جێگری سەرۆکی پەرلەمانی سوێد: وەرگرتنی کۆچبەران لە UN ساڵانە بۆ 900 کۆچبەر کەمدەکەینەوە

26-10-2022
هەوراز گوڵپی @Hawrazgulpi
هەڤپەیڤینی کێنێت فۆشلوند، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد لەگەڵ هەوراز گوڵپی
هەڤپەیڤینی کێنێت فۆشلوند، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد لەگەڵ هەوراز گوڵپی
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد دەڵێت، زۆربەی کۆچبەران لە سوێد چاوەڕێی بڕیارەکانی حکومەتن، حکومەتی وڵاتەکەیشی هاوکارییەکانی بۆ کۆچبەران کەم دەکاتەوە، هەوڵدەدات رێگری لە هاتنی شەپۆلی کۆچبەران بکات و "وەرگرتنی کۆچبەران لە نەتەوە یەکگرتووەکان ساڵانە بۆ 900 کۆچبەر کەم دەکاتەوە." لەبارەی پرسی بوونە ئەندام لە ناتۆش دەڵێت، ئامادەییان نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە لەگەڵ تورکیا.
 
کێنێت فۆشلوند، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ هەوراز گوڵپی باسی چەندین پرسی کرد، یەکێک لەوانەش رێککەوتنی نێوان وڵاتەکەی و تورکیا بوو، کە بە گوتەی ئەو، حکومەتی نوێ بە سەرۆکایەتیی ئولف کریستەرشۆن، هەوڵی جێبەجێکردنی دەدات بەمەبەستی بوونە ئەندامی ناتۆ و سیاسەتی حکومەتی پێشوو لەوبارەیەوە درێژە پێدەدەن.
 
جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد گوتی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی ئامادەیی نیشانداوە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن لەگەڵ تورکیا، ئاماژەی بەوەش کرد، "سوێد لە ساڵی 1984ـەوە پەکەکەی وەکو رێکخراوی تیرۆریستی دیاریکردووە."
 
بە گوتەی کێنێت، سیاسەتی دەرەوەی سوێد گۆڕانکاریی زۆری بەسەردا نایەت، سۆسیال دیموکراتیش سەرنج دەخاتە سەر بوونە ئەندام لە ناتۆ و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا، هەروەها کابینەی پێشوو و ئێستای ئەو وڵاتەش لەو پرسەدا "جیاوازییەکی زۆر لەنێوانیان نابێت."
 
پارتی سۆسیال دیموکراتەکانی سوێد سەرۆکایەتیی حکومەتی پێشووی سوێدیان دەکرد، لەم کابینە نوێیەی حکومەتی سوێد بوونەتە ئۆپۆزیسیۆن، بە گوتەی کێنێت فۆشلوند، هەرچەندە سۆسیال دیموکراتەکان بوونەتە ئۆپۆزیسیۆن، هێشتا کاریگەرییان بەسەر سیاسەتی سوێدەوە هەیە و چاودێریی حکومەت دەکەن لەبارەی پابەندبوونی بە بنەماکانی مافی مرۆڤ.
 
دەربارەی پرسی کۆچبەران، ناوبراو ئەوەی خستەڕوو، چوونی کۆچبەران بۆ ئەو وڵاتە کەمیکردووە و "کۆچبەران لە رق و رەگەزپەرستی دەترسن." ئاماژەی بەوەش کرد کە پەنابەران "نیگەرانن" لە گۆڕانکارییەکان لە حکومەتی سوێد.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ کێنێت فۆشلوند، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی سوێد:
 
رووداو: پێشتر لە لیژنەی دەرەوەی پەرلەمانی سوێدیش کارت کردووە، پێمان بڵێ ئەم حکومەتە نوێیەی سوێد چی دەگۆڕێت، چونکە ئەمە یەکێکە لەو پرسیارانەی هەموو کەسێک سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی سوێد هەیەتی؟
 
کێنێت فۆشلوند: هێشتا زووە بۆئەوەی بڕیار بدەین کە سیاسەتی دەرەوەی فێمینیستەکان بریتی بێت لە کەمکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ کۆچبەران و زیاتر سەرنجیان دەخەنە سەر دراوسێ نزیکەکانی باکوور و ئەوروپا و، کەمتر سەرنج دەخەنە سەر کێشە جیهانییەکان و سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان. لەلایەن حکومەتەوە ئەمە گوتراوە. ئەوان هەفتەیەکە لەو پێگەیەدان. زۆر شت هەن کە دەبێت لەبارەی سیاسەتی نوێوە بزانرێن.
 
