گوتەبێژی سکرتێری یوئێن بۆ رووداو: بە وردی چاودێریی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکەین

29-01-2025
تەنیا ئەحمەد
ستیفان دووجاریک وەڵامی سینان توندجدەمیری رووداو دەداتەوە
ستیفان دووجاریک وەڵامی سینان توندجدەمیری رووداو دەداتەوە
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە رووداوی گوت، نێردەی UN بۆ سووریا بە وردی چاودێریی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات و چاوەڕێیە پشتگیری و کات بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت.
 
ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەڵامی سینان تونجدەمیر، پەیامنێری رووداو لە نیویۆرک، لەبارەی کۆبوونەوەکانی گیێر پێدرسن، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا گوتی "ئەو، بە وردی چاودێریی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، هیوادارە کات و پشتگیریی پێویست بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت تاوەکو بگەنە رێککەوتن و رێگەیەکی ئەرێنی و پێشکەوتوو، بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەدەستبهێنن."
 
لەبارەی رەوشی ناسەقامگیری ناوچەکە، دووجاریک گوتی، "ئاشکرایە پێکدادانی بەردەوام لە هەر بەشێکی سووریا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، پێش هەر شتێک، بۆ خەڵک و هاووڵاتیان کە لەژێر پێکدادانەکاندا ئازار دەچێژن؛ هەروەها دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی نوێش قورستر دەکات. بۆیە داوامان کردووە کۆتایی بە هەموو پێکدادانە جیاوازەکان بهێنرێت کە دەیانبینین."
 
رۆژی 09-01-2025 نێردەی تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا یەکەم راپۆرتی بەرفراوانی خۆی دوای شکستی رژێمی بەشار ئەسەد پێشکێشکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد و، هۆشداریی دایە ئەنجوومەنەکە لەبارەی ئەگەری ئۆپەراسیۆنی تورکیا لەدژی رۆژئاوای کوردستان.
 
لە راپۆرتەکەیدا پێدرسن ئاماژەی بەوە کرد، دەبینن رێگەی دیالۆگ لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتی کراوەتەوە، بەڵام لەلایەکی دیکەوە تورکیا هەڕەشە لە رۆژئاوای کوردستان دەکات، هاوکات پێکدادانەکانیش لە منبج لەدژی یەکێتی و سەروەریی خاکی سووریا وەک هەڕەشەیەک وان.
 
پێدرسن ئەوەشی گوت "باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، هەروەها بەشێکی شاری حەلەب لەژێر کۆنترۆڵی هەسەدە و یەپەگە دان. لەبەرامبەردا ئاگربەستێک بەنێوەندگیریی ئەمریکا لە نزیک منبج لە مانگی 12 هەبووە، راپۆرتەکان نیشانی دەدەن پێکدادان و تۆپباران بەتایبەتی لەنێوان هەسەدە و هێزەکانی سوپای نیشتمانیی سووریا هەن."
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ ستێفان دووجاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان:
 
رووداو: سوپاس، ئێمە دەزانین بەڕێز گیێر پێدرسن لە سووریا لەگەڵ کۆمەڵگە جیاوازەکان و پسپۆڕانی دیکە کۆبوونەوە دەکات. بۆیە پرسیارەکەم ئەوەیە؛ ئایا دەتوانین، بڵێین لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکراتیش کۆبووەتەوە؟
 
ستێفان دووجاریک: من وردەکاریی هەموو کۆبوونەوەکانی نازانم. دەتوانم هەوڵبدەم زانیاریی زیاتر وەربگرم، بەڵام دەتوانم پێتان بڵێم ئەو بە وردی چاودێریی دۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا دەکات، هیوادارە کات و پشتگیریی پێویست بە هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان بدرێت تاوەکو بگەنە رێککەوتن، هەروەها رێگەیەکی ئەرێنی و پێشکەوتوو بەشێوەیەکی ئاشتیانە بەدەستبهێنن.
 
رووداو: بەڕێز گیێر پێدرسن لەگەڵ حکومەتی کاتیی سووریا کۆدەبێتەوە کە هێشتا لە لیستی تیرۆر دان، بەڵام هێزەکانی سووریای دیموکرات لە لیستی تیرۆریشدا نین؛ بۆچی ئەوەندە قورسە نێردەی تایبەت بە ئاشکرا لەگەڵ هێزەکانی سووریای دیموکرات کۆنابێتەوە؟ ئایا دەتوانین لە داهاتوویەکی نزیکدا چاوەڕێی کۆبوونەوەیەک بکەین؟
 
ستێفان دووجاریک: وەک گوتم، لە داهاتوویەکی نزیک دا وردەکاریی زیاتر لەسەر ئەم بابەتانە وەردەگرم و ئاگادارتان دەکەمەوە.
 
رووداو: لە سووریا هێشتا پێکدادان لەنێوان گرووپە چەکدارەکان، تورکیا و هێزەکانی سووریای دیموکرات بەردەوامە. ئایا ئەم پێکدادانانە چۆن کاریگەری لەسەر پرۆسەی نوێی ئاشتی لە سووریا دەکەن؟
 
ستێفان دووجاریک: بەڵێ، ئاشکرایە پێکدادانی بەردەوام لە هەر بەشێکی سووریا دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات، پێش هەر شتێک، بۆ خەڵک و هاووڵاتیان کە لەژێر پێکدادانەکاندا ئازار دەچێژن، دۆخەکە قورستر دەکات؛ هەروەها دەستپێکردنی پرۆسەیەکی سیاسیی نوێش قورستر دەکات. بۆیە داوامان کردووە کۆتایی بە هەموو پێکدادانە جیاوازەکان بهێنرێت کە دەیانبینین.
 
رووداو: دەزانین لە سووریا کار لەسەر دەستوورێکی نوێ دەکرێت و حکومەتی راگوزەریش گوتی سێ ساڵی پێویستە. ئایا هیچ پێشکەوتنێک سەبارەت بەم دەستوورە نوێیە هەیە؟
 
ستێفان دووجاریک: لەبارەی ئەم بابەتەوە هیچ زانیارییەکم لەبەردەست دا نییە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە