رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و رێکخەری تایبەتی کاروباری سووریا، لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ رووداو رایگەیاند کە پەکەکە دەبێت چەک دابنێت و داهاتووی لە سووریادا نییە. گوتیشی کە ئەوان لەگەڵ سووریایەکدان کۆمەڵگە بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە، ژنان و کچان و پیاوان، هەموویان تێیدا بەشداربن."
د. تۆبیاس لیندنەر، وەزیری دەوڵەت لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا و رێکخەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا بۆ کاروباری سووریا لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ نوێنەر فاتیح، پێشکێشکاری رووداو گوتی، پێویستە جیاوازی بکرێت لە نێوان کورد و پەکەکە، کە لە ئەڵمانیا وەک رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. ئەو گوتی: "کورد یەکسان نین بە پەکەکە و ئەمە زۆر گرنگە."
سەبارەت بە دۆخی سووریا، وەزیری دەوڵەتی ئەڵمانیا رایگەیاند کە رێگەیەکی سیاسی هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان، نەک رێگەی سەربازی. هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد کە وڵاتەکەی مەرجی هەیە بۆ پاڵپشتیکردنی سووریا، لەوانە "رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و پاراستنی مافی کەمینەکان."
لەبارەی مەترسی داعشەوە، لیندنەر جەختی کردەوە کە نابێت بۆشایی ئەمنی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوای کوردستان) دروست ببێت و گوتیشی داعش هەڕەشەیە بۆ هەموو لایەک، بۆیە پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ رێگریکردن لە دروستبوونی بۆشایی ئەمنی.
لەبارەی حکومڕانیی نوێی سووریا، لیندنەر گوتی کە ئەوان هەوڵ نادەن وەبەرهێنان لە وڵاتێکدا بکەن "کە ببێتە وڵاتێکی ئیسلامیست یان شتێک، سووریایەکمان دەوێت و داهاتووییەک بۆ خەڵکی سووریا کە تێیدا رێز بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێت، کە تێیدا هەموو کۆمەڵگە بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە، ژنان و کچان و پیاوان، هەموویان تێیدابن و بەشداربن."
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ د. تۆبیاس لیندنەر:
رووداو: بەڕێز لیندنەر، بەخێربێیت بۆ کوردستان
تۆبیاس لیندنەر: سوپاس.
رووداو: دوێنی لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوویتەوە، یەکێک لە مژارەکان بەگوێرەی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی، پێکهێنانی حکومەت بوو. دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی ئێستای ناوچەکە نیگەرانییە بۆ ئێوە؟
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت بۆ ئێمە هەمیشە گرنگە لە هەر هەرێمێکی جیهان، هەروەها هەر وڵاتێک کە بزانین لەگەڵ کێ قسە بکەین، ئێمە بینیمان هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرا و رێژەی بەشداریکردن زیاتربوو لە 70٪ چیرۆکێکی سەرکەوتنی گەورەیە، ئێستا بۆ ئێمە گرنگە بزانین قسە لەگەڵ کێ بکەین و حکومەتی داهاتوو کێ دەبێت. ئەوە دەڵێم کە ئێمە نائارامگر نین، بەڵام چاودێری گفتوگۆکان دەکەین و جێی سەرنجمانە، ئێمە باش دەزانین کە دانوستاندنی هاوپەیمانیی رەنگە هەندێ کاتی پێبچێت، بەڵام دەبێت بەرەو ئەنجامێکیش بچێت ئیتر لە هەر ناوچەیەکی جیهان بێت.
رووداو: تۆ هەروەها لەگەڵ بەڕێز سەرۆک مەسعوود بارزانی کۆبوویتەوە، پێکەوە تاوتوێی بارودۆخی باکووری رۆژهەڵاتی سووریاتان کرد، چەند رۆژێک پێش ئێستاش مەزڵووم عەبدی فەرماندەی هەسەدە لێرە بوو و لەگەڵ بەڕێز بارزانی کۆبووەوەو، ئێستا گفتوگۆ هەیە، هەروەها بەڕێوەبەری رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا لە کۆتایی مانگی 12 قسەی لەگەڵ مەزڵووم عەبدی کرد، روون بوو کە نیگەرانی جیددی هەیە لەبارەی رەوشی ئەوێ. دوای کۆبوونەوەکەت لەگەڵ بەڕێز بارزانی ئایا ئێستا گەشبینی لەبارەی دۆخەکە؟
تۆبیاس لیندنەر: حکومەتی ئەڵمانیا بڕوای وایە کە رێگەیەکی سیاسی هەیە بەرەو پێشەوە بۆ ئاسایش و گەشەسەندنی زیاتر بۆ هەموو سووریاییەکان، هەروەها بۆ کوردە سووریاییەکان. بۆ ئێمە وەکو مانگ روونە کە دەبێت بە روونی جیاوازی بکەین لەنیوان کورد و پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە، کە لە ئەڵمانیاش وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی ناسێندراوە. کورد یەکسان نین بە پەکەکە و ئەمە زۆر گرنگە، بۆیە ئاسایش بۆ هەمووان پێویستە، هەروەها بۆ تورکیاش، ئەوەش پێویستی بە پڕۆسەیەکی سیاسییە، ئێمە هانی هەموو لایەنەکان دەدەین، واتا دەسەڵاتداران لە دیمەشق هەروەها هەسەدە، تۆ خۆت ئاماژەت بە مەزڵووم عەبدی کرد، تاوەکو لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ئەو پرۆسە سیاسییەدا بەشداربن، ئێمە بڕوامان وایە لە هەنگاوی داهاتوودا هەموو میلیشیاکان لە سووریا نەک تەنیا میلیشیا کوردییەکان، بەڵکو هەموو میلیشیاکان خۆیان تێکەڵ بکەن لەگەڵ هێزە چەکدارەکانی سووریا، یان هێزە ئەمنییەکانی سووریا، یان هەر ناوێک کە لێی دەنێیت.
رووداو: پێتوایە هەوڵەکانی بەڕێز سەرۆک بارزانی دەتوانێت بەشێوەیەک تورکیا قایل بکات ئۆپەراسیۆنەکانی رابگرێت، یان لانی کەم دەست بکات بە گفتوگۆی سیاسی لەگەڵ سەرکردەکانی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا؟
تۆبیاس لیندنەر: ئێمە پێزانینمان هەیە بۆ ئەوەی کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پەیوەندی بە ئەنقەرەوە دەکات، وەکو چۆن ئێمە بەشێوەیەکی بەردەوام دەیکەین، پێموایە تۆ ئاگاداری کە من پێش کریسمیس یاوەری وەزیری دەرەوەمان بووم بۆ ئەنقەرە، گرنگە کە هەمان پەیام بە هەموو ئەکتەرەکان بگەیێنین، بۆ ئەوانەی لە دیمەشقن و بۆ ژەنەراڵ مەزڵووم و هەروەها بۆ دۆستە تورکیاییەکانمان، من لەوە تێدەگەم نابێت هیچ هەڕەشەیەک لە سووریاوە بۆسەر تورکیا هەبێت، هەروەها پێویستە یەکپارچەیی خاکی سووریا بپارێزرێت، هەروەها دەبێت ئاسایشی دانیشتووانی کورد لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا گەرەنتی بکرێت، وەکو گوتم ئێمە بڕوامان وایە رێگەیەکی سیاسی هەیە بۆ پێشەوە بۆ گەیشتن بەمە، نەک رێگەیەکی سەربازی.
رووداو: پێتوایە ئەو رێگە سیاسییە ئێستا رێی تێدەچێ؟
تۆبیاس لیندنەر: رێی تێدەچێ، ئەگەر ویست هەبێت لە هەموو لایەنەکانەوە.
رووداو: بەڵام تۆ ئێستا ئەو ویستە دەبینیت؟
تۆبیاس لیندنەر: ئەو ویستە دەبینم، بەڵام ئەوەی بیستم لە گفتوگۆکانم لەگەڵ هاوتا تورکیاییەکەم، ئەو هەستەیە کە دەیانەوێت بە وریاییەوە مامەڵە بکەن، من وای ناو دەنێم. ئەوان رۆڵێکی جیاوازیان هەیە وەکو لە ئەڵمانیا و بێگومان ئەوان وڵاتێکی دراوسێی سووریان و زیاتر کاریگەرن بە هێرشەکانی پەکەکە، لە هەمان کاتدا نایانەوێ خۆیان گۆشەگیر بکەن. ئەوان تێگەیشتوون کە بژاردەی سیاسییان هەیە و ئێمە داکۆکی لەو بژاردە سیاسییە دەکەین، ئێمە دەزانین ئەوە پێویستی بە ئەکتەری دیکەش لەسەر زەوی هەیە، بۆیە ئێمە گوتیشمان پێویستە پەکەکە چەکەکانی دابنێ و پێویستە تێبگات، کە ئێستا دۆخەکە لە سووریا دۆخێکی جیاوازە و ئەو سەردەمەی کە دەتوانیت سووریا وەکو بنکەیەک بەکاربێنیت بۆ هێرشکردنە سەر تورکیا، ئەو سەردەمە بەدڵنیاییەوە بەسەرچوو.
رووداو: کەواتە کاتەکە ئەوەیە کە پەکەکە داهاتووی لە سووریادا نییە؟
تۆبیاس لیندنەر: ئەگەر لەبارەی بۆچوونی تاکەکەسی خۆم پرسیارم لێبکەی دەڵێم داهاتوویان نییە و دەبێت چەکەکانیان دابنێن، ئەوان داکوکیکاری کوردەکانی سووریا نین، تاوەکو بەشێک بن.
رووداو: دۆخی کۆبانێ لە هەڵکشاندایە و بە دیاریکراوی لە نزیک بەنداوی تشرین، راگەیێندراوێک لە هەسەدەوە هەبوو کە داوای هێزێکی نێودەوڵەتی ئاشتیپارێزی دەکرد تاوەکو لە بەنداوەکە جێگیر بکرێن، کە ئێستا لەژێر هەڕەشەدایە، پێتوایە کارێکی بەوشێوەیە بکرێت؟
تۆبیاس لیندنەر: هێزی ئاشتیپارێزی نێودەوڵەتی پرسی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانە، پێموایە لە کورتمەوداوا لەم ساتەدا ئێستا... ئێمە بە نیگەرانی زۆرەوە تەماشای زانیارییەکان دەکەین لەبارەی ئەوەی لە بەنداوەکە چی روودەدات، پێموایە گرنگە هەموو لایەنەکان دان بەخۆداگرتن نیشانبدەن، بەنداوەکە بۆ ناوچەکە زۆر گرنگە، بۆیە ئێمە هەموومان، نەک تەنیا حکومەتی ئەڵمانیا، بەڵکو دۆستە ئەمریکاییەکانیشمان بە هەمان پەیامەوە پەیوەندی بە هەموو لایەنەکانەوە دەکەین، ئەویش ئەوەیە دان بەخۆدابگرن و شەڕەکە رابگرن و بەدوای چارەسەری سیاسیدا بگەڕێن بۆی.
رووداو: ئەگەر کێشەی ئێستای سووریا بەبێ چارەسەر بمێنێتەوە، پێتوایە ئەگەری هەڵکشانی زیاتر و شەڕی نێوخۆ هەبێت؟
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت پێویستە هەموو شتێک بکەین تاوەکو دۆخەکە لە سووریا چارەسەر بکرێت، ئەو ساتەی ئەسەد وڵاتەکەی جێهێشت ساتی خۆشی بوو بۆ زۆر لە سووریاییەکان. ئێستاش بێگومان گەرەنتیمان نییە کە هەموو شتێک باشتر دەبێت، بەڵام بژاردەکەمان هەیە و دەرفەتەکەمان هەیە، کە سووریا بتوانێت داهاتوویەکی باشتری هەبێت، وڵاتەکەم لە رابردوودا لە رووی سیاسییەوە وەبەرهێنانی زۆری لە سووریا کرد، ئێمە مافی پەنابەریمان دایە زیاتر لە یەک ملیۆن سووریایی، ئێمە گەورەترین بەخشەرین کە دێتە سەر هاوکاری مرۆیی بۆ سووریاییەکان، نەک تەنیا لە سووریا، بەڵکو لە وڵاتانی دراوسێش، بۆیە هەوڵماندا هەموو شتێک بکەین تاوەکو سووریاییەکان بتوانن لە داهاتوودا لە وڵاتێکدا بژین کە مافەکانی مرۆڤ رێزیان لێبگیرێت و مافەکانی ژنان رێزیان لێبگیرێت و گواستنەوەیەکی سیاسی تێدا هەبێت، کە هەمووان لە خۆبگرێت، تاوەکو هەموو سووریاییەکان لەخۆ بگرێت، ئیتر ئەگەر کورد بن، عەلەوی بن، دروز بن، کریسیتیان بن یان موسڵمان، پێموایە ئەوە خاڵە گرنگەیەکە کە کاری لەسەر بکەین، ئێستا دەرفەتمان هەیە ئەوە بکەین.
رووداو: لەبارەی ئەو خاڵانەی لەسەر سووریا ئاماژەت پێدان، تۆ گەشبینی بەو ئاماژانەی لە دیمەشقەوە پێت دەگەن؟
تۆبیاس لیندنەر: من لە سەرەتای ئەم مانگەدا یاوەری وەزیری دەرەوەی خۆمان و وەزیری دەرەوەی فەرەنسام بۆ دیمەشق کرد، بۆ زیاتر لە دوو کاژێر لەگەڵ ئەحمەد شەرع قسەمان کرد، ئەوەی ئەو گوتی جێی پێزانینە و شتە دروستەکانن، بەڵام روونە کە ئێمە تەنیا تەماشای قسەکانی هەتەشە و دەسەڵاتدارانی دیمەشق ناکەین، بەڵکو کردارەکانیشیان، ئێمە هەوڵدەدەین بەشداربین، هەوڵ دەدەین لە هەنگاوی یەکەمدا هەندیک لە سزاکان هەڵبگرین و هەوڵدەدەین بەشداربین لە چاکبوونەوەیەکی خێرا و دووبارە بونیادنانەوە، بەڵام بۆ ئەوە پێویستە هەندێک مەرجی پێشوەختە لەسەر زەوی جێبەجێبکرێن، ئێمە هەوڵ نادەین وەبەرهێنان لە وڵاتێکدا بکەین، کە ببێتە وڵاتێکی ئیسلامیست یان شتێک، سووریایەکمان دەوێت و داهاتووییەک بۆ خەڵکی سووریا کە تێیدا رێز بۆ مافەکانی مرۆڤ هەبێت، کە تێیدا هەموو کۆمەڵگە بە هەموو نەتەوە و ئایینەکانەوە، ژنان و کچان و پیاوان، هەموویان تێیدابن و بەشداربن.
رووداو: کەواتە مەرج هەیە لەلایەن ئەڵمانیاوە بۆ ئەو پاڵپشتییەی کە ئاماژەت پێدا بۆ سووریا؟
تۆبیاس لیندنەر: پاڵپشتی هەرگیز ناکرێ بەبێ مەرج بێت، ئێمە هەوڵدەدەین و کراوەین و دۆستی خەڵکی سووریاین، دەمانەوێت یارمەتییان بدەین تاوەکو بتوانن داهاتوویەکی باشتریان هەبێت، بەڵام ئێمە تەنیا هەوڵی وەبەرهێنان لە وڵاتێکدا دەدەین، کە بەشێک بێت لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و تێیدا پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان رێزلێگیراوبێت، کە تێیدا گشتگیریی و لە خۆگرتنی هەمووان لە تێکڕای پڕۆسەی سیاسیدا هەبێت.
رووداو: ئەم مەرجانە لەبارەی ئەم خاڵانەوە لەبارەی مافەکانی مرۆڤن، ئایا هیچ مەرجێکی سیاسیش هەیە؟ مەبەستم ئەوەیە بۆ نموونە سووریا دەوڵەتێکی ناوەندیی بوو، ئێستاش کورد داوای جۆرێک لە خۆبەڕێوەبەری دەکەن، فیدراڵی تەواو نا، بەڵام هەندێک مافیان دەوێت؟ کەمینەکان لە سووریا بە گشتی یەکێکن لە نیگەرانییەکان و نیگەرانی هەیە لەبارەی داهاتوویان، تاوتوێی ئەوەتان لەگەڵ ئەحمەد شەرع کرد؟
تۆبیاس لیندنەر: ئەوە کاری من نییە و کاری ئێمە نییە کە راوێژ بدەین لەبارەی وردەکارییەکی بەوشێوەیە، کە بە سووریاییەکان بڵێین چ مۆدێلێکی دوڵەتتان هەبێت، کە وەکو فەرەنسا بێت کە ناوەندییە، یان وەکو ئەڵمانیا کە مۆدێلێکی فیدراڵییە، ئەوە کاری ئێمە نییە، بەڵام ئاماژەت بە کورد کرد و کۆمەڵگەی دیکەش لە سووریا هەن، ئەمەش زۆر روونە کە رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ واتە ئەوەی بتوانیت بە زمانی خۆت قسە بکەیت و کولتووری خۆت پەیڕەو بکەیت و ئایینی خۆتت هەبێ، ئەوەش دەبێت بەشێک بێت لە سووریای داهاتوو.
رووداو: نیگەرانیت لەوەی یاسای شەریعە بخرێتە دەستووری داهاتووی سووریاوە؟
تۆبیاس لیندنەر: [تۆبیاس چەند چرکەیەک بێدەنگ دەبێت و بیردەکاتەوە چی بڵێ]
رووداو: بەوە دەکات نیگەران بیت!