رووداو: تۆ چاوەڕێی چی دەکەیت کە بگۆڕدرێت و گۆڕانکاریی بەسەردا بێت؟
 
کێنێت فۆشلوند: پێموایە یەکێک لە گەورەترین گۆڕانکارییەکان ئەوە دەبێت کە هاوکارییەکانی کۆچبەران کەم دەکرێنەوە و لە کەمکردنەوەیشی بەردەوام دەبن، چونکە ئەوان چوارچێوەیەکی ئابوورییان هەیە کە بۆ سێ ساڵ بەدوای یەکدا هەر هەمان شت دەبێت کە چاوەڕێ دەکەن ئابووریی سوێد گەشە بکات کە بەرەبەرە لە 1%ـەوە هاتووە و ماوەیەکی زۆرە سوێد هەیبووە لەو کاتەوەی هاوکاریی پەناخوازانی هەبووە. بە دڵنیاییەوە هۆکارەکەیش ئەوەیە کە ئەوان دەڵێن زیاتر سەرنج دەخەنە سەر ئەوروپا و کەمتر سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان. پێموایە ئەوان بژارەیان لەنێوان ئەو دووانەدا نییە و دەبێت سەرنج بخەنە سەر هەردووکیان. لەو بڕوایەدام کە واقیع ئەوە بە حکومەت پێشان دەدات کە ناتوانن چاوپۆشی لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکان بکەن. دەبێت لەسەر ئەوەیش بەردەوام بن.
 
رووداو: سەبارەت بە پرسی کۆچبەران چ گۆڕانکارییەک دەکرێت؟ دەگوترێت ئەگەر هەیە وەکو بەریتانیا چۆن لەگەڵ رواندا رێککەوتنیان کرد، ئەوانیش رێککەوتن لەگەڵ وڵاتێک بکەن بۆئەوەی کۆچبەران بۆ وڵاتی سێیەم رەوانە بکرێن.
 
کێنێت فۆشلوند: بەمنزیکانە گوتوویانە کە کۆچبەران لە کەمترین ئاستی گونجاودا دەهێڵنەوە کە لەگەڵ رێکارەکانی یەکێتیی ئەوروپادا بگونجێت. ئەوان وا بیردەکەنەوە کە دەتوانن لە سوێد لەچاو ساڵی رابردوودا رێگە بە کەمترین کۆچبەر بدەن. ئەوەیش بووەتە هۆی کەمکردنەوەی شەپۆلی کۆچبەران. ساڵی رابردوو کۆچبەران وایاندەزانی دەتوانن ئەوە نەهێڵن. زۆربەیان دەیانگوت نابێت لە سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکاندا کۆچبەری زیاتر پەسند نەکەین کە لە رێگەی ئەو سیستمەوە دابەشکراون. حکومەت ساڵانە ئەو ژمارەیە بۆ خوار 900 کۆچبەر کەم دەکەنەوە کە ئەوەیش ژمارەیەکی زۆر کەمە. ئەو کۆچبەرانە نیازمەندترین کەسانی جیهانن. ئەوان لە کەمپەکانی کۆچبەرانەوە هاتوون کە زۆربەیان لەلایەن سیستمی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە بەڕێوەبراون کە هەلی ئەوەیان دەداتێ کۆچ بۆ وڵاتێکی شیاو بکەن.
 
رووداو: پێتوایە کۆچبەران لە سوێد لە مەترسیدان؟
 
کێنێت فۆشلوند: زۆربەی کۆچبەران لە سوێد، نەک هەموویان، نیگەرانی دۆخەکەن کە گۆڕانکارییەکان لە سوێد چی دەبن و هەڵوێستی کۆمەڵگەی سوێدییش دژیان چی دەبێت! هەندێکیان دەترسن کە بەگوێرەی سیاسەتە نوێیەکە رق و رەگەزپەرستی زۆر ببێت و بێزار بکرێن. رەنگە کەسانێک ئەو هەڵوێستە وەربگرن کە بەرامبەر کۆچبەران خراپ هەڵسوکەوت بکەن. ئێمە لە وڵاتی دیکە ئەوەمان بینیوە کە روویداوە کاتێک راستڕەوە پۆپۆلیستەکان لە حکومەتدا دەسەڵاتیان زیادی کردووە. رەنگە ئەوەیش لە سوێد رووبدات. زۆر کۆچبەر لە سوێد نیگەرانی ئەمەن.
 
