رووداو دیجیتاڵ
راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو رایگەیاند، دۆخی ئاو لە عێراق باشە، ئەمساڵ تورکیا ئاوی زیاتری بۆ عێراق بەرداوەتەوە.
تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ (رووداو) رایگەیاند، ئەوەی لە وەرزی بارانبارینی ئەم ساڵدا روویداوە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئاستی وشکەساڵی، بەڵگو گۆڕانکاری بەسەر کاتی بارانباریندا هاتووە، پێشتر لە عێراق باران لە 1ـی 10ـوە دەستیپێدەکرد، ئێستا لە مانگی یەکەمی ساڵدا خەریکە کەم کەم ببارێت.
سەبارەت بە پڕۆژەیان بۆ بارانی دەستکرد، کە هەندێک وڵات لەوانەش وڵاتانی کەنداو پەنای بۆ دەبەن، تورهان موفتی گوتی "وەزارەتی ژینگە لەمبارەیەوە پرۆژەیەکیان هەیە، پێموایە دەتوانن کارێکی وەها بکەن."
دەقی هەڤپەیڤین لەگەڵ تورهان موفتی، راوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق بۆ کاروباری ئاو:
رووداو: دۆخی ئاو و کۆگاکردنی لە چ ئاستێکدایە، ئایا عێراق کۆنترۆڵی دۆخی ئاوی کردووە؟
تورهان موفتی: دۆخی ئێستا بۆ ئەم ساڵ و ئەو ئاوەی لە تورکیاوە دێت باشترە لە ساڵی رابردوو. ئەمەش لە ئەنجامی واژۆکردنی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنە سەبارەت بە دۆسیەی ئاو لەنێوان عێراق و تورکیا. ناوچەکە بە گشتی بەدەست کەمئاوی و کەمیی بارانەوە دەناڵێنێت. لەئەنجامدا ئەوەی لە عێراق روودەدات لە وڵاتانی دراوسیش هەمان شتە، سەرباری ئەمەش، نەگەیشتووینەتە ئاستی وشکەساڵی، بەڵام کەمێک لە بابەتی ئاو دا هەژارین. بەو ستراتیژییانەی گرتوومانەتەبەر و بابەتی بەڕێوەبردنی ئاو، دەکرێت لەم قەیرانە دەرباز بین.
رووداو: ئایا ئەم ساڵ وشکەساڵی روودەدات، یان هێشتا زووە بڕیار بدرێت؟
تورهان موفتی: نەخێر وشکەساڵی نییە، بەڵکو گۆڕانکاری لە کاتی بارانباریندا هەیە. پێشتر لە عێراق باران لە 1ـی 10ـەوە دەستیپێدەکرد، ئێستا لە مانگی یەکەمی ساڵدا خەریکە کەم کەم ببارێت. بۆیە لە رۆژژمێری بارانباریندا گۆڕانکاری کراوە. چاوەڕوانین لە مانگی شوبات و ئاداردا بڕێکی باش باران ببارێت. بۆیە لە قۆناخی وشکەساڵیدا نین. عێراق و ناوچەکە هیچ کامیان لە وشکەساڵیدا نین. قەیرانمان هەیە، قەیرانەکە نێودەوڵەتییە و لە دەرەوەی ئیرادەی مرۆڤە، بەڵام هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەم ئاستە مەترسیدارە.
رووداو: بابەتی دزینی هەور و گۆڕینی کاتی باران هەیە. لەمبارەیەوە چ زانیارییەکتان هەیە؟
تورهان موفتی: بابەتەکە پەیوەندیی بە باراندنی دەستکردەوە هەیە. هەندێک وڵاتی هەرێمی بەتایبەتیش وڵاتانی کەنداو بارانی دەستکرد بەرهەمدەهێنن، پێموایە یەک دوو ئەزموون لە عێراق روویاندا، دەکرێ بۆ عێراقیش پەنا بۆ ئەو بابەتە ببات، بەڵام بارانی دەستکردیش پێویستی بە هەورە، بەبێ بوونی هەور لە ئاستە جیاوازەکان، پرۆسەکە سەرناگرێت. هەندێک هەور هەن لە بەرزایی چەندین کیلۆمەتردان، ناتواندرێت ئەم کارەیان بۆ بکرێت. هەندێک جۆر هەور هەن کوالێتییان باشە و لە ئاستی نزمدان، دەکرێ ئەمانە بکرێنە باران.
رووداو: ئایا عێراق بیری لە بارانی دەستکرد نەکردووەتەوە؟
تورهان موفتی: وەزارەتی ژینگە لەمبارەیەوە پڕۆژەیەکیان هەیە، پێموایە دەتوانن کارێکی وەها بکەن.
رووداو: هیچ جۆرە هاوئاهەنگییەکتان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان دا سەبارەت بە پرسی ئاو و باران و بەنداوەکان هەیە؟
تورهان موفتی: بابەتی ئاو و بەنداوەکان، پەیوەندیی بە حکومەتی فیدراڵییەوە هەیە. هەروەها پەیوەندییەکی زۆر نایابمان لەگەڵ لایەن و دامەزراوە پەیوەندیدارەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان دا هەیە.
رووداو: ئایا هیچ پرۆژەی دیکە لەبارەی دروستکردنی بەنداوی نوێ هەیە؟
تورهان موفتی: پرۆژەی پێشێکێشکراو لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە سەبارەت بە دروستکردنی پۆند بۆ کشتوکاڵ و بەنداو بۆ دابینکردنی کارەبا هەیە، بەڵام وەک گوتم، دروستکردنی بەنداوەکان بەندە بە زۆربوونی رێژەی ئاو، بۆیە تاوەکو ئێستا گفتوگۆ لەبارەی پرسی ئاو هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