تۆبیاس لیندنەر: بەڵێ، بەڵێ.. بێگومان، ئممم، نیگەرانی زۆرمان هەن، هەندی شتمان بیستن کە ئەوانیش نیگەرانمان دەکەن، بۆ نموونە لەبارەی پرۆگرامی خوێندن لە قوتابخانەکان. دەبێت دان بەوە دابنێم کە ناتوانم بە وردەکارییەوە ئەم زانیارییە پشتڕاست بکەمەوە، کە پێمان گەیشتووە، بەڵام دەزانیت پێویستە دەستوور بنووسرێتەوە، نەک لە شەریعەوە کۆپی بکرێت یان هەر کتێبێکی ئایینی دیکە، پێویستە لەلایەن خەڵکەوە بڕیاری لێبدرێت و پێویستە مافەکانی مرۆڤ بپارێزرێن و گەرەنتی بکرێن.
رووداو: هەستت بەوە کرد لە سەردانەکەت بۆ دیمەشق؟
تۆبیاس لیندنەر: بۆ من یەک سەردان بوو، وەکو گوتم ئەوەی بیستمان باش دیارە، بەڵام ئەوەی ئێستا گرنگە هەنگاوەکانی داهاتوون، وەکو ئەڵمانیا وڵاتەکەی من چوار ساڵی پێویست بوو تاوەکو بگاتە دەستوورێک، من ئەو کەسە نیم کە دیبەیتم هەبێت لەسەر وردەکاری دوو ساڵ یان سێ ساڵ بۆ گەیشتن بە دەستوور، بەڵام ئەوەی بەڕاستی گرنگە هەنگاوەکانی داهاتووە لە هەفتە و مانگەکانی داهاتوودا، ئایا ئەم ئەنجوومەنە نیشتمانییە کەی بۆ یەکەم جار کۆدەبێتەوە، پێکهاتەکەی چییە و چەند ژنی تێدا دەبێت، ئایا هەموو کۆمەڵگەکان و هەموو نەتەوەکان لەخۆدەگرێت؟ ئامانجی ئەو ئەنجوومەنە چییە و دەسەڵاتەکانیان چین؟ ئێستا ئەمانە پرسیارە زۆر گرنگ و بەپەلەکانن.
رووداو: بەڵام تاوەکو ئێستا کردار نییە، لانیکەم بۆ ئاسوودەکردنی ئێوە؟
تۆبیاس لیندنەر: وەکو دەزانیت ئەم ئەنجوومەنە هێشتا کۆنەبووەتەوە، ئێمە بیستمان لەبارەی کۆمیتەی ئامادەکاری بۆی، ئێمە لە نزیکەوە چاودێری دەکەین و... وەکو گوتم پێشمەرج هەن کە دەبێت جێبەجێبکرێن تاوەکو ئێمە بەشداربین.
رووداو: ئەم پێشمەرجانە مەرجی ئەڵمانیان یان مەرجی ئەورووپی؟
تۆبیاس لیندنەر: هیوادارم ئەمە مەرجی نێودەوڵەتیی بێت، چونکە من وەکو کەسێک قسە ناکەم کە بمەوێت مۆدێلی ژیانی رۆژئاوا بۆ ناوچەیەک کۆپی بکەم، ئەمە دەستپێشخەرییەکەی من نییە، رێزگرتن لە پەیمانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە مافە بنچینییەکانی مرۆڤن شتێکی گەردوونییە، دەبێت لەسەر ئاستی جیهان دڵنیایی لەبارەوە بدرێت.
رووداو: هەروەها نیگەرانی هەیە لەبارەی بۆشایی لە سووریا، کە رەنگە لەلایەن داعشەوە بقۆزرێتەوە، چۆن چاودێری ئەوە دەکەن و هەڵسەنگاندنی ئێستاتان بۆی چییە؟
تۆبیاس لیندنەر: دەزانیت ئێمە هەوڵدەدەین تاوەکو بکرێت زانیاری بەدەستبێنین، ئێمە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ دا قسە دەکەین و ئەوەش یەکێکە لە هۆکارەکانم، کە ئەمڕۆ لە هەولێرم، ئێمە بە باشی روونمان کردووەتەوە کە نابێت بۆشایی ئەمنی هەبێت، بەتایبەتی لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا، داعش ئاڵنگارییەکی ئەمنییە بۆ هەموومان، بۆ کورد لێرە لە هەرێمی کوردستان و هەروەها بۆ ئێمەش لە ئەڵمانیا، ئێمە لە ئەڵمانیاش هێرشمان بینین، بۆیە هەوڵدەدەین هەموو شتێک بکەین کە دەتوانین بۆ ئەوەی بۆشایی ئەمنی روونەدات.
رووداو: بەڕێز تۆبیاس لیندنەر زۆر سوپاس بۆ ئەم دەرفەتە، دووبارە بەخێربێیتەوە.
تۆبیاس لیندنەر: زۆر سوپاس.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