رووداو: سەبارەت بە بوون بە ئەندامی ناتۆ و رازی بوون بە داواکارییەکانی تورکیا، ئەم حکومەتە بە داواکارییەکانی تورکیا رازی بووە؟ ئەم حکومەتە هیچ جیاوازییەکی هەیە لەگەڵ حکومەتەکەی پێشوو سەبارەت بە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا؟
 
کێنێت فۆشلوند: بڕوا ناکەم جیاوازییەکی زۆر لەنێوان حکومەتی نوێ و ئەوەی پێشوودا هەبێت. ئەوان گوتوویانە دەبێت رێککەوتنی نێوان سوێد و فینلاند و تورکیا جێبەجێ بکرێت. ئەوەیش هەمان پەیامی حکومەتی پێشووە و ئەوانیش گوتیان کە ئەوە بە گوێرەی رێکارە نیشتمانییەکان جێبەجێ دەکرێت. رێکارە نوێیەکان هەر وەکو هەمان ئەوانەی حکومەتی پێشوون. بە نزیکەیی هیچیان نەگۆڕاون. ئەوان هەوڵیان بۆ سەرۆکوەزیران دا. سەرۆکوەزیرانی نوێ پەیامێکی بۆ سەرۆک ئەردۆغان نارد کە پێی خۆشە بە زووترین کات بیبینێت. کاتێک بانگهێشتنامەکەی پێگەیشت، وەزیری نوێی دەرەوەی تازە هەڵبژێردراو گوتی سوێد لەگەڵ تورکیا دەبێت و پەکەکەیش وەکو رێکخراوێکی تیرۆریستی دەناسێنێت کە لە ساڵی 1984ەوە وایە و ئەو سیاسەتانە نەگۆڕاون. ئەو بە روونی پێشانی دا کە ئارەزوویەتی ببێتە ئەندامی ناتۆ و لە شەوێکدا هەموو پابەندییەکان بەدیدەهێنێت. ئەوە کارکردنە لەسەر گریمانە کە حکومەت بە زووترین کات ببێتە ئەندامی ناتۆ.
 
رووداو: هەندێک کەس پێیانوایە ئەم حکومەتە نەرمتر بێت بەرامبەر بە داواکارییەکانی تورکیا بۆ رادەستکردنی ئەو کەسانەی تورکیا داوایان دەکات، بۆچوونی ئێوە چییە؟
 
کێنێت فۆشلوند: وەکو گوتم، ئەوان بە گوێرەی دۆخی ئەوروپا و وڵاتانی دیکە ئەم رێککەوتننامەیەی نێوان سوێد و فینلاند و تورکیا دەپارێزن. من ناڵێم کە ئەمان لە مامەڵەیاندا لەگەڵ تورکیا لە حکومەتی پێشوو سیاسەتی ئاسانکارانەتر دەگرنەبەر، پێموایە هەوڵ دەدەن هەر بە هەمان شێوەی ئەو بن.
 
رووداو: بیلسترۆم، وەزیری دەرەوەی سوێد دەڵێت، بڕیارە لووتکەیەک لەنێوان سوێد و تورکیا لە ئەنقەرە بەڕێوەبچێت و سەرۆکوەزیرانی نوێی سوێد و رەجەب تەیب ئەردۆغان کۆببنەوە، چاوەڕێ دەکرێت ئەو لووتکەیە چ ئەنجامێکی هەبێت؟ ئێوە وەکو ئۆپۆزیسیۆن هیچ نیگەرانییەکتان لەو لووتکەیە هەیە؟
 
کێنێت فۆشلوند: من لەبارەی ئەو لووتکەیەوە هیچ نیگەران نیم. پەیوەندیی بەوەوە هەیە کە چاوەڕوانییەکان چۆن دەبن و، ئەوە بە راستی هەر قسەوباسە. پێموایە دەبێت چاوەڕێ بین و سەیر بکەین.
 
رووداو: وەکو ئۆپۆزیسیۆن و سۆسیال دیموکرات لە پەرلەمان چۆن دەتوانن رێگری لە شتێک بکەن کە لەو حکومەتەدا بە دڵی ئێوە نەبێت؟ ئەو توانا و دەسەڵاتەتان لە پەرلەمان هەیە؟
 
کێنێت فۆشلوند: ئێمە لە لایەنێکی کەمدا دەتوانین کاریگەری لەسەر سیاسەت دابنێین. دەبێت دەستمان بگات بەو حیزبانەی دیکە کە لە حکومەتدا بەشدارن و هەوڵ بدەین پێکەوە چارەسەرێک بدۆزینەوە و خزمەتی زۆربەیان بکات. ئەگەری هەیە ئەوەیش زۆر قورس بێت، بەتایبەتی لەم خولەدا، چونکە ئەو چوار حیزبە کە سیانیان لە حکومەتدان و گەورەترینیان لە حکومەتدا نییە، هەموویان پشتیوانیی حکومەت دەکەن و کاریگەرییان لەسەر سیاسەتی دەبێت. پێموایە ئەو چوار حیزبە پێکەوە دەبن، بەتایبەتی لە سەرەتای ئەم خولەدا. ئیدی ئەوەی بەپێی کات لە داهاتوودا روودەدات سەختە بگوترێت. ئەوانیش کێشەی زۆریان لەپێش دەبێت کە دەبێتە تاقیکردنەوە بۆیان. ئاخۆ ئەو تاقیکردنەوەیە بەردەوام دەبێت یاخود نا، ئەوە گوتنی سەختە، بەڵام ئێمە لە حیزبی سۆسیال دیموکرات سەرنج دەخەینە سەر بوونە ئەندام لە ناتۆ و پەیوەندی لەگەڵ تورکیا. دەبێت هەموو شتێک بەگوێرەی یاسای سوێد و بڕیارە نیشتمانییەکان گرنگیی پێبدرێت. ئەوە ئەرکمان بووە لەناو حکومەتدا و، لە دەرەوەیشدا وەکو ئۆپۆزیسیۆن هەر ئەرکمان دەبێت.
 
رووداو: ئێستا راستڕەوەکان لە زۆرینەی وڵاتانی ئەوروپا دەسەڵاتیان گرتووەتەدەست، ئەمە وڵاتانی دیکەی ئەوروپاش دەگرێتەوە، هۆکاری گەڕانەوەی راستڕەوەکان بۆ دەسەڵات چییە؟
 
کێنێت فۆشلوند: ئەوە شەپۆلێکی پۆپۆلیستییە کە بە سەرانسەری جیهاندا دەگوزەرێت. پێموایە گەلێک هۆکار لەو بارەیەوە هەن. پێموایە ئێستا کۆمەڵگە زۆر ئاڵۆزە و، زۆر سەختە لە کۆمەڵگەیەکی ئاڵۆزتر و جیهانێکی ئاڵۆزتردا داواکاری و پێویستییەکانی دانیشتووان بەدیبهێندرێن. جا ئەوەیش بناخە بۆ حیزبە پۆپۆلیستەکان دادەنێت کە بانگەشەی ئەوە بکەن چارەسەری ئاسانیان بۆ ئەو گرفتە زۆر قورسانە هەیە. زۆربەی خەڵک لە حیزبە نەریتییەکان رازی نەبوون و لەو باوەڕەدا نین کە ئەوان بتوانن چارەسەر بۆ ئەو دۆخە بدۆزنەوە. بۆیە دەچن سەیری حیزبە پۆپۆلیستییەکان دەکەن کە ئەوانیش دەڵێن چارەسەری خێرا و ئاسانیان لایە، بەڵام زۆر جار کاتێک ئەو جۆرە حیزبانە حکومەت دەگرنەدەست، خێرا پیشانی دەدەن کە ناتوانن ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکەن کە بۆ دەنگدەرانیان بەرباس خستبوو. بۆیە ئەوە شەپۆلێکە بە جیهاندا دەگوزەرێت و، لەو بڕوایەدام کە حیزبە دیموکراتەکان بە جۆرە جیاوازەکانیەوە دەبێت لەبارەی چۆنێتیی چارەسەرکردنی ئەم شەپۆلی پۆپۆلیستییە و راستڕەوەکانەوە زۆر بە جیددی دەست بە بیرکردنەوە بکات. دەستپێشخەری بکات بۆ گفتوگۆی سیاسی و گەشەدان بە کۆمەڵگە.
 
رووداو: وەکو خۆت ناوت لێناون، هاتنی ئەو پارتە پۆپۆلیستانە بۆسەر دەسەڵات لە ئەوروپا، کاریگەریی دەبێت لەسەر شەڕی ئۆکراینا و رووسیا؟ بەتایبەت ئەوان وا دەرناکەون دژی رووسیا بن؟
 
کێنێت فۆشلوند: ئەوە قورسە کە بگوترێت هیچ جۆرە کاریگەرییەکی لەسەر هەڵوێستی ئەوروپی لەبارەی شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دەبێت و، ئەگەری هەیە هەندێک لەم حیزبە پۆپۆلیستانە پەیوەندییان لەگەڵ سیاسەت و حکومەتی رووسیا هەبێت و بەشە پارەیەکیان بدەنێ. ئێستا هەڵکشان هەیە کە دەکرێت کاریگەریی لەسەر سیاسەتی ئەم ناوچەیە هەبێت. سەختە ئەوە بگوترێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە ناتوانرێت رەتیش بکرێتەوە. ئەوە شتێکە دەبێت بە راستی چاوت لەسەری بێت و گفتوگۆی بکەیت و سەرنج بخەیتە سەر بڕیارەکان.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە