prev
next
رووداو دیجیتاڵ
باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق دەڵێت، گوشارێکی زۆری لەسەرە بۆ داواکردنی ڤیزە، بەتایبەت لە رێگەی کۆنسووڵخانەکەیان لە هەولێر. داوا لە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراق دەکات ئارامگر بن و کەمی ژمارەی کارمەندەکانی بەشی چاوپێکەوتن و ڤیزا لەبەرچاو بگرن.
کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ داوا لە گەنجانی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکات رێگەی کۆچی نایاسایی نەگرنەبەر و بە رێکاری یاسایی و بەپێی مەرج و داواکارییەکانی ئەڵمانیا، فۆڕمی داواکاریی گەشتکردن پێشکێش بکەن.
هاوکات باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق باسی رۆڵی وڵاتەکەی لە پەرەپێدانی ئابووری و کەرتی تایبەتی عێراق و سەرمایەگوزاری کۆمپانیا ئەڵمانییەکان لە عێراق دەکات، هەروەها باس لە رۆڵی سەربازانی وڵاتەکەی لە عێراق و مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و رووداوکانی سووریا و کاریگەرییان لەسەر عێراق دەکات.
دەقی گوتەکانی کریستیان هۆمان دێنهاردت، باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ:
رووداو: گوتت عێراق ئێستا وڵاتێکی گەشەسەندووە بە سەرچاوەی زۆرەوە و دەرفەتی زۆری هەیە، بەڵام ئاستەنگیشی هەیە هەموومان لەسەر ئەوە کۆکین، لە روانگەی تۆوە سەرەکیترین ئاستەنگ چییە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئاستەنگەکە لە رووی نێودەوڵەتییەوە راکێشانی وەبەرهێنانە، چونکە هەمەچەشنکردنی ئابووری ئاستەنگی سەرەکیی عێراقە، کەواتە چۆن وەبەرهێنانی نێودەوڵەتی رادەکێشیت کە نەک تەنیا شارەزایی بهێنێت، بەڵکو هەلی کار و بەرهەمهێنانیش بۆ وڵات بهێنێت؟ ئەوە ناوبانگی وڵاتە لە دەرەوە، پێویستە ئەو تێڕوانینە کڵێشەییە بگۆڕین کە خەڵک هەیانە لەسەر عێراق، کە هێشتا لە زەینی خەڵکدا نوێ نەکراوەتەوە، ئەمەش ئەو کارەیە کە ئێستا خەریکین.
رووداو: واتە هەڵمەتێکی بازاڕگەری و دەستڕاگەیشتن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: نەک تەنیا ئەوە بەڵکو راستییەکانیشە، چونکە ئەگەر باسی ئاسانی کارکردن بکەیت، هەندێک رەگەز هەن پێویستە جێبەجێ بکرێن، پێویستە چاکسازیی بانکی بکرێت، چوارچێوەی رێکخستن و شتی دیکە کەواتە ئەم شتانە هێشتا پێویستیان بە کارە، بەڵام لە هەمان کاتدا عێراق هەنگاوی زۆر گەورەی ناوە، پێشکەوتنی زۆری بڕیوە لە چەند ساڵی رابردوودا و خەریکە دەگۆڕێت، بۆیە پێموایە شوێنێکی باشە بۆ کۆمپانیاکان کە بێن و چالاک بن تێیدا.
رووداو: ئایا هێشتا سەختە بۆ تۆ کە بۆ نموونە بازرگانێکی ئەڵمانی قایل بکەیت لە عێراق وەبەرهێنان بکات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەندێکمان هەن ماوەیەکی زۆرە لێرە ئامادەن و ناوچەکەش باش دەناسن، بۆیە بۆ ئەوان ئاسانترە، هەندێکجار تەنیا کێشەی کولتوورییە، چونکە بازرگانی لێرە بە شێوازێکی کەمێک جیاواز دەکرێت لەوەی لە رۆژئاوا و ئەورووپا دەکرێت، کەواتە ئەوە یەکێکە لە رەگەزەکان بۆ راکێشان، دووەم دروستکردنی هەلی کار، دروستکردنی وەبەرهێنان و بەردەوامبوون، پێموایە ئەمە ئەو ئاستەنگەیە ئێستا رووبەڕوومان دەبێتەوە و ئەمەیە کە کاری لەسەر دەکەین، بێگومان بەرژەوەندییمان هەیە و کاری لەسەر دەکەین.
رووداو: لە لایەنی حکومەتی عێراقەوە، پێموایە بەشێکی گەورەی ئەمە لەسەر حکومەتی عێراقە کە لە واقیعدا گۆڕانکاری و چاکسازیی پێویست بکات، پلانێک دەبینیت؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: بەڵێ دەیبینم، ئێمە لە پەیوەندی زۆر نزیکداین و لە پەیوەندیداین لەگەڵ راوێژکارە ئابوورییەکانی سەرۆکوەزیران، دەتوانین دەرگای کراوە بدۆزینەوە و بڵێین کام چوارچێوە زۆرترین رێگرن، بۆیە دەبینین ئەو ئەزموونانەی کە دەیهێنین، ئەو فیدباکەی لە کۆمپانیاکانەوە وەریاندەگرین، گوێی لێ دەگیرێت و چارەسەریشی بۆ دەدۆزرێتەوە.
رووداو: لەبارەی وەبەرهێنانەوە، قەبارەی وەبەرهێنانی ئەڵمانی لە عێراق چەندە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: دەچینە نێو ملیارەکان، لەلایەکەوە کاری زۆر لە بواری وزە دەکرێت، لە کارکردن لە وێستگەکانی گۆڕەر، تۆڕی کارەبا کە پێویستی بە نۆژەنکردنەوە و فراوانکردن هەیە، چونکە ئەگەر ئابووری گەشە بکات، پێویستت بە گەیاندنی کارەبای زیاترە، پێویستە زیانەکانی ناو سیستمەکە کەمبکەیتەوە.
هەروەها پەیوەندی بە دروستکردنی وێستگەی وزەوە هەیە بۆ یارمەتیدانی عێراق لە پڕکردنەوەی کەلێنی بەرهەمهێنان لەگەڵ پێداویستیدا، هەروەها بەرهەمهێنانمان هەیە، ناسنامەکان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە بەرهەم دەهێنرێن بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق، کەواتە زۆر شتی کردەیی روودەدەن، دەرمان لەلایەن کۆمپانیایەکی ئەڵمانییەوە لە عێراق بۆ بازاڕی عێراقی بەرهەم دەهێنرێت، ئەوانە چەند نموونەیەکن.
رووداو: تۆ تەنیا دیپلۆمات و باڵیۆز نیت کە چاوم پێت دەکەوێت، ئەوان بەراورد بە چەند ساڵ لەمەوبەر، گەشبینترن لەبارەی عێراق و داهاتووی عێراقەوە، چی وات لێدەکات ئەم هەستی گەشبینییەت پێ ببەخشێت؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: ئەگەر سەیری چوار ساڵی رابردوو بکەین، با تەنیا ماوەی کورت وەربگرین، لەنێوان دوا هەڵبژاردن و ئێستا، دوای هەڵبژاردنەکان ئاژاوە هەبوو، ماوەیەکی برد تاوەکو حکومەت پێکهات، بەڵام لەو ماوەیەدا لەژێر دەسەڵاتی سەرۆکوەزیرانی ئێستا ژینگەیەکی سیاسی تاوەکو رادەیەک جێگیرمان هەبووە.
بودجەمان هەیە، کە زۆر گرنگە بۆ کۆمپانیاکانیش کاتێک دەبینن وڵاتێک بودجەی راستەقینەی رێکوپێکی هەیە نەک تەنیا پارەدانی تاکەکەسی، ئەمە سەقامگیری و بەردەوامییە، دەیانەوێت ژینگەیەکیان هەبێت کە تێیدا پێشبینیی دیاریکراویان هەبێت، ئەمەش بەشێوەیەکی گەورە زیادی کردووە.
بێگومان ئاستەنگەکان ماون و هێشتا لەوێن، هیوادارین دوای هەڵبژاردنەکانی پاییزی ئەم ساڵ، پێکهێنانی حکومەت خێراتر بێت، ناڕەزایی گشتیمان دوای ئەوە نەبێت، بەڵام ئەمانە هەمووی فاکتەرن کە کاریگەرییان دەبێت لەسەر گرنگیدان و هاتنی وەبەرهێنەران.
رووداو: لەبارەی ئەو ئاستەنگانەی باستکردن، ئەمە نهێنی نییە تەنانەت سەرۆکوەزیرانیش باسی کردووە لەبارەی ئاسایش، گۆڕانی کەشوهەوا، هەمەچەشنکردنی ئابووری، گواستنەوە بۆ وزەی نوێبووەوە، ئەمانە هەموو ئاستەنگی گەورەن لە عێراق، ئێوە وەکو ئەڵمانیا چۆن پشتیوانی حکومەتی عێراق و عێراق بە گشتیی دەکەن لەم بوارانەدا؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: حکومەتی عێراق زوو زوو لەگەڵ حکومەتی ئەڵمانیا کۆدەبێتەوە و بە راستی گفتوگۆ دەکەین لەسەر ئەوەی لە کوێ دەتوانین باشترین یارمەتی بدەین، وزە و هەروەها هەمەچەشنکردن لە بواری وزەدا یەکێکە لە پرسە گەورەکان، کە لە راوێژکارییەوە دەستپێدەکات، چۆن ئەمە رێکدەخەیت، چۆن بۆ نموونە کار لەسەر تۆڕی کارەبای وڵات دەکەیت بۆ دڵنیابوون لەوەی چارەسەرت هەبێت بۆ باکوور، ناوەڕاست و باشوور، بۆ دڵنیابوون لەوەی بتوانیت بە یەکسانی دابەشی بکەیت، هەروەها چۆن خزمەتگوزاریی گشتیی دابینکردنی کارەبا پەرە پێدەدەیت، کە دەوڵەت پارە لە بەکارهێنەران وەربگرێت. بە پێوەری زیرەک دەستپێدەکەین، بەڵام چۆن دەیکەیت؟ ئایا هاوسەنگکردنێکی کۆمەڵایەتی هەیە بۆ ئەوانەی زیاتریان هەیە و دەبێت نرخی تەواو بدەن لەگەڵ ئەوانی دیکە، کە نرخی کەمتر دەدەن، یان چۆن مامەڵە لەگەڵ پیشەسازییەکان دەکەیت؟ بەوجۆرە دەگاتە وەبەرهێنان لە دروستکردنی وێستگەی وزەی گازی سووتاو بۆ بەکارهێنانی ئەو گازە سووتاوەی لە بەرهەمهێنانی نەوتدا هەیە، کە ئێستا بەکارنایەت و دەکرێت بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا بەکاربهێنرێت، کەواتە ئەمانە هەموو رەگەزەکانن لە کەرتی تایبەت، بەڵام هەروەها دەتوانێت هاوکاریی نێوان حکومەتەکانیش بکات.
رووداو: لەبارەی کۆچەوە ئەمە یەکێکە لە بابەتە گەورەکان لەنێوان یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتان بە گشتیی لەگەڵ عێراق، پێشموایە ئەمە نهێنی نییە، کە کۆچ لە پلەی یەکەمدا ئەڵمانیا دەکاتە ئامانج لە یەکێتیی ئەورووپادا، ئێستا رێککەوتنێک هەیە لەگەڵ حکومەتی عێراق و چەند مانگێک لەمەوبەر قسەم لەگەڵ باڵیۆزی عێراق لە ئەڵمانیا د. لوقمان فەیلی کرد، باسی رێککەوتنەکەی کرد، ئەم رێککەوتنە چۆن دەڕوات لەبارەی کۆچ، چۆن لەگەڵ حکومەتی عێراق کار دەکەن؟ دوو قۆناخ هەن یەکێک لە قۆناخەکان پەیوەندیی بە گەڕاندنەوەی ئەو عێراقیانەوە هەیە کە مافی مانەوەیان لە ئەڵمانیا نییە، حکومەتی عێراق تاوەکو چەند هاوکارە لەگەڵ ئەڵمانیا لەبارەی ئەم کێشەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: ئەمە چوارچێوەیەکی زۆر نهێنییە کە تێیدا کاردەکەین، چونکە تەنیا لەو چوارچێوەیەدا دەتوانێت کاربکات، ئەوەی بۆ ئێمە زۆر گرنگە و لایەنەکەی دیکەی کارەکەیە کە بۆ ئێمە گرنگترە کەمیی هێزی کارە لە ئەڵمانیا، بۆیە راستییەکەی دەرفەتی کۆچی کار هەیە بەرەو ئەڵمانیا بۆ کارکردن لە ئەڵمانیا.
کەواتە ئەوانەی مافی مانەوەیان نییە دەبێت بگەڕێنەوە ماڵەوە، زۆرینەیان خۆیان دەگەڕێنەوە، تەنیا سواری فڕۆکە دەبن، لایەنەکەی دیکەش ئەوەیە بە چالاکی بەدوای عێراقیدا دەگەڕێین بە تایبەتمەندی و لێهاتوویی دیاریکراوەوە بۆ ئەوەی بێن بۆ ئەڵمانیا و بە یاسایی لە بازاڕی کاری ئەڵمانیادا کار بکەن.
رووداو: قسەم لەگەڵ کۆنسووڵی ئەڵمانیا لە هەولێر کرد و ئەوەی باسکرد، تەنانەت ئێستا چەند ساڵێکە یاسایەکی نوێ لە ئەڵمانیا گۆڕدراوە و زۆر ئاسانکاریی دەکات بۆ گەشتکردن و کۆچکردن بۆ ئەڵمانیا، بەڵام دەبێت هەندێک لێهاتووییت هەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا کۆچ کێشەیە، هیچ بەرنامەیەکتان هەیە ئاراستەی گەنجان کرابێت لە عێراق، لانیکەم وەک دروستکردنی هەلی کار، هیوایان پێ ببەخشن بۆ مانەوە لێرە یان هۆشیارکردنەوە لە مەترسی بازرگانی بە مرۆڤەوە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەردووکیانمان هەیە، یەکێکیان ئەوەیە کە وا بیر مەکەنەوە ئەمە رێگەیەکی ئاسانە بۆ دەرچوون، ئەوی دیکەیان پێموایە دەبێت بە شێوەیەکی بنەڕەتیتر مامەڵەی لەگەڵ بکەیت، کە دروستکردنی ئاستی داهاتووی پەروەردەیە کە راهێنانی پیشەییە، هەموو کەس دوای قوتابخانە ناچێتە زانکۆ، کەواتە چی لە نێوانیان هەیە؟ ئەمە رێک ئەو شوێنەیە کە وەبەرهێنەران دێنە ناوەوە، چونکە وەبەرهێنەران پێویستیان بە کرێکاری شارەزا هەیە، بۆیە یارمەتی وڵات دەدەین لە دروستکردنی سیستمی راهێنانی پیشەیی و پرۆگرامی خوێندن چۆن دەبێت، قوتابخانەکان چۆن دەبن، پاشان پەیوەستکردنی لایەنی ئەزموونی بە کردەییەوە لە کۆمپانیاکاندا، چونکە ئەگەر دەبیتە ئاسنگەر، ئەوە باشە کە کتێبی زانستی ئاسنگەری بخوێنیتەوە و لە خولدا بەشدار بیت، بەڵام دەبێت راهێنانیش بکەیت.
کەواتە ئەمە تێکەڵەیەکە لە ئەزموونی پیشەیی و زانیاریی ئەزموونی بۆ پەیوەستکردن و دروستکردنی ئەم ئاستە ناوەندییە لە سیستمی پەروەردە لێرە لە عێراق نەک تەنیا لەبەر ئەوەی پێمانوایە شتێکی زۆر باشە تاوەکو بکرێت، بەڵکو ئەمە چینێکە لە کرێکاران و هێزی کار کە پێویستە بە شێوەیەکی بەرچاوتر لێرە لە نێوخۆدا بۆ ئابووریی عێراق دروست بکرێت.
رووداو: کەواتە لەگەڵ حکومەت کار لەسەر ئەمە دەکەن، پشتیوانیتان تەنیا بە راوێژکارییە یان بودجەش هەیە بۆی، پشتیوانی دارایی؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هەردووکیان، هەندێکجار راوێژکارییەکە لەلایەن حکومەتی ئەڵمانیاوە دەدرێت نەک حکومەتی عێراق، بەڵام هەروەها راهێنان بە راهێنەران و مامۆستایانیش دەکرێت، کەواتە بەرنامەش دابیندەکەین بۆ ئەوە، هەروەها دروستکردنی پەیوەندیی لەگەڵ کۆمپانیاکان بۆ دڵنیابوون لەوەی کە کۆمپانیاکانیش بۆچوونیان تێیدا هەیە، هەروەها بەشداریپێکردنی کەرتی تایبەت، چونکە ئەوان دەبنە بڕبڕەی پشتی ئابووریی هەموو عێراق.
رووداو: گەنجی زۆر لە عێراق و لە هەرێمی کوردستان هەن کاتێک قسە دەکەن دەڵێن "هیچ هیوایەکمان نییە، ئەگەر دەرفەتمان هەبێت بە نایاسایی کۆچ دەکەین بۆ ئەڵمانیا"، بەڵام زۆر ئاگاداری مەترسییەکان نین و لەوانەیە بگەڕێنرێنەوە، پەیامت بۆ ئەوان چییە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پەیامەکە ئەوەیە ئەو ڕێگەیە شایانی ئەو مەترسییە نییە، رێگەی یاسایی هەن بۆ ئەوە و سەیری ئەوە بکەن، بەڵام لەلایەکی دیکەوە، ئایا شتێکی شکۆدار نابێت کە بەشێک بن لە داهاتووی عێراق و دروستکردنی دەرفەت لێرە، ئەم وڵاتە گەشە دەکات و پەرەدەسێنێت، هەموو شتێک رێکنەخراوە و ئەمە ئاساییە، ئێمەی ئەڵمانیش لە ئەڵمانیا حەز دەکەین گلەیی لە هەموو شتێک بکەین، بەڵام بەڕاستی ئێوە ئەوانەن کە داهاتووی ئەم وڵاتە دروست دەکەن، دەبێت یەکێک لە ئامانجەکان بێت.
رووداو: سەبارەت بە رێگە یاساییەکان، دەکرێت زیاتر روونی بکەیتەوە، چۆن کار دەکات؟ چۆن خەڵک دەتوانن شوێنی بکەون ئەگەر بیرۆکە یان هیوایان هەبێت بۆ گەشتکردن بۆ ئەڵمانیا، چۆن دەتوانن بە یاسایی کۆچ بکەن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: شێوازە کورتەکە باس دەکەم، چونکە هەموو شتێک لەسەر ماڵپەڕەکەمان بەردەستە، دەتوانن بە وێدا بچن و لینکی زۆر هەن بۆ چۆنیەتی گەشتکردن بۆ ئەڵمانیا.
رووداو: دەتوانن لە گووگڵ بگەڕێن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: بەڵێ دەتوانن، زۆر ئاسانە دۆزینەوەی خاڵەکە ئەوەیە کە گرووپی پیشەیی دیاریکراو هەن کە بەدوایاندا دەگەڕێین، بەڵام دەتوانن بۆ گەڕان بەدوای کاریشدا بچن، دەتوانن بچن بۆ راهێنان لە ئەڵمانیا کەواتە هەموو ئەم شتانە دەرفەتن.
خاڵێکی دیکە ئەوەیە ئەگەر بۆ نموونە لە کۆمپانیایەک لێرە دامەزراون، زۆرجار ئەم کۆمپانیایانە ستافەکەیان دەنێرن بۆ هەندێک راهێنان لە ئەڵمانیا، بەتایبەتی کاتێک بۆ کۆمپانیایەکی ئەڵمانی کاردەکەن، دەیانەوێت بارەگا سەرەکییەکانیان و چۆنیەتیی کارکردنیان لە کۆمپانیا گەورەکەدا بناسن، کەواتە هەموو ئەم دەرفەتانە بەردەستن.
کەمێک گەڕانی پێویستە لە ئینتەرنێتدا، ئینتەرنێت زانیاریی زۆری تێدایە لەمبارەیەوە و لەسەر وردەکارییەکان، چیتان پێویستە و چ لێهاتووییەک پێویستە هەتانبێت پێشکێشی بکەن بۆ ئەوەی بە یاسایی گەشت بکەن.
رووداو: دەتوانن لە رێگەی باڵیۆزخانەوە داوابکەن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: دەتوانن لە رێگەی ماڵپەڕی باڵیۆزخانە و کۆنسووڵخانەوە داواکاریی پێشکێش بکەن بێگومان.
رووداو: داواکاریی وا وەردەگرن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: بەڵێ وەریدەگرین، بە کۆمەڵ نا، بە سەتان نا، بەڵام وەریدەگرین.
رووداو: ئەگەر بابەتەکە نهێنی نەبێت، ئەو عێراقییانە کێن کە دەیانەوێت بە یاسایی کۆچ بکەن؟ ئەندازیارن، پزیشکن، مامۆستان؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: هیچ کۆمەڵێکی دیاریکراو نییە کە بتوانم بڵێم تەنیا ئەوانەن، لە راهێنانی پیشەییەوە هەتا بڕوانامەی زانکۆ، کەواتە هیچ تایبەتمەندییەک نییە بتوانیت دەستنیشانی بکەیت.
رووداو: لەبارەی کۆچەوە، کاتێک کار لەسەر ئەم پرسە دەکەن لە عێراق، پێموایە جۆرێک بیرۆکە، دیدگا یان داتاتان پێویستە لەبارەی ئەوەی لە کوێوە دێت، ئایا لە باشووری عێراقەوەیە بۆ ئەوەی بتوانن بە ئامانجی بگرن، ئایا لە هەرێمی کوردستانەوەیە کە خەڵک زیاتر کۆچ دەکەن بۆ ئەڵمانیا؟ هیچ بیرۆکەیەکتان لەم بارەیەوە هەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: ئێمە ئەو جۆرە پشکنینە ناکەین، چونکە رەگەزنامەکەیە کە پشکنینی بۆ دەکرێت نەک ئەوەی لە کام بەشی وڵات دێت، کەواتە ناتوانم رێژەی سەتی ئەوەت پێ بڵێم خەڵک لە کام بەشی عێراقەوە دێن، بەڵام دەتوانم پێت بڵێم کە ژمارەکان لە عێراقەوە بە شێوەیەکی بەرچاو کەمیکردووە، کەواتە ژمارەی ئەو عێراقییانەی دەگەنە ئەڵمانیا و داوای پەنابەریی دەکەن یان هەوڵدەدەن بمێننەوە، بە شێوەیەکی گەورە دابەزیوە.
رووداو: لە رووی ئاسایشەوە، شتی زۆر لەم ناوچەیە روودەدات، ئەوەی لە سووریا روودەدات ئێستا پرسێکی گەورەیە، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە سووریا بوو، چەند رۆژێک لەمەوبەر چاوپێکەوتنم لەگەڵ بەڕێز تۆبیاس لیندنەر کرد کە ئەویش لە سووریا بوو، چوو بۆ تورکیا و لە هەرێمی کوردستانی عێراقیش بوو و هەموو نیگەرانییەکە لەبارەی سووریا و هەروەها عێراقیشەوە بوو، بەرپرسانی عێراقیش ئێستا دەڵێن زۆر نیگەرانن لە داهاتووی سووریا، با باسی داعش بکەین لەبەر ئەوەی ئەڵمانیا بەشێکە لە هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی، پێتوایە هێشتا داعش هەڕەشەیە بۆ عێراق؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە جەنگە گەورەکە دژی داعش، وەک ئەوەی لە نێوان 2014 و 2017دا بینیمان تەواو بووە، هەرچەندە هێشتا لێرە و لەوێ کەسانێک هەن. ئێمە چالاکییەکانی حکومەتی عێراق زۆر بەرز دەنرخێنین بۆ لەناوبردنی ئەو کەسانەی داعشن، چونکە پێموایە هیچ کەسێک لە ناوچەکە و لەم وڵاتەدا نایەوێت ئەوان بگەڕێنەوە و هەمان کێشە بۆ ئاسایشی عێراق دروست بکەنەوە وەک ئەوەی لە 2014 کردیان، کەواتە هەنگاوی گەورە و پێشکەوتنی زۆر هەیە بۆ دڵنیابوون لەوەی هێزە ئەمنییەکانی عێراق توانای بەرەنگاربوونەوە و شەڕکردنیان هەیە لەگەڵ ئەو ئاستەنگانەی هێشتا ماون.
رووداو: کۆتاییهێنان بە هاوپەیمانێتییەکە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە مەبەستم ئەرکەکەیە، پێتوایە کاتێکی دروستە بۆ هەنگاوێکی لەوشێوەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە ئەمە بەشێکە لە گفتوگۆکانی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و حکومەتی عێراق، پێموایە گفتوگۆ روودەدات، ئێمە دڵخۆشین کە ئەندامی هاوپەیمانێتییەکەین، بەڵام ئەم گفتوگۆیانە، وەک دەزانیت رێککەوتنەکانی پێشووش، سەرەتا لە نێوان ئەمریکا و عێراقدا گفتوگۆیان لەبارەوە کراوە، حکومەتی عێراق بوو کە بانگهێشتنامەی بۆ ئەرکەکە نارد و لەسەر حکومەتی عێراقە ئاماژە بەوەبکات کە تەواو بووە، بڵێت کارەکەمان تەواو کردووە و ئەوەی دەمانویست بەدەستمانهێناوە، کەواتە ئەمە شتێک نییە من وەڵامی بدەمەوە.
رووداو: عێراق هەنگاو دەنێت و لە ئەرکەکەدا هەوڵدەدات رێککەوتنی دووقۆڵی لەگەڵ هەر وڵاتێک بکات، بۆ نموونە لەگەڵ بەریتانیا، لەگەڵ ئەمریکا ئایا ئەمە لەگەڵ ئەڵمانیاش روودەدات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لەگەڵ ئێمەش روودەدات، چونکە خاڵەکە زۆر گرنگە و ئەگەر داواکاری و خواستەکە هەبێت، ئێمە دڵخۆشین بە یارمەتیدان، ئێمە هێزی داگیرکەر نین و لەسەر بانگهێشتی حکومەتی عێراق لێرەین، هەر ئەمەشە چۆنیەتی ئامادەبوونی هێزەکانی ئەڵمانیا لە عێراق.
تاوەکو پێویستیان پێمان دەبێت و داوامان لێدەکرێت یارمەتی بدەین، ئێمە ئامادەین ئەم یارمەتییە دابین بکەین و ئەمە زۆر بە روونی پەیامی وەزیری بەرگریی ئەڵمانیاش بوو، کە لە مانگی دیسەمبەردا لێرە بوو و لەگەڵ حکومەت قسەی کرد، کە ئەگەر یارمەتی ئێمەتان دەوێت ئەوا ئێمە دڵخۆشین بە دابینکردنی و بەپێی ئەوەی پێویستتانە، کەواتە بە جۆرێک لە جۆرەکان بڕیارەکە دەگەڕێتەوە بۆ حکومەتی عێراق.
رووداو: لە مانگی نۆڤێمبەر مۆڵەتیان بۆ هێزەکانی ئەڵمانیا نوێکردەوە بۆ مانەوەیان ساڵێکی دیکە لە عێراق، سووریا تاوەکو چەند جێی نیگەرانییە بۆ وڵاتانی رۆژئاوا؟ دڵنیام چاوت بە باڵیۆزەکانی دیکەش دەکەوێت چۆن چاودێریی ئەوە دەکەن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: پێموایە هاوشێوەی ئەوەیە کە باستکرد، مەبەستم ئەوەیە سووریا خۆی لە خۆیدا بابەتێکی تەنیا نییە، بەڵکو هەموو شتێک پێکەوە بەستراونەتەوە، وەکو چۆن حکومەتی عێراق زۆر بە وردی سەیری سووریا دەکات، چونکە دەزانن مەترسی بڵاوبوونەوە هەیە، ئێمەش بێگومان ئەمە وەک مەترسییەک دەبینین بۆ دروستکردنی نائارامی زیاتر لە ناوچەکە، ناوچەکەش بە شێوەی جۆراوجۆر بەرەنگاریی تێدایە، ئێمە پێشتر ستافمان هەبوو سەردانی دیمەشقیان کردووە، ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین لە چۆنێتی گەڕاندنەوە و ئامادەبوونی دیپلۆماسیمان بۆ کارکردن، چونکە هەموومان بەرژەوەندیمان هەیە ئەم پرۆسەی گواستنەوەیە لە رژێمی ئەسەدەوە بۆ سووریایەکی دیموکراسی سەرکەوتوو بێت، ئاستەنگی زۆر زیاتر لەوەی عێراق رووبەڕووی دەبێتەوە، سووریا رووبەڕووی دەبێتەوە کەواتە هێشتا رۆژانی زۆر سەرەتاییە، بۆیە نەک تەنیا چاودێریی دەکەین، بەڵکو قسەش لەگەڵ دەستەبژێرە سەرکردەکان دەکەین کە ئێستا لە دیمەشقن.
رووداو: لە چەند مانگی رابردوو گۆڕانکاریی زۆر لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست روویدا، پێموایە ئەو جۆرە گۆڕانکارییانە لە ئەورووپا چەندین ساڵی دەوێت، گفتوگۆکەم لەگەڵ بەڕێز لیندنەر زۆر راشکاوانە بوو، ئەو گوتی زۆر نیگەرانە لەبارەی هەموو شتێک لە سووریا، بەتایبەتی مافەکانی مرۆڤ، ئاسایش و مافەکانی ژنان، بۆچوونی کەسیی تۆ چییە؟ چ نیگەرانییەکت هەیە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: منیش هەمان بۆچوونم هەیە، پرسەکە پەیوەندیی بە ئاسایشەوە هەیە، پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە ئەم وڵاتە چۆن بەرەوپێش دەچێت؟ ئێستا لایەنە جیاوازەکان دەسەڵاتیان گرتووەتە دەست، بەڵام ئایا ئەمە دەبێتە هۆی دروستبوونی حکومەتێکی سەقامگیر، بەشە جیاوازەکانی وڵات چۆن پێکەوە دەگونجێن، بێگومان نیگەرانییەکی تایبەتمان هەیە لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، کاتێک باسی کەمپی هۆڵ و بەندیخانەکان دەکەین چونکە دەزانین چەکدارانی داعش لەو شوێنانە هەن، نیگەرانی ئەوەین کە ئەم دۆخە چۆن کۆتایی پێدێت؟ چەندین هۆکار هەن کە دەتوانن ببنە سەرچاوەی قەیرانی گەورە، رەنگە بەباشی بڕوات، بەڵام دەکرێت زۆر خراپیش بێت، هەر بۆیە هەموو لایەک بە وریاییەوە چاودێریی دەکەن و رۆژانە بەدواداچوون بۆ هەواڵەکانی سووریا دەکەن.
