداو: هیچ خشتەیەکی زەمەنی بۆ ئەمە هەیە؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: هیوام وایە. ئەم چوارشەممەیە لەوبارەیەوە کۆدەبینەوە و بیرۆکەیەکمان پێدەدرێت لەبارەی خشتە زەمەنییەکەوە. لەڕاستیدا پێموایە وەزارەتی پێشمەرگە تەواو ئامادەیە، وەزارەتی داراییش ئامادەیە. دەبێت کەسێک هەبێت پشتڕاستی بکاتەوە کە گرێبەستەکان گەیشتوون بە کۆتاییهاتن. دڵنیا نیم کێ ئەوە دەکات و کێ ئەو بڕیارە دەدات. رۆژی چوارشەممە ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت.
 
رووداو: هەڵبەت ئەمەش تەنیا بۆ ئەو هێزانەی پێشمەرگە دەبێت کە لەژێر فەرمانی وەزارەتدان، نەوەک هێزی 70 و 80؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: ئەوە روونە، ئەرکی ئێمە تەنیا تایبەتە بە وەزارەتی پێشمەرگەوە. ئێمە قسەمان لەگەڵ هێزی 70 و 80 کردووە، چونکە پێویستە قسەیان لەگەڵدا بکەین تاوەکو هێزی زیاتر بنێرنە وەزارەتی پێشمەرگە. لەبەرئەوە ئەرکی ئێمە پەیوەستە بە وەزارەتی پێشمەرگە و راوێژدان بە وەزارەت.
 
رووداو: لە کۆتاییدا دەمەوێت پەیامی تۆ بۆ هەموو ئەو خوشک و برا پێشمەرگانەی گوێمان لێ دەگرن بگەیەنم، کە لەژێر فەرماندەیی هێزی 70 و 80دان، چییان پێدەڵێیت وەکو راوێژکاری سەربازیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان؟
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: من پێیان دەڵێم، چوونە سەر وەزارەتی پێشمەرگە کارێکی زۆر باشە. هێزێکی یەکگرتووی پێشمەرگە دەبێتە قەڵایەک بۆ هەرێمی کوردستان و بەرپرسیار دەبێت بەرامبەر حکومەت. هەروەها دەبێت ئەمە ببێتە ئامانجی کۆتایی و شتێکی باشە بۆ هەرێمی کوردستان و تەنانەت بۆ هەموو پێشمەرگەش، چونکە هەمان رێنوێنی و فەرمان وەردەگرن و بە هەمان شێوەش مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت لە وەزارەتی پێشمەرگە.
 
رووداو: کاپتن بارت، زۆر سوپاس بۆ بەشداریکردنت لەگەڵمان.
 
بارت ڤان دێن هۆیڤل: بە خۆشحاڵییەوە، زۆر سوپاس.
 
رووداو: سوپاس.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ حەسەن حەموود عوگەیلی، بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق

'هەرێمی کوردستان بەرەو سیستمی ئەسیکۆدا دەڕوات'؛ لەگەڵ شارەکانی عێراق خاڵی گومرگی هەیە؟

بەڕێوەبەری گشتیی گومرگی عێراق دەڵێت، لەگەڵ هەرێمی کوردستان لەبارەی پرسی گومرگی "ناکۆکییان نییە" و لەوانەیە "هەڵە تێگەیشتن بێت." رەتیشی دەکاتەوە لەنێوان شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراقدا خاڵی گومرگی دانرابێت. ئاماژەی بەوەش کرد کە کار بە سیستمی ئەسیکۆدا دەکەن و لە 01-01-2025ـەوە بە تەواوی وازیان لە کاخەز هێناوە