هیوادارین خەڵکی سووریا کە بۆ چەندین دەیە ئازاریان چەشتووە، ئێستا رێگەیەک بگرنەبەر کە بیانگەیەنێتە وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر و دیموکراسی تێیدا جێگیر بێت، بەڵام ئەوە کاتی دەوێت، لەم قۆناخی گواستنەوەیەدا، زۆر هەنگاوی قورس هەن و ئەوەش دەکەوێتە سەر شانی سەرکردەکانی ئێستا.
رووداو: دوا پرسیارم لەبارەی شتێکەوەیە کە بەردەوام لەبارەیەوە نامەم بۆ دێت، تەنیا لەم رۆژانەدا سێ نامەم لە هەرێمی کوردستان و هاووڵاتییانی عێراقەوە پێگەیشتووە داوای بابەتێکی تایبەت دەکەن و دەڵێن ئەگەر چاوت بە دیپلۆماتێک، کۆنسوڵ یان باڵیۆزی ئەڵمانیا کەوت پرسیاریان لێبکە لەبارەی ڤیزەی ئەڵمانیا، من خۆم هیچ زانیارییەکی تازەم لەبارەیەوە نییە، بەڵام ئەوان پێیانوایە پرۆسەی ڤیزە بۆ عێراقییەکان ئاڵۆزتر بووە، لەم بارەیەوە هیچ نوێکارییەک هەیە؟ باسی هەولێریان دەکرد، نازانم لە بەغدا چۆنە، دەیانگوت کاتی چاوپێکەوتن بەردەست نییە، چی روودەدات؟ وەڵامی تۆ چییە؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: ئێمە بە تایبەتی لە هەولێر رووبەڕووی کێشە بووینەتەوە، لێرە لە بەغدا کێشەکە کەمترە، هەم لە هەولێر و هەم لە بەغدا ژمارەی داواکارییەکانی ڤیزە زیادی کردووە، بەڵام تواناکانمان سنووردارن، ستافی زیاترمان نییە بۆ درێژکردنەوەی کاژێرەکانی کارکردنی بەشی ڤیزە، ئەمەش واتە هەرچەند داواکاری زیاتر بێت کاتەکانی چاوپێکەوتن خێراتر تەواو دەبن هەر بۆیە بەداخەوە لە هەولێر رووبەڕووی چاوەڕوانییەکی درێژ بووینەتەوە بۆ چاوپێکەوتن، ئەمەش گرفتی بۆ هەموو ئەو کەسانە دروستکردووە کە دەیانەوێت گەشت بکەن، چونکە دەبێت زۆر زووتر لە جاران پلان دابنێن ئەمە کێشەیەکە، ساڵێک و دوو ساڵ لەمەوبەر داواکارییەکان زۆر کەمتر بوون ئەمە گرفتێکە تووشمان بووە و هەوڵدەدەین چارەسەری بکەین، بە داخەوە ئەمە ئەزموونێکە کە لە وڵاتانی دیکەیش هەمانبووە و چارەسەری خێرای نییە. داوای لێبووردن لەو کەسانە دەکەین کە پێویستیان بە کاتی چاوپێکەوتنە و ناتوانین بە خێرایی ئەم پرۆسەیە چالاکتر بکەین، بەڵام کاری لەسەر دەکەین و بە تەواوی ئاگەداری ئەم نائاسوودەییەین.
رووداو: کەواتە ئامۆژگارییان دەکەیت تاوەکو دەتوانن زووتر داواکاریی پێشکێش بکەن؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: رێنوێنیمان بۆ خەڵک ئەوەیە زوو داواکارییەکانیان پێشکەش بکەن، چونکە لە کاتی کورتدا ئەستەمە چاوپێکەوتنت دەستبکەوێت، بۆیە کاتێک دەزانن گەشتێکتان لەبەردەمە، پێشتر سەیری کاتە بەردەستەکانی چاوپێکەوتن بکەن، ئێمە دەزانین ئەمە نائاسوودەییە، بەڵام داوای ئارامگرتن لە خەڵک دەکەین هەتاوەکو چارەسەری کێشەکە دەکەین.
رووداو: چەند داواکاریتان پێدەگات؟
کریستیان هۆمان دێنهاردت: لە ساڵێکدا هەزاران داواکاری، بەڵام رێکارەکانی وەرگرتنی ڤیزا نەگۆڕاون، تەنیا لەبەر ئەوەیە کە ژمارەی داواکارییەکان زۆر زیادیان کردووە، کەچی هەمان ژمارەی جاران کارمەندمان هەیە و هیچ گۆڕانکارییەکمان لە سیستەمی کونسوڵخانەدا نەکردووە، بۆیە سیستەمەکە بەرەبەرە تووشی قورسی دەبێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